یادگار سدیق گەڵاڵی
ئەوەی من تێناگەم حکومەت چۆن پارەی نییە لە کاتێکدا تا راوەستانی هەناردە بەردەوام نەوتی فرۆشتووە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە هەرێم (IOCs) شایستەی مانگی ١٠ تا وەستانی هەناردەیان وەرنەگرتووە کە ٦ مانگ دەکات, گەر حکومەت ئەو شایستانەی نەداوە (باسی شایستەی گواستنەوە ناکەین گریمان دراوە چونکە هێچ زانیاری بەردەست نییە) ئەی ئەو پارانە چیان لێهاتووە؟
لەوانەیە بڵێن گەڕانەوەی داهاتی نەوت کاتی پێویستە، لەوەڵامدا دەڵێین ئەی بۆ کاتێک کۆڤید بڵاوبوویەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی مانگانە بەبێ دواکەوتن دەدا و هیچ کێشەی نەبوو لە کاتێکدا نرخی نەوت زۆر نزم بوو وەداهاتی حکومەتیش زۆر کەم بوو!
هەرچەند پاشتر لەساڵی ٢٠٢١دا میکانیزمی شایستەی کۆمپانیاکان گۆڕا لە مانگانەوە بۆ ٢ مانگ دوای فرۆشتن و پاشتر بۆ ٣ مانگ دوای فرۆشتن شایستەی کۆمپانیاکان بدرێت.
هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە تاوەکو ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ نەوتی هاناردەکردووە و فرۆشتوویەتی ، تەنانەت نرخی نەوتی هەرێم دیارە کە ئەومانگانە بەچەند فرۆشتوویەتی. هەروەهابەشێکی زۆری کڕیارەکانیشی دیارن. وە لەماوەکانی ڕابووردوودا کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاشکرایان کردووە کە شایستەی چ مانگێکیان وەرگرتووە لە کێڵگەکانی( تاوکی،فیشخاپور، باشیک، سەرسەنگ، شێخان، ئەتروش ،سەرتە، تەق تەق وە هەلێر) گەر بۆ ئەم کێڵگانە راستبێت کەواتە بۆ کێڵگەکانی تریش و کۆمپانیاکانی تریش ڕاستە.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت دەڵێن شایستەی ٦ مانگی فرۆشی نەوتیان وەرنەگرتووە ، حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ ئەوەی شایستەی ئەو کۆمپانیایانەی نەداوە بەڵام کێشەی دابینکردنی مووچەی هەیە!
لە ساڵی ٢٠٢٢ دا حکومەتی هەرێم ١٠ گوژمە پارەی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی داوە لە مانگی تشرینی یەکەم٢٠٢١ تا تەموزی ٢٠٢٢. وە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا دوو گوژمە شایستەی داوە بە کۆمپانیاکان بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢. واتە کۆمپانیا نەوتییەکان شایسەتەی مانگی تشرینی یەکەم تا کۆتای ئازاری ٢٠٢٣ یان هێشتا وەر نەگرتووە .
تەنها نەوتی بەرهەم هاتوو وە فرۆشراوی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ (١ی تشرینی یەکەم تا ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢) بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت کە حکومەتی هەرێم خۆی بڵاوی کردووەتەوە بریتی بووە لە ٤٠ ملیۆن و ١٧٥ هەزار و ١٨٦ بەرمیل نەوت وە داهاتی ئەو ماوەیەی فرۆشی نەوت هەر بەپێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت بریتی بووە لە ٢ ملیار ٤٥٢ ملیۆن و ٧٢٣ هەزار و ٥٥٣ دۆلار. تێکڕای پارە دان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت رێژەکەی لەماوی ساڵی ٢٠٢٢ دا ٣٧.٣١٪ ی هەموو داهات بووە ( لە چارەکێکەوە بۆ چارەکێک گۆڕاوە بەڵام ئێمە تێکڕای ساڵەکەمان وەرگرتووە) کە بە وپێیە بێت زیاترلە ٩١٥ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت بووە کە وەرنەگیراوە. (سەیری خشتەی ژمارە ١ بکە )
گەر لە مانگی کانوونی دووەم و شوبات دا تێکڕای فرۆشی رۆژانە ٤٣٠ هەزار بەرمیل دابنێین وە مانگی ئازار بە ٤٠٣ هەزار وە نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم ٦٧ و ٧١ دۆلار و ٦٧ بووبێت بەدوای یەکدا بۆ ئەو مانگانە ئەوا داهاتی فرۆش بریتی بوون لە ٨٩٣ ملیۆن و ٨٥٤ ملیۆن دۆلار و مانگی ئازاریش ٧٣٥ ملیۆن دۆلار وەکو لەخشتەکە دا دیارە و پشکی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت لە چارەکی ١ی ساڵی ٢٠٢٣ بریتی بووە لە زیاتر لە ٢٦ ٩ملیۆن دۆلار ( سەیری خشتەی ژمارە٢ بکە)
کەواتە تەنها ئەو پارەیەی کە بەرهەمهێنەرانی نەوت وەریان نەگرتووە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بریتییە لە نزیکەی ١ ملیار و ٤٨١ ملیۆن دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە ٢.٤ ترلیۆن دینار بەنرخی فەرمی، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت خەرجی ٢ مانگی هەرێمی پێ پڕبکرێتەوە ، ئەمە تەنها ئەو پارەیەیە کە نەدراوە بە کۆمپانیاکانی نەوت لە داهاتی فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیە جگە لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی باج و رسوماتی ناوخۆ. من تێناگەم ئیتر بۆ هەرێم ناتوانێت بەبێ قەرزکردن مووچە دابین بکات؟ گەر کۆمپانیاکان ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە کە خۆیان دەڵێن وەرمان نەگرتووە، ئەی ئەو پارە بۆ کوێ چووە و چی لێهاتووە؟ لەچیدا و چۆن خەرج کراوە؟
ئەم پرسیارانە پرسیاری جدین و پێویستیان بە روونکردنەوەی وورد هەیە. کاتێک باسی نەمانی متمانە دەکەین لە خۆوە نییە بەڵکو لە بێدەنگی هەڵبژاردنی حکومەتە لە پرسیارە کەڵەکەبووەکان کە گومانەکان بەرەوە یەقین دەبات. چ پرسیارێک لەسەر داهات و خەرجی دەکەین بەرد بێتە گۆ حکومەت نایەتە گۆ. خۆش ئەوەشە هەردەشڵێن شەفافین و منیش نازانم بۆ تێناگەم…