روونبیین
کۆمپانیای گڵف کیستۆن پترۆلیۆم دەبێتە یەکێک لە دواهەمین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە کوردستانی عێراق کە بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە. ئەمەش بەهۆی ناکۆکی یاسایی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا وە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو.
ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند گۆڵفکیستۆن کە لە لیستی لەندەن تۆمارە ڕایگەیاندووە پێشبینی دەکات ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ژمارە ١ (Production Facility 1 ) دابخرێت . بەڵام ئەو نەوتەی دەچنە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ٢ ەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام دەبن لە ناردنی بەرهەم بۆ ئەمباری هەڵگرتن پێش ئەوەی دابخرێن.
گۆڵف کیستۆن دەڵێت: “هێشتا پێی وایە ڕاگرتنی هەناردەکردنەکە بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت”.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و بەرپرسانی کوردستان، خولێکی تری دانوستانەکان لە بەغدا ئەنجام بدەن. بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بلومبێرگی ڕاگەیاند کە ڕەنگە ئەنجامی وتووێژەکان ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا .
کۆمپانیاکانی دیکە لەوانە DNO ASA و و فۆرزا پێشتر بەرهەمیان وەستاندووە، و کۆمپانیاکانی تریش دەستیان کردووە بە کەمکردنەوە بەرهەمهێنان بۆ نزمترین ئاست تاوەکو پرۆسەی داخستنەکە دوابخەن.
رۆژی شەممە ٣/٢٥ حکومەتی تورکیا بۆرییەکی داخست کە لە باکووری عێراقەوە درێژدەبێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی دەریای ناوەڕاست. ئەوەش دوای ئەوە بوو کە دادگایەکی بازرگانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم بەبێ ڕەزامەندی بەغدا نەوت لە تێرمیناڵەکەوە هەناردە نەکات.
لەم هەفتەیەدا نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٥.٥٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی ٧٩ دۆلارەوە، ئەمەش بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ترسی بازرگانان لە وەستانی درێژخایەن. ئەمەریکا داوای لە حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد، ڕێگە بدەن بە خێرایی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
بەغدا دەڵێت لەسەر حکومەتی هەرێمە کە لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ)وە مامەڵە لەگەڵ نەوت و بارە نەوتەکانی جەیهان بکات.
پشکی کۆمپانیای گلف کیستۆن لەم هەفتەیەدا بەڕێژەی ١٧٪ دابەزیوە، لەکاتێکدا پشکی کۆمپانیای DNO ی نەرویج بەڕێژەی ٥.٦٪ دابەزیوە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ڕایگەیاندووە، توانای هەڵگرتنی دامەزراوەی پرۆسێسکردنی یەک و دوو PF-1 و PF-2 لە شێخان نزیکەی ١٥٠ هەزار بەرمیلە. کێڵگەی شێخان چەند ڕۆژێک پێش وەستانی بەرهەم رۆژانە ٥٥ هەزار بەرمیل نەت بەرهەمی بووە.
بەپێی بەدواداچونێکی روونبین تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە زیاتر لە ١١٧ ملیۆن بەرمیل دەبێت.
جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ٨مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە و لە چوار مانگی کۆتایی هەمانساڵدا بە ٣٤ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت نرخی نەوتی کێڵگەکە دیاری کراوە. لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا داشکاندنەکە ٢١.٢ دۆلار بووە.