وێستگهنیوز- ئهلجهزیره ئینگلیزی
لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی و بنکۆڵکاریی کەناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزییدا كه لێرهدا وێستگه نیوز ناوهرۆكهكهی وهرگرتووهو ، پێنج ڕۆژنامەنووس ئامادەیان کردووە (ئالانا تراڤێرس، کوێک سێر کوانگ کێنگ، ستێلا مارتانی، کرستینا لاست و تۆم براون)، زانیاریی و داتای زۆر وردی تێدایە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە و سووتاندنی غازی نەوتی پاڵێوراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەولێر و دهۆک کە زۆرینەیان هی کۆمپانیای (کارگرووپن).
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لەو پارێزگایانەی کێڵگەی نەوتیان تێدایە و دووکەڵی سووتانی غازی نەوتی پاڵێوراو دەکرێتە بەرگە هەواوە؛ ڕێژەی تووشبوونی دانیشتووانی نزیکی ئەو پاڵاوگانە بە شێرپەنجە دوو هێندە زیادی کردووە لەوکاتەوەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم کارکردنیان دەست پێ کردووە.
سووتانی غازی نەوتی پاڵێوراو دیاردەیەکی بەربڵاوە لە هەموو کێڵگە نەوتییەکانی عێراق، هەموو پرۆسێسێکی پاڵاوتنی نەوت بڕێکی بەرچاو غازی تێدایە کە ئەگەر فلتەر نەکرێت یان کۆنتڕۆڵ نەکرێت و بەکارنەهێنرێتەوە؛ لە شێوەی ستوونێکی بەرزی ئاگر بەهەوادا دەڕوات و دووکەڵێکی زۆری لێ دەردەچێت و کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی لەسەر ژینگە و تەندرووستیی دانیشتووانی نزیک پاڵاوگەکان و هەروەها ئابووریی وڵاتیش دەبێت.
تەرکیزی سەرەکیی ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرە لەسەر شوێنە هەرە نزیکەکانی ئەو کێڵگە نەوتییانەیە و بەدیارییکراوییش کەمپی ئاوارەکان و لەناویشیاندا کەمپی (کەوروگۆسک)ـە. لەو کەمپە کەیسی ژنێکی ئاوارەیان وەرگرتووە کە ساڵی ٢٠٢٠ تووشی شیرپەنجەی مەمک بووە، بەڵام ئەو ژنە (کە بە ناوی خوازراوی شیرین ئاماژەی پێ دراوە) تەنیا تووشبووی شێرپەنجە نییە لەو کەمپەدا و لە هەمان ماوەدا نۆ ژنی دیکەش تووشی شێرپەنجە بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا پزیشکە کوردەکانی هەرێمی کوردستان (کە لەبەر ترسی سزادان کەسیان ئامادە نەبوون ناویان بهێنرێت) ئاماژەیان داوە بەوەی کە پێدەچێت پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان سووتانی غازی پاڵاوگەکانی نەوت و بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەدا هەبێت. (پاڵاوگەکەی نزیک کەمپی کەوروگۆسک هی کۆمپانیای کارگرووپ)ـە کە بەپێی ڕاپۆرتەکە گەورەترین کۆمپانیای وزەی کەرتی تایبەتە لە عێراق، ڕۆژنامەوانەکان بۆ وەرگرتنی لێدوان پەیوەندییان بەو کۆمپانیاکەوە کردووە بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.
ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرە ئاماژەی بە توێژینەوەی گۆڤارێکی زانستیی داوە کە باسی ئەوەی کردووە تەنیا لەنێوان ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٩)؛ کە دەسپێکی پیشەسازیی نەوت و گەیشتنە لووتکەی بەرهەمهێنانیەتی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیی دوای ساڵی ٢٠١٤، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە و تەنگەنەفەسیی و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆک دوو هێندە زیادی کردووە.
لۆرا کۆشینگ، کە زانایەکی بواری تەندرووستیی و پزیشکییە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس (UCLA)، بە پشتبەستن بە تازەترین توێژینەوەکان، هەموو ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی لە ئەنجامی سووتانی غازی نەوتی پاڵێوراوەوە درووست دەبن بۆ کەناڵەکە باس کردووە. کۆشینگ ئاماژەی داوە بەوەی کە بەنزین ماددەیەکی بەهێزی شێرپەنجەییە و دەبێتە هۆی شێرپەنجەی خوێن.
کۆشینگ ساڵی ٢٠٢٠ سەرۆکایەتیی توێژینەوەیەکی زانکۆی (UCLA)ـی کردووە سەبارەت بە کاریگەریی غازی سووتاوی نەوتی پاڵێوراو؛ توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو ژنانەی دووگیانن و لە نزیک پاڵاوگەکانی نەوت دەژین کە فلتەری غازەکەیان ناکەن یان بە سووتاندن فڕێی دەدەنە هەواوە، بە ڕێژەی ٥٠% مەترسیی لەدایکبوونی پێشوەختەیان لێ دەکرێت بەراورد بەو ژنانەی هیچ بەرکەوتەیەکیان نییە بەو غازە سووتاوە.
هەر ئەوەندە نا، توێژینەوەکە سەلماندوویەتی کە کاریگەریی ئەو غازە سووتاوە بۆ دانیشتووانی نزیکی پاڵاوگەکان زیان بە مۆخی ئێسک دەگەیەنێت، بەرکەوتووانی درێژخایەنی ئەو غازە هەمیشە هەست بە لاوازیی و ماندووبوون دەکەن، لەگەڵ کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان، هەروەها زۆرتر تووشی خوێنبەربوون دەبن و چاکبوونەوەش کاتێکی زیاتری دەوێت.
ڕاپۆرتە پزیشکییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەموو کاریگەرییە خراپەکانی ئەو غازە سووتاوەیان لە ناوچە نزیکەکانی پاڵاوگەکانی هەولێر و دهۆک بەدی کردووە، ڕاوپۆرتەکە ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەیەکی (گڵۆباڵ پیدیاتریک هێڵپ) داوە کە ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان لەنێو منداڵانی خوار تەمەنی (15) ساڵدا نزیکەی دوو هێندە زیاترە لەو ناوچانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات بەراورد بە ئێرانی دراوسێ.
حکوومەتی هەرێم پاش ئەوەی ڕووبەڕووی چەندان ڕاپۆرتی تەندرووستیی شۆکهێنەر و ڕەخنەی تووندی ناوخوۆیی و دەرەکیی بووەوە، ڕێنمایی دایە کۆمپانیاکانی نەوت کە هەتا مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ قۆناغ بە قۆناغ غازی سووتاوی نەوتی پاڵێوراو کەم بکەنەوە و لەماوەی ١٨ مانگدا بە تەواوەتیی کۆنتڕۆڵی بکەن.
بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرە و دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر ئەو ماوەیەدا “پێدەچێت ئاستی غازە سووتاوەکە تاڕادەیەکی زۆر وەک خۆی مابێتەوە”، ئەمەش هەر بە خەمڵاندن نا، بەڵکو بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی مانگی دەستکرد کە لە ساڵی ٢٠١٨ تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ چاودێریی کێڵگە نەوتییەکانی عێراقیان کردووە وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش کە لەلایەن ڕێکخراوێکی ژینگەییەوە سەرپەرشتی کراوە، لەو ڕاپۆرتەدا هەولێر و گوندەکانی دەوروبەریی و کەمپی کەورگۆسک و لالش، لەو ناوچانە بوون کە زۆرترین بڕی غازی سووتاوی تێدا تۆمار کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا هیچ هەوڵێکی جددیی نەداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو غازە سووتاوە، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کەناڵەکەی وتووە کێشەکانی هەرێم و بەغداد ڕێگر بوون لەوەی ئەو وادەیەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غازە سووتاوەکە دانراوە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و بەغداد و بڕیارەکەی دادگای پاریس کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوتی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، ئینجا ئاماژە دراوە بەوەی عێراق ساڵی ٢٠٢٤ی وەکو دوا وادە دیاریی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی غازی سووتاوی نەوتی پاڵاوگەکان، بەڵام هێشتا نازانرێت حکوومەتی هەرێم بەو وادەیەوە پابەند دەبێت یان نا، ئینجا دیاریش نییە کە ئایا حکوومەتی عێراق هەرێمیش پابەند دەکات بە کۆتاییهێنان بەو بابەتە لە هەمان وادەدا یاخود نا.
حکوومەتی هەرێم پابەندە بە کۆتاییهێنان بە سووتاندنی غاز و مەسروور بارزانیی بەشەخسیی هانی ئەوە دەدات بەڵام لەحاڵی جێبەجێنەکردنیدا هیچ ڕێکارێک بۆ ئەو کۆمپانیایانە دیاریی نەکراوە.
سەبارەت بە داتا تەندرووستییەکانی ئەم بوارەش لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “حکومەتی هەرێم ڕێکاری توندی بۆ نەخۆشخانەکان داناوە لەپێناو پێشکەشکردنی داتای تەندروستی گشتیی لە هەرێم. چەندین بەرپرسی تەندرووستیی و پزیشک کە بڕیاریان دابوو (قسەمان بۆ بکەن) لەبارەی کێشەکانی هەناسەدان بە هۆی سووتانی غازەوە؛ لە کۆتا خولەکدا پاشگەزبوونەوە، ئەوان دەڵێن ئەگەر لەو بارەیەوە قسە بکەن بەتوندی خۆیان دەخەنە بەر مەترسیی سزادانەوە”. محەمەد (کە ناوێکی خوازراوە بە کەناڵەکەی وتووە: “خەڵک دەترسن، پەنابەران ترسیان لەوەیە ئەگەر بە ئاشکرا باسی بابەتەکە بکەن لە کەمپەکان دووربخرێنەوە، بەرپرسانی پزیشکییش زۆر لە داهاتووی کارەکانیان دەترسن”.
کەناڵەکە هەوڵی داوە ڕێژەی سووتانی غازی نەوتی پاڵێوراوی هەرێم بزانێت وەکو ئەوەی لە عێراق هەیە، بەڵام کۆمپانیاکانی وەک (کارگرووپ) کە وەکو پێشتر ئاماژەی پێ درا لەڕێی مانگی دەستکردەوە هەتا کۆتایی ساڵی ڕابردوو وێنەی سووتاندنی غازی کێڵگەکانی وێنە گیراوە، هێشتا ئامادە نییە ئاشکرای بکات کە لە پرۆسێسی پاڵاوتنی نەوتدا بڕی چەند غاز دەسووتێنێت و باسی هیچ هەوڵێکیش ناکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو سووتاندنە.
سەبارەت بە پابەندنەبوونی کۆمپانیاکانی هەرێم بە وادەی کۆنتڕۆڵکردنی سووتاندنی ئەو غازە، لاوک غەفووریی، بەرپرسی کاروباری میدیای دەرەکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو ڕێنماییە “هێشتا کاری پێ دەکرێت، بەڵام بڕێک “وردە درێژکردنەوەیەک” بۆ هەندێک کۆمپانیا کراوە کە “پاساوی درووستیان” هەبووە لە دواکەوتنی پابەند بوون بەو وادەیەوە. غەفووریی وتوویەتی: “ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکە تێچووی زۆری دەوێت و پێویستی بە دیزاین و پلانی درووست هەیە، کە لە بەرامبەردا کاتێکی زۆری دەوێت”.
لنیکی بابەتەکەی جەزیرەی بەزمانی ئینگلیزی:
https://www.aljazeera.com/features/2023/4/19/refugees-claim-gas-flaring-cancer-link-northern-iraq