فاینەنشاڵ تایمز
- ئەم پەرەسەندنە لە تۆڵەی دەستبەسەرداگرتنی بارێکی نەوتی خاوی ئێرانە لەلایەن ئەمریکاوە.
- گەرووی هورمز گرنگترین هێڵی کەشتیوانی نەوتی جیهانە، نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو بارەکانی نەوتی خاوی دەریایی ناچارن بەو گەرووە ئاویە تەسکەدا بڕۆن
رۆژی چوارشەممە هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستی بەسەر دووەم کەشتیی نەوتهەڵگردا گرتووە، ئەمەش گرژییەکان لە یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی کەشتیوانی جیهان زیاد دەکات، ئەم پەرەسەندنەی تاران لە تۆڵەی دەستبەسەرداگرتنی بارێکی نەوتی خاوی ئێرانە لەلایەن ئەمریکاوە.
هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی نیۆفی ئاڵای پەنەمای هەڵکردووە، لە دوبەیەوە بەرەو بەندەری فوجەیرەی ئیمارات لە کەنداوی عومان دەڕۆیشت و لە لایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەیان بەلەمی هێرشبەری خێرای سوپای پاسدارانی ئێران رێگرییان لە کەشتیەکە کردووە لە ناوەڕاستی گەرووی [هورمز]دا و “کەشتییە نەوتهەڵگرەکەیان ناچارکردووە ڕێڕەوی خۆی پێچەوانە بکاتەوە” بەرەو کەناراوەکانی ئێران.
گەرووی هورمز گرنگترین هێڵی کەشتیوانی نەوتی جیهانە، نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو بارەکانی نەوتی خاوی دەریایی ناچارن بەو گەرووە ئاویە تەسکەدا بڕۆن کە ئێران لە دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداو جیادەکاتەوە.
ئێران هەفتەی ڕابردوولە کەنداوی عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردبوو کە لە کوێتەوە بەرەو ئەمریکا دەڕۆشت و لەلایەن کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکاوە بەکرێ گیرابوو. کەشتییەکە ئێستا لە بەندەر عەباسی ئێران ڕاگیراوە.
کاربەدەستانی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزیان ڕاگەیاند کە پێیان وایە دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی ئەدڤانتەج سویت Advantage Sweet لە هەفتەی ڕابردوودا تۆڵەسەندنەوە بووە، دوای ئەوەی ئەمریکا بە فەرمانی دادگا دەستی بەسەر بارێکی نەوتی ئێرانیدا گرت و ئاڕاستەی کردەوە بۆ ئەوەی بەرەو ئەمریکا بڕوات. ئەو تانکەرە کەناوی کەشتیی سوێز ڕاجانە، ڕۆژی سێشەممە لە شوێنهەڵگرەوەکانی مانگی دەستکرددا دەرکەوتەوە و بەئاڕاستەی” رأسالرجاء الصالح” بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشتووە.
میدیاکانی ئێران باسیان لەوە نەکردووە کە بۆچی دوایین دەستبەسەرداگرتن ڕوویداوە بەڵام ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەیە، لە زاری داواکاری گشتی تارانەوە ڕایگەیاندووە کە بە فەرمانی دادوەری ڕوویداوە.
ئەو وێنانەی کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە کەشتیی نیۆڤی لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیدا بەتاڵ بووە، چونکە لە ئاوەکەدا نەنیشتووە بەڵکو بەرزبووە. نەوتهەڵگرێک کاتێک پڕ بێت لە نەوتی خاو بەشی بنەوەی دادەبەزێتە ناو ئاوەکە.
ئەمریکا لە دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران ساڵی ٢٠١٨ەوە هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی کردۆتە ئامانج سزای سەپاندووە بەسەردا. بەڵام لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا هەناردەکردن لە ئێرانەوە بەرزبووبووەوە، شرۆڤەکاران گومانی ئەوەیان هەبوو کە ئەمریکا مامەڵەیەکی نەرمتر لە جێبەجێکردنی سزاکان دەکات، لەکاتێکدا دەجەنگێ بۆ دابەزاندنی نرخی وزە دوای لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
لەگەڵ دابەزینی نرخی وزە لە چەند مانگی ڕابردوودا، کۆشکی سپی کەوتۆتە ژێر فشاری یاسادانەرانی ئەمریکا بۆ ئەوەی هەنگاوی توندتر بگرێتەبەر دژی ئێران.
سەرەڕای مەترسی دەستبەسەرداگرتنی تانکەرە نەوتییەکان، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکان سەبارەت سستی ئابووری جیهان. ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت، کە پێوەرێکی نێودەوڵەتییە، بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئازارەوە بۆ ٧٢ دۆلار دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسیش بۆ بە ٦٨ دۆلار و ٢٧ سەنت دابەزی.
شرۆڤەکارانی وزە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر دەستبەسەرداگرتنی تانکەرەکان لەلایەن ئێرانەوە زیاد بکات و بەردەوام بێت ئەوا مەترسی پەککەوتنی ڕۆیشتنی نەوت زیاددەکات، بەڵام تا ئێستا چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی توند لە واشنتۆن ناکەن. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی دابەزاندنی نرخی بەنزین دەدات بۆ پاڵپشتی ئابووری وڵاتەکەی و دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی داهاتوودا.
ڕەعد ئەلقادری لە گروپی ئۆراسیا دەڵێت: کۆشکی سپی نایەوێت هەنگاوێک بنێت کە مەترسی بۆ جووڵەی نەوت لە کەنداودا دروست بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر نرخی نەوتی خاو دەیبێت.
تانکەری نیۆڤی کە ڕۆژی چوارشەممە دەستی بەسەردا گیراوە، کەشتییەکی زۆر گەورەی نەوتی خاوە VLCC ، توانای هەڵگرتنی زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیلی هەیە. کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای کەشتیوانی یۆنانی بەناوی Smart Tankers بەڕێوەدەبرا. ئاتاناسیۆس پاپایاننۆپۆلۆس کە بەرپرسی چاودێریکردنی کارکردنی سەلامەتی کەشتییەکەیە، وتی لەو کاتەوەی هێزەکانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کۆمپانیاکە نەیتوانیوە پەیوەندی لەگەڵ تیمی کەشتییەکەدا دروست بکات.
تیمی کەشتییە نەوتییە دەست بەسەرداگیراوەکان لەلایەن ئێرانەوە بە گشتی مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ کراوە و لە کۆتاییدا ئازادکراون. مارک کلارک، وتەبێژی بەڕێوەبەرانی کەشتیی ئەدڤانتەج سویت ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی هەفتەدا توانیویانە پەیوەندی لەگەڵ تیمەکەیدا دروست بکەن کە زۆرینەیان هیندین و بارودۆخیان باشە.
بەدواداچوونی مانگی دەستکرد دەریخستووە کە کەشتی نیۆڤی Niovi VLCC لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە کەناراوەکانی دوبەی لەنگەری گرتبوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کاری چاککردنەوەی بۆ کراوە، پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بەرەو فوجەیرە ، کە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ بارکردنی سووتەمەنی لە ناوچەکەدا.