بەپێی هەواڵێکی دامەزراوەی درەو : بە ئامادەبوونی فەرماندەی فەیلەقی “قودس”ی ئێران، حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی كرد، قایل بوو بەوەی نەوت رادەستی “سۆمۆ” بكات، لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵ بەڵێنیداوە پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیای “سۆمۆ” بدات بە كورد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، تا درەنگانێكی دوێنێ شەو، لە ماڵی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد، كۆبونەوەیەكی فراوان لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ بەڕێوەچووە، لە كۆبونەوەكەدا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی “قودس”ی سوپای پاسداران ئێران بەشداربووە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا هەرێمو حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی بەراییان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە.
رێككەوتنەكە بەمشێوەیە:
• حكومەتی هەرێم كوردستان قایل بووە بەوەی نەوتەكەی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” بكات.
• لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ پێكبهێنرێت بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی هەناردەو فرۆشتنو داهاتی نەوتی هەرێم.
• داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە حساب بانكییەكو وەكو ئەوەی هەردوولا لە رەشنوسی بودجەی 2023دا رێككەوتنیان لەسەر كردووە، حكومەتی فیدراڵ چاودێری حساب بانكییەكە بكات.
نوێنەرانی هەرێم گلەییان هەبووە لەوەی كۆمپانیای “سۆمۆ” پشكی كوردی تێدا نییە، نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵ قایل بوون بەوەی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای “سۆمۆ” بدرێت بە كورد.
هەروەها دیجیتاڵ میدیای رووداویش هەواڵەکەی بەمشێەوە بڵاوکردووەتەوەە:
ئەو رێککەوتنە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەدوادا دێن بۆ رێککەوتن لەسەر روونکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی کڕیاری تازە بەشێوەی هاوبەش بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان، لە پاڵ ئەو کڕیارانەی تائێستا نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە، بەوشێوەیەش ئەم رێککەوتنە دڵنیایی دەداتە کۆمپانیا بەرهەمهێن و کڕیارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پەیوەندی بە هەموو ئەو کۆمپانیانەوە کراوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن، بێن و گرێبەستی نوێیان لەگەڵ واژوو دەکرێ، بە جۆرێک ئیدی لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت، واتا نەوتی کوردستان بە 10 دۆلار، یان کەمتر نافرۆشرێت، بەڵکو بە هەمان ئەو نرخەی کە سۆمۆ نەوتی عێراقی پی دەفرۆشێ. بەم رێککەوتنە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی حکومەتی عێراق وەردەگرێت.
لە رۆژی ٢٥ی ئازارەوە تورکیا قفڵی بۆری هەناردەی عێراق-تورکیای گرتووەتەوە، کە نەوتی هەرێمی لەڕێوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت و لەوێوە رادەستی کڕیارانی نەوتی هەرێم دەکەوەت، لەو بەروارەوە هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا.
بڕیاری داخستنەکە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هات لە بەرژەوەندی عێراق، سەبارەت بەداوایەک کە عێراق دژی تورکیا لەدادگاکە تۆماری کردبوو ،لە داواکەدا عێراق بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تورکیا رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵاتەکەی ساڵی ١٩٧٣ی پێشێلکردووە کە بەبێ ڕەزامەندی عێراق رێگای داوە بە هەرێمی کوردستان بۆرییەکە بەکار بهێنێ ورێگەیداوە دامەزراوەکانی جەیهان بەکاربهێنێ بۆ ئەمبارکردن و ڕیگەشێ داوە نەوتی هەرێم لە جەیهان باربکرێت. راستەوەخۆ تورکیا ئامادایی بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری ناوبژیوانییەکە دەربڕی و بەکردەیی هەنگاوی نا کە لە ٢٥ی ئازارەوە بە بێ رەزامەندی حکومەتی عێراق هیچبارێک لە جەیهان بارنەکرێت.
لە رۆژی ٢٦ مانگ یەک رۆژ دوای بڕیاری داخستنی بۆرییەکە، وەفدی هەرێمی کوردستان چووە بەغداو لەو کاتەوە چەند جارێک چوونەتەوە بەغدا بۆ رێکەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردە وچۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی.