فه‌رهاد حه‌مزه
سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران له كۆمپانیای نه‌وتی باكوور
بۆچی له رابردوودا نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خی حكومه‌تی عێراق نه‌بووه؟
( مه‌به‌ست له وشه‌ی رابردوو ماوه‌ی نێوان ساڵی 1927 تا ڕاپه‌رینی 1991 ) ه
لای هه‌مووان ئاشكرایه كه له ساڵی (1927) ه‌وه نه‌وت له شاری كه‌ركوك دۆزراوه‌ته‌وه‌و به سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی پیشه‌سازی نه‌وت له عێراقدا ده‌ژمێردرێت ، له‌و كاته‌وه تا ڕاپه‌رینی ساڵی 1991 چه‌ندین ده‌سه‌ڵات له عێراق هاتوونه‌ته سه‌ر حوكم به سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی پاشایه‌تی و كۆمارییه‌وه ، هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وتدا یه‌ك رێچكه‌یان گرتبووه به‌ر هه‌موویان له ڕووی ئیداره‌دانی كه‌رتی نه‌وته‌وه عێراقیان وه‌ك یه‌ك یه‌كه‌ی ئیداری به‌بێ جیاوازی سه‌یر كردووه .
له‌سه‌رده‌می حوكمی پاشایه‌تی دا كۆمپانیای نه‌وتی عێراق IPC)) كه ئینگلیزه‌كان باڵا ده‌ست بوون تیایدا زۆربه‌ی خاكی عێراقی ڕوو پێ‌و (مسح) كرد پاشان له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كانی دوایاندا جارێكی تر په‌ڕه‌ی پێ دراوه و توانراوه سه‌دان ستراكچه‌ری جیۆلۆجی بدۆزرێته‌وه كه ئێستا ژماره‌یان 570 دانه‌یه . دواتر له هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا له یه‌كێك له‌و ستراكچهرانه بیری نه‌وتیان تێدا هه‌ڵكه‌ندووه سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان (ئه‌مه له كاتێك دایه شاری كه‌ركوكمان خستۆته ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه‌ی كوردستانه‌وه) له كۆڕمۆڕ 8 بیر ، له چه‌مچه‌ماڵ 2 بیر ، ته‌قته‌ق 3 بیر هه‌ڵكه‌نراون . هه‌موو ئه‌م بیرانه له چوارچێوه‌ی كێڵگه دۆزراوه‌كان ( الحقول المكتشفه) به جێهێلدراون بۆ كاتی خۆی به پێی ئه‌و پلانه زانستییه‌ی دارێژرابوون.
كێڵگه نه‌وتیه‌كان
تا ناوه‌راستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ته‌ركیزی هه‌موو به‌رهه‌مهێنانی عێراق له‌سه‌ر كێڵگه‌ی كه‌ركوك و بای حه‌سه‌ن و ڕومێله و زوبێر چڕ ببوه‌وه ، ئه‌م چوار كێڵگه‌یه زۆر مه‌زن بوون كه یهدهكیان خۆی له په‌نجا ملیار به‌رمیل ده‌دا وبه‌شی هه‌موو عێراقیان ده‌كرد هه‌ر له به‌كاربردنی ناوخۆوه تا هه‌نارده‌كردنی نزیكه‌ی 4 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا ، ته‌نها له كه‌ركوك له ساڵی 1979 رۆژانه ملیۆنێك و شه‌ش سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرا ئیتر چ پێویست ده‌كات ده‌ست بۆ كێڵگه‌ی تر ببرێت .
كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم هه‌موویان بچوكن و یهدهكیان كه‌مه له چاو ئه‌و كێڵگه زهبهلاحانهوه كۆمپانیاكان ئاماده‌نین مه‌سره‌فێكی زۆری تێدا بكه‌ن چونكه پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ته‌نها بیر هه‌ڵكه‌ندن نییه به‌ڵكو پێویسته به بۆڕی بگه‌یه‌نرێنه (وێستگه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی غاز /Degasing station ) پاشان وێستگه‌ی كه‌پسی غاز دواتر وێستگه‌ی چارهسهرگردنی نه‌وته‌كه له دواییدا گه‌یاندنی بۆ پاڵاوگه‌كان ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێته‌وه به بۆری له رێگه‌ی نزیكترین خاڵه‌وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت .
هه‌موو كاتێك سه‌ر پهرشتیارانی پرۆسه‌ی نه‌وت له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا زانستیانه سه‌یری پرۆسه‌كه‌یان كردووه و (جدوی الاقتصادی ) یان خستۆته به‌ر چاو تا چ ڕاده‌یه‌ك سوودمه‌ند ده‌بێت .
كه‌واته پرۆسه‌ی به ده‌ست هێنانی به‌روبومه نه‌وتییه‌كانی وه‌ك به‌نزین و نه‌وتی سپی …….هتد پرۆسه‌یه‌كی زۆر فراوانه و به چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕ ده‌بێت پێویستی به رووبه‌رێكی فراوانی زه‌وی هه‌یه كه‌واته لێره‌وه ده‌توانین بڵێین ده‌رنه‌هێنانی نه‌وت له كۆردستان له‌به‌ر بچووكی كێڵگهكانه و كاتی ده‌ست بۆ بردنی زۆری ماوبوو . بۆ سه‌لماندنی وته‌كانمان ده‌بینین قوببه‌ی خورماڵه كه دهكهویًته سنووری پارێزگای هه‌ولێره‌وه په‌ڕه‌ی پێدراوه و له به‌رنامه‌ی حكومه‌تی عێراقدا بوو چه‌ند كۆمپانیایه‌كی بیانی بهێنێ و به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیاد بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م قوببهیه قه‌باره‌كه‌ی گه‌وره بوو شایه‌نی ئه‌وه هه‌بوو كه مه‌سره‌فی لێ بكرێت ، له‌ساڵی 2008 به‌دواوه حوكمه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه .
كێڵگه غازییه‌كان
سه‌باره‌ت به غازیش ئاشكرایه هه‌ردوو كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ له راپۆرتی كۆتایی (Final report) كۆمپانیای IPC دا باس له بوونی برێكی باش غاز ده‌كات و یه‌ده‌كی هه‌ردووكیان به 3,9 ترلیۆن پێ سێ جا (SCF)له قه‌ڵه‌م ده‌دا ، به‌ڵام ده‌بینین له هیچ سه‌رده‌مێكدا كاری پێنه‌كراوه و به ده‌ست لێنه‌دراوی ماونه‌ته‌وه وه‌ك كێڵگه‌یه‌كی دۆزراوه (حقل مكتشف) چونكه به‌رهه‌می غاز له كێڵگه نه‌وتیه‌كانی تری عێراق به كه‌ركوكیشه‌وه ئه‌وه‌نده زۆر بوو به‌شی هه‌موو عێراقی ده‌كرد به زیاده‌وه .
بۆ زانیاریتان له 27 ی ئازاری 1967 تورگوت ئۆزال كه ئه‌و كاته ڕاوێژكاری توركیا بوو ( پاشان بوو به سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار ) داوای گفتوگۆی له عێراق كرد سه‌باره‌ت به هه‌نارده كردنی غازی سروشتی بۆ توركیا به بڕی 600 ملیۆن پێ سێ جا له رۆژێكدا له 6 ی نیسانی هه‌مان ساڵ پرۆتۆكۆلێك ئیمزا كرا تا غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ و غازی تواوه‌ی ناو نه‌وت هه‌نارده‌ی توركیا بكرێت ، دواتر كۆمپانیای (بكتڵ) ی ئه‌مریكا ڕاسپێردا بۆ ته‌واو كردنی توێژینه‌وه ئابووری و هونه‌رییه‌كان به‌ڵام له كۆتاییدا شكستی هێنا له‌به‌ر هۆكاری هونه‌ری و ئه‌منی .
پاڵاوگه
تا ساڵی 1927 هیچ پاڵاوگهیهك له خاكی عێراقدا بوونی نه‌بووه به‌روبومه نه‌وتییه‌كانیش له پاڵاوگه‌ی عهبادانی ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرا . یه‌كه‌م پاڵاوگه له عێراق له شاری خانه‌قین به ناوی (ئه‌ڵوه‌ند) له ساڵی 1927 دامه‌زرا دواتر له شاره‌كانی به‌سره و به‌غدا و كه‌ركوك پاڵاوگه‌ی تر دامه‌زرێنرا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی وڵات له به‌روبومه نه‌وتییه‌كان .
تا كاتی راپه‌رینی ساڵی 1991 هیچ پاڵاوگهیهك له هه‌رێمی كوردستان بنیات نهنرابوو چونكه هیچ كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی په‌ره پێدراوی نه‌بوو ئیتر پاڵاوگه له كویوه نه‌وتی بو بهێنرێت ، له هه‌ردوو شاری موسڵ و ئه‌نباریش پاڵاوگه بنیات نهنرابوو ، له موسڵ پاڵاوگهیهك دامه‌زرابوو كه به نه‌وتی قورسی كێڵگه‌ی (گه‌یاره ) كاری ده‌كرد كه ته‌نها ئه‌سفه‌لت ی به‌رهه‌م ده‌هێنا.
تا ساڵی 1983 و 1984 كه پاڵاوگه‌ی بێجی دامه‌زرا هه‌موو پارێزگاكانی باكووری عێراق له پاڵاًوگهی دۆره‌ی شاری به‌غداوه سووته‌مه‌نیان بۆ ده‌هات له شاری كه‌ركوكیش پاڵاوگه‌یه‌كی بچو‌وكیش هه‌بوو كه‌له توانای دابوو نه‌وتی سپی و گازوایل به‌رهه‌م بهێنێت .
شاره‌زایانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی پاش دركردن به وه‌ی پارێزگاكانی باكووری عێراق پێویستیان به پاڵاوگه هه‌یه ئه‌و كات شارۆچكه‌ی بێجیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ڵبژارد چونكه جێكهوتهكهی ستراتیجی بوو بۆ دابین كردنی ئاو نزیك بوو له رووباری دیجله‌وه له هه‌مان كاتدا ده‌یتوانی به نه‌وتی كه‌ركوك و نه‌وتی به‌سره كار بكات هه‌ر كامێكیان په‌كی بكه‌وتایه نه‌وتی له‌وی تر وه‌رده‌گرت ، ئه‌م پاڵاوگه‌یه زۆر گه‌وره بوو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وێنه‌ی نه‌بوو له توانای دابوو رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت پاڵاوته بكات كه به‌شی پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و موسڵ و كه‌ركوك و سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێری ده‌كرد .
ئه‌نجام
كه‌واته یه‌كه‌مین فاكته‌ر له نه‌بوونی پیشه‌سازی نه‌وت له كوردستان بچووكی و كه‌م به‌رهه‌می كێڵگه نه‌وتییه‌كانه كه (جدوی اقتصادی ) نییه ، نه‌بوونی به‌رهه‌می غازیش هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و كاته بایه‌خی غاز له هه‌موو جیهاندا نه‌ك ته‌نها عێراق ئه‌وه‌نده نه‌بوو .
فاكته‌رێكی تریش كه تا راده‌یه‌كی باش گیراوه‌ته به‌رچاو ئه‌ویش فاكته‌ری ئه‌منییه بێگومان له ساڵی 1961 ه‌وه له كوردستان شۆرشێكی چه‌كداری به‌رپا كراوه و سهقالمگیری له كوردستاندا نه‌هێشتبوو ئه‌و كاته هیچ كۆمپانیایه‌كی بیانی ئاماده نییه له شوێنێكی نا ئارام‌دا كار بكات و پاره‌ی خۆی بخاته مه‌ترسییه‌وه ، ئه‌گه‌ر تا ساڵی 1961 ته‌نها هۆكاری ته‌كنیكی ڕێگر بووبێت له پێش بنیاتنانی پیشه‌سازی نه‌وت له كوردستان ئه‌وا له ساڵی 1961 به‌دواوه كه شۆرشی كوردی تێدا هه‌ڵگیرسا هۆكاری نه‌بوونی ئارامی و سهقامگیریشی هاته سه‌ر.