روونبین
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راگەیاند، هەرێمی کوردستان پێشوەختە بڕی شەش ملیار دۆلاری لە ژمارەیەک کۆمپانیا وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا نەوتی خاویان پێبدات، بەڵام ئێستا هەناردەی نەوت وەستاوە.
رۆژی پێنجشەممە، ٣٠ـی ئاداری ٢٠٢٣، ئاژانسی رویتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بازرگانی رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان “ناتوانێت بە دابینکردنی نەوتی خاو قەرزەکانی بداتەوە، کە شەش ملیار دۆلارە” دەشڵێت: پلانی جێگرەوە بۆ دانەوەی قەرزەکان دانەنراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممە، ٢٥ـی ئادار، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا، کە رۆژانە ٤٥٠ هەزار بەرمیل بوو. ئەوەش دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی ناوبژیوانی بردەوە کە تێیدا رایگەیاندبوو “تورکیا رێککەوتنێکی پێشێلکردووە بە رێگەدان بە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغدا.”
بەگوێرەی سەرچاوە بازرگانییەکانی رۆیتەرز، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆلی بازرگانی جیهانی و پێتراکۆ کە بەشێکن لە کۆمپانیاکان، نزیکەی ٧٥٠-٨٠٠ ملیۆن دۆلاریان پێشوەختە داوەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان نەوتی خاویان پێبدات.
هەرچەندە بەپێی دواڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆت کە وردبینی بۆ هەناردەو فرۆشی نەوتی هەریم دەکات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا بالانسی کڕیارانی نەوت بریتی بووە لە ٣,٣٤٨,٠٠٤,٨١٣ $ بووە ئەمە جگە لە بڕی ٢٩٤ ملیۆن دۆلار لەگەڵ ٣١٠ ملیۆن یۆرۆ لە بانکەکانی لوبنان لە پێشەکی نەوت گیری خواردووە و نەگەشتووە تەست حکومەتی هەرێم.
لە بەدوادا چوونێکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەتی نەوت کە بنکەکەی لە کوردستانە بۆی دەرکەتووە کەهەرێمی کوردستان ٦ گوژمەی شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی نەداوە. کۆتا گوژمەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لەمانگی ئازاردا وەرگیراوە، کە شایستەی دارایی مانگی ئەیلولیان وەرگرتووە .
بەپێی بەدواداچوونەکەی روونبین بەپێی ڕیکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان ، بڕیارە هەریم دوای دوو تا سێ مانگ لە فرۆشی نەوت شایستەی کۆمپانیاکان بدات بەڵام بەهۆی دروست بوونی کێشە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە دوای بڕایاەکەی دادگای فیدراڵەوە لە شوباتی ٢٠٢٢ ەوە ،حکومەتی هەرێم ناچاربووە نەوتەکەی بەنرخی زۆر هەرزان بفرۆشێت و لەئەنجامدا داهاتی نەوتی کەم بووەتەوە ، پێویستی بەکاش بووە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێبدات ، بۆیە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان دواکەوەتووە. ئەوشایستانەش کۆ دەبێتەوە و دەبێت بەقەرز لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان
دوای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە گوتوبێژ لەگەڵ بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان، بەو پێیەی نزیکەی 0.5%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت و سەرچاوەیەکی گرنگی نەوتی خاوە بۆ پاڵاوگەکانی دەریای نێوەڕاست.
هاوکات، بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لەم هەفتەیەدا دەستیان کردووە بە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەشێکیشیان رایانگەیاندووە کە بەشی چەند رۆژێک توانای کۆگاکردنیان هەیە و دوای ئەوەی کە کۆگاکانیان پڕبوون، ناچاردەبن بەرهەمهێنان بوەستێنن.