لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا سعودیە و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنی نەوتی هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانیان بە ڕێژەی نزیکەی یەک ملیۆن و ١٦٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند، بە وتەی خۆیان ئامانجیان پاڵپشتیکردنی سەقامگیری بازاڕە.
بەرهەمهێنەرانی سەرەکی نەوت لە هاوپەیمانی “ئۆپێک +” واتە سعودیە، ڕوسیا، عێراق، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و سەڵتەنەتی عومان، کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بە بڕی ملیۆنێک و ١٦٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند، کە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، و پشکی سعودیە و ڕووسیا لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانە گەیشتە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ هەریەکەیان.
سعودیە
سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی وزە لە شانشینی سعوودیە ڕایگەیاند، شانشینی سعودی بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات، کەمکردنەوەی خۆبەخشانە لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێبەجێ دەکات، کە لە مانگی ئایارەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣. وەزارەتی وزەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی شانشینی سعودیە ڕێوشوێنێکی خۆپارێزییە و ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی بازاڕی نەوتە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کەمکردنەوەی بەرهەمی خۆبەخشانە زیاد دەکرێت بۆ ئەو ٢ ملیۆن بەرمیلەی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢داڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە سی و سێهەمین کۆبوونەوەی وەزاریی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک ناسراو بە (ئۆپیک +).
ئەو سەرچاوە فەرمییە لە وەزارەتی وزە پشتڕاستی کردەوە کە ئەم هەنگاوە ڕێکارێکی خۆپارێزییە کە ئامانج لێی پشتیوانیکردنە لە سەقامگیری بازاڕەکانی نەوتە.
ڕووسیا
هەروەها لە مۆسکۆ، ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ بڕینی خۆبەخشانە بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژ دەکاتەوە.
“وەک بەشداربوویەکی بەرپرسیار لە بازاڕ و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ خۆپاراستن لە ناجێگیری زیاتری بازاڕ، ڕووسیای فیدراڵ بڕینی خۆبەخشانە بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا کۆتایی ساڵی 2023 لە ئاستی تێکڕای بەرهەمهێنان جێبەجێ دەکات، ئەمەش بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرچاوە لاوەکییەکان بۆ مانگی شوبات.” بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز.
ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا ڕووسیا بۆ دووەمجار کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی درێژکردووەتەوە، دوای یەکەم درێژکردنەوەی نەوت کە لەلایەن نۆڤاکەوە لە مانگی شوباتدا ڕاگەیەندرا،دوای ئەوەی سەقفی نرخەکان لەلایەن رۆژئاواوە بۆ نەوتی روسیا دانرا.
دوای بڕینی تاکلایەنەی ڕوسیا، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئۆپێک لاواز دەبێت، بەڵام هەنگاوەکەی یەکشەممە دەریخست کە هاوکارییەکان هەر بەهێزە.
عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕینی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە بە بڕی ٢١١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی ئایاری داهاتووەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە “بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی بازاڕی جیهانی نەوت دەبنەوە، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو وە سەقامگیری بازاڕ”، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت، بە شێوەیەک کە پێچەوانەی سیاسەتی کەمکردنەوەی پێشوو نەبێت.
ئیمارات
ئسوهەیل بن محەمەد فەرەج فاریس ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات ڕایگەیاند، “ئیمارات خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە بڕی ١٤٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە، لە مانگی ئایاری داهاتووەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، بەهەماهەنگی لەگەڵ هەندێک وڵاتی بەشدار لە ڕێککەوتنی “ئۆپێکپلەس”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕینە خۆبەخشانە ڕێکارێکی خۆپارێزییە کە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بازاڕی نەوتدا گیراوەتەبەر، جگە لەوەش لەچوارچێوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێناندا دێت کە لە سی و سێهەمین کۆبوونەوەی وەزاری “ئۆپێک پلەس” کە لە ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، ڕێککەوتنی لەسەر کراوە. “ئاژانسی هەواڵی ئیمارات،”
کوێت
بەدر ئەلمەلا جێگری سەرۆکوەزیرانی کوەیت و وەزیری نەوتی کوەیت ڕایگەیاند، کوێت “خۆبەخشانە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆی دەکات، کە دەکاتە ١٢٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە مانگی ئایاری داهاتووەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک وڵاتی بەشداربوو لە ڕێککەوتنی ئۆپێک +.” ئاژانسی هەواڵی کوەیت”.
کازاخستان بڕینی خۆبەخشانە بە بڕی ٧٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند.
جەزائیر ڕایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی ٤٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند : جەزائیر بەرهەمی ٤٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم دەکاتەوە، لە مانگی ئایارەوە دەست پێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣.
ئاژانسی هەواڵی عومان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، سەڵتەنەتی عومان لە مانگی ئایاری داهاتووەوە تا کۆتایی ئەمساڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشێک لەو وڵاتانەی بەشدارن لە ڕێککەوتنی ئۆپێک + خۆبەخشانە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە.
گابۆن: سەرچاوەیەکی ئۆپێک+ ڕایگەیاندووە، گابۆن خۆبەخشانە بڕی ٨,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە بەڵام هەموو ئەندامانی ئۆپێک پلەس بەشداری ئەم هەنگاوە ناکەن چونکە هەندێکیان لە ئێستادە زۆر لە خوار ئاستی پشکەکانیان لە ڕێککەوتنەکەدا پەمپەکەن بەهۆی کەمی توانای بەرهەمهێنانەوە.
پێشبینی دەکرا گروپەکە تا ڕادەیەکی زۆر پابەند بێت بەو کەمکردنەوەی کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە کە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت، کاتێک لیژنەی وەزاری ڕۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە بە ئامادەبوونی سعودیە و ڕووسیا.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ئۆپێک+ کە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی ڕووسیا پێکدەهێنێت، ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، ئەمەش واشنتۆنی توڕەکرد، چونکە کەمیی دابینکردنی نەوت بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە جیهان پێویستی بە کەمکردنەوەی نرخ هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری و ڕێگریکردن لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە داهاتی زیاتر بۆ دابینکردنی بودجەی جەنگی ئۆکرانیا.
ئەم کەمکردنەوە خۆبەخشییە چاوەڕواننەکراوەی بەرهەمی ئەمڕۆ یەکشەممە لە مانگی ئایارەوە دەستپێدەکات، ئەمە جگە لەوانەی کە پێشتر لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.
نرخی نەوت لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی ١٥ مانگی ڕابردوودا دابەزی، ئەمەش بەهۆی قەیرانی بانکی کە دوای داڕمانی دوو بانکی قەرزدەری ئەمەریکا هات و لەئەنجامدا کرێدیت سویس لەلایەن گەورەترین بانکی سویسراوە UBS رزگارکرا.