لەلایەن موراد یەتکین (Murat Yetkin ) بۆ سایتی یەتکین ریپۆرت
سەرەتا با هەوڵبدەین ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی تورکیا دۆسیەیەکی ناوبژیوانی دۆڕاند کە حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا هێناویەتییە ئاراوە، کە لە ئەنجامدا بڕیاری قەرەبووی بڕی یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی درا کە تورکیا بیدات. پێویستە ئەوەش زیاد بکەین کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ژووری بازرگانی لە پاریس هەروەها حکومەتی عێراقی بە تاوانبار زانی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیانەکانی تێکدەرانەی هێڵەکانی نەوتی عێراق-تورکیا چاك نەکردەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی وزە کە بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرا نەکرێت لەگەڵ یێتکین ڕیپۆرت قسەیان کردووە، حکومەتی عێراق پێشبینی دەکات دادگای ناوبژیوانی نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار وەرەبوو بسەپێنێت. لە بەرامبەردا ئەنقەرە نیگەران بوو لەوەی کە ڕەنگە ١٠ ملیار دۆلار وەرەبووی بکەوێتە سەر. کۆمپانیای کینگ ئەند سپاڵدینگ (King & Spalding)، کۆمپانیای یاسایی ئەمریکی کە نوێنەرایەتی تورکیە لەم دۆسیەیەدا دەکات، خەریکی ئامادەکردنی تانەدانە.
دادگای ناوبژیوانی چاوەڕوانییەکانی عێراق زیادەرەوی تێدایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی سەپاند وە لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی ئازار ڕایگەیاند، کاتێك بازاڕەکانی بۆرسە داخران.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڕەنگە ئەم قەرەبووە نەکرایە ئەگەر تورکیە لە ساڵی 2010 لەسەر بڕگەیەکی ڕێککەوتنی بۆری عێراق و تورکیا لە ساڵی 1973 ڕێکنەکەوتبا کاتێك ڕێککەوتنەکە تا ساڵی 2025 درێژکرایەوە. بڕگەکەش ئەمەیە “تورکیا نەوت تەنها لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)دەکڕێت”. وەزیری وزە لەو کاتەدا تانەر یەڵدز بوو، ئەوە حوسێن شەهرستانی وەزیری وزەی عێراق بوو کە پێداگری لەسەر ئەم بڕگەیە کرد و ئێستا دۆسیەکەی بۆ وڵاتەکەی بردۆتەوە.
بۆریەکان داخران
دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی کە لە ٢٥ی ئازاردا ڕاگەیەندرا، دوو بۆری کە نەوتی موسڵ و کەرکوکی عێراقیان دەگواستەوە بۆ ئەدەنە لە تێرمیناڵی جەیهان-یومورتالیک لەسەر داوای ئەنقەرە داخران. شاندێکی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە سەفەری بەغدایان کرد. بەگوێرەی سەرچاوەکانی وزە، پێشبینی دەکرێت چەند ڕۆژێکی تر بۆرییەکە بکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕاگرتنی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە کاتێکدا شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە لایەک بەردەوامە، لە ئێستاوە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرووی 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت کە چەند ڕۆژێک پێش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی، محەمەد ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی سەرۆك تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە بووە و ڕێککەوتننامەی هاریکاری واژۆ کردووە. لەم دیدارانەدا هەردوولا دەیانزانی ئەنجوومەنی ناوبژیوانی دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بڕیارەکەی ڕابگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەش ئەردۆغان رایگەیاند کە ئاوی زیاتر لە دیجلە بۆ ماوەی مانگێك بەردەدرێتەوە دەکرێت وەك کاردانەوەیەك بۆ مەترسییەکانی وشکەساڵی لە عێراق.
بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، سودانی هەروەها داوای لە ئەردۆغان کردووە کە گرێبەستی غازی تورکیا لەگەڵ عێراق ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بکات نەك لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەولێر.
لە ڕاستیدا حکومەتی عێراق لە کاتێکدا بێ ئومێد بووە لە بڕی قەرەبووەکە، بەڵام ڕەنگە هەندێك بواری بۆ مانۆڕکردن بەدەستهێنابێت تا ئەو ئاستەنگە لە ڕێگا لادات.
بازرگانی تانکەر کێشەی ڕاستەقینە نییە
لە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا کە پێش هاتنی سودانی بۆ ئەنقەرە پەسەندکرا، حکومەتی هەرێم ڕێگەی پێدرا ڕاستەوخۆ نەوت بفرۆشێت، بەڵام پشکی لە نەوتی عێراق لە سەدا ١٧ بۆ سەدا ١٢.٦٧ کەمکرایەوە. لەبەرامبەردا بەغدا ڕازی بوو مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێشمەرگەیە بدات. ئەمەش بە واتای زیادبوونی ئۆتۆنۆمی ئابووریی هەرێمی کوردستان بوو بەڵام کەمبوونەوەی ئۆتۆنۆمی سیاسیی.
لە ڕاستیدا ئەم دۆسیەیە ٩ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ٢٠١٤دا تۆمارکراوە، چونکە تورکیا بە هۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان لەسەر پارتی کرێکاران PKK، دەستوەردانی لە ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر بە قازانجی حکومەتی هەرێم کرد. وەك لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە، کێشەی ڕاستەقینە گواستنەوەی نەوت نەبوو بە تانکەر و هەروەها بۆری یان بە نایاسایی ڕاگەیەندرا. گرنگی سەرەکی بازرگانی تانکەر کە لەو کاتەدا لەلایەن کۆمپانیای پاوەرترانسەوە (PowerTrans) ئەنجام دەدرا، کە کۆمپانیایەکی خاوەندارێتی ئەحمەد چالیکی بازرگان بوو و لەلایەن بێرات ئەلبایراك زاوای سەرۆك ئەردۆغانەوە بەڕێوەدەبرا، پێدەچێت دوای ساڵی ٢٠١٢ لەدەستدابێت، هەرچەندە هێشتا بەردەوامە، بەهۆی شەڕی ناوخۆ سوریا و تێوەگلانی داعش.
کێشەی سەرەکی لە دابەشکردنی قازانجی نەوتی فرۆشراو لە ڕێگەی بۆرییەکانی تورکیەوە لە نێوان بەغدا و هەولێرەوە سەرچاوەی گرتووە. با لە نزیکەوە سەیری بکەین.
کورد دەچێتە ناو گەمەی نەوتەوە
ئەو هێڵانە کە یەکەمیان لەلایەن بۆتاشەوە لە ساڵی 1977 و دووەمیشیان لە ساڵی 1987 بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ جەیهان بەکارهێنرا، تاڕادەیەکی زۆر بەناوچەی سوننی عێراقدا تێدەپەڕن بەڵام بۆ ماوەی 30 کیلۆمەتر لەڕێگەی سنوورەکانی هەرێمی کوردی فیدراڵیەوە دەچنە ناو تورکیە. وێستگەی پەمپکردنی فیشخابور لە دیوی عێراق و وێستگەی پەمپکردنی سلۆپی لە دیوی تورکیایە.
لە عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە داگیرکرا، پەسەندکردنی دەستوورێکی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٥ بووە هۆی یەکخستنی ئیدارە کوردییەکان، کە تا ئەو کاتە وا دەردەکەوت کە دوو ئیدارەی هەیە، بە سەرکردایەتی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکرات کوردستان، و جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، وەك حکومەتی هەرێم، و عێراق بوو بە فیدراڵی.
هاتنە ناوەوەی هەرێمی فیدراڵی کورد بۆ ناو گەمەی نەوت کاتێك گۆڕا کە ئاشتی هەورامی ئەندازیاری نەوت و هاوڵاتی بەریتانی لە لەندەنەوە هات بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم. لە ساڵی 2011 هەورامی واژۆکردنی 10 ڕێککەوتنی جیاوازی گەڕان و بەرهەمهێنانی لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ئێکسۆنی ئەمریکی لە هەردوو ناوچەی عەرەبی و کوردی ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی لێشاوی وەبەرهێنەرانی نەوت بۆ ناوچەی کوردی، لە شیڤرۆنەوە بۆ تۆتال، لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکانی وەکو کۆمپانیای پترۆلیۆمی تورکی (TPAO) و گێنێل ئینێرجی بوون بە بەشێک لە چالاکییەکە. دواجار لە ساڵی ٢٠١٢ هەورامی هاتە ئەنقەرە و “یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن”ی لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کرد
شەڕی نەوتی بەغدا و هەولێر و پەکەکە
گرنگی ڕاستەقینەی ئەم گرێبەستە زیاتر سیاسی بوو نەک ئابووری.
لەبەر ئەوەیە کە نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقی شیعە کە لەژێر کاریگەری ئێراندا بوو، پشکی خۆیان لە کۆی فرۆشی نەوت نەدەدا بە ناوچە سوننە و کوردستانییەکان. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی بارزانیدا، کە تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوت بوو، تەنانەت مووچەی پێشمەرگە، چ جای مووچەی فەرمانبەرانی حکومی، نەتوانرا خەرج بکرێت. ئەم دۆخە ئەنقەرەی نیگەران کرد، کە گرنگی بە هاوکاری لەگەڵ بارزانی لە شەڕی دژی پەکەکە دا.
لەو کاتەدا شەڕی ناوخۆی سوریا خێراتر بووبوو و حکومەتی ئاکەپە کە لایەنی دژ بە بەشار ئەسەدی گرتبوو. دەزگای هەواڵگری نیشتمانی MİT یەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ پەکەکەدەستپێکرد لە ریی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە تەرکیز لەسەر پرسی کورد بوو، لەرێی سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی دەستپێکرد. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کارە دروستکردنی “ پشتێنەی ئەمنی” بوو لەسەر سنووری سوریا وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە بەرامبەر پشتێنەیەکی شیعە کە لە ئێرانەوە تا لوبنان درێژ دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، درز و ناکۆکی نێوان ئەردۆغان (سەرۆك وەزیرانی ئەوکات) و فەتحوڵڵا گولەن کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە هاوپەیمانی بوو، دوای دەستگیرکردنی هاکان فیدان، یاریدەدەری سکرتێری (ئێستا سەرۆک)ی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) دەستی بە فراوانبوون کرد.
هەڵکبانک، داعش، موسڵ
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٣دا پێنج ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی بارزانی واژۆ کرا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە، داهاتی نەوتی جەیهان لە هەژمارێکدا لە هالکبانک (*) دەهێڵدرایەوە، بەڵام بەگوێرەی ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەدا ١٧ بۆ کوردی عێراق دەگوازرێتەوە . ئەمەش بارزانیی ئارام کردەوە، بەڵام مالیکی توڕە کرد، کەبەتەواوی پشکی نەوتی ڕۆیشتوو بۆ کورد بڕی.
هاوکات هێرشە تێکدەرەکان بۆ سەر بۆرییەکانی عێراق-تورکیە دەستی بە زیادبوون کرد، سەرەتا لەلایەن ئەلقاعیدە و دواتر لەلایەن داعشەوە دوای ئەوەی دەستیان بەسەر بیرە نەوتییەکانی سوریادا گرت.
داعش لە سەرەتای مانگی ئایاری 2014 هاتە ناو عێراق و بەرەو موسڵ بەڕێکەوت. لە ٢٩ی ئایاردا ئەنقەرە بۆ یەکەمجار مۆڵەتی فرۆشتنی ئەو نەوتەی دا کە لە کۆگاکانی جەیهان ئەمبارکرابوون؛ ئەگەر پێشمەرگەی بارزانی زیاتر لاواز بکرایە، هەم بۆرییەکە و هەم شەڕی پارتی لە مەترسیدا دەبوو. داعش لە 11ی حوزەیران هاتە ناو شاری موسڵ، کونسوڵخانەی گشتی تورکیای لە موسڵ داگیرکرد و 49 کەسی بە بارمتە گرت، لەنێویاندا ئۆزتورک یڵماز کونسوڵی گشتی بوو.
بەڵام خاڵی وەرچەرخانەکە دوای چەند ڕۆژێک هات کە داعش هێرشی کردە سەر شارۆچکەی گوێر لە نزیک هەولێر. شارۆچکه که له ناچەی کوردەکان له سه ڕ ڕێگای کێڵگه نه وتییه کانی هه ولێر بوو. ئەمریکا لەو ڕۆژەوە دەستی بە بۆردومانی ئاسمانی کرد: ڕێگەیان بە داعش نەدا بچێتە ناو خاکی کوردەوە.
بەغدا پەنا بۆ ناوبژیوانی دەبات
ئەمەش وایکرد ئیدارەی ئەمریکای باراک ئۆباما جەخت لەسەر بەهێزکردنی ناوچە کوردستانییەکانی سوریا لەدژی داعش بکاتەوە. کوردانی دانیشتووی سوریا لە نزیک سنووری تورکیا زۆرتر لەژێر کۆنترۆڵی پەیەدە، لقی سوریای پەکەکە و هێزە چەکدارەکەی یەپەگەدا بوون. گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی حکومەتی ئاکەپە لەگەڵ پەکەکە کێشەی تێکەوت. یەکەم نیشانەی هاوکاری ئەمریکا لەگەڵ پەیەدە/یەپەگە لە گووێر دەرکەوت.
مالیکی لە 29ی حوزەیران داوای ناوبژیوانی لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس کرد، کە نزیکەی دوو هەفتە دوای لەشکرکێشی داعش بۆ سەر موسڵ، لەکاتێکدا گروپەکە هێشتا بە بارمتە تورکەکانیان گرتبوو، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکەی تورکیا بۆ ڕێگەدان بە فرۆشتنی نەوت لە جەیهانەوە بۆ بەهێزکردنی کوردانی عێراق. ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا بە ڕێگەدان بە فرۆشتنی نەوتی جەیهان، کڕینی لە دەرەوەی سۆمۆ ئەنجامداوە، بەمەش ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ی پێشێلکردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٠دا درێژکراوەتەوە.
بۆریەکان بەهای ستراتیژییان هەیە
لە ماوەی نۆ ساڵەدا ئەم هەویرە ئاوی زۆری کێشاوە. ئەمە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بارزانی لە ساڵی 2017 دەگرێتەوە، سەرەڕای دژایەتی تورکیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و ئێران. لەم نێوەندەدا لە ساڵی ٢٠١٥ دا دیالۆگی تورکیا لەگەڵ پەکەکە کۆتایی هات و دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە سوریا دەستپێکرد بۆ دامەزراندنی “ناوچەی ئەمنی” تایبەت بە خۆی. دوای دە ڕۆژ لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بارزانی، مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق بەڕێوەچوو؛ ئەردۆغان ڕایگەیاند، “ئەگەر پێویست بکات قوفڵەکە دەگرینەوە”.
لە نێو ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە 20ی ئاداردا لەگەڵ سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ کرا، پێش قەرەبووی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، ڕێککەوتنی هاوبەشی دژە تیرۆر هەبوو.
ئەگەر ئەمریکا هێشتا دەستوەردانی لە کێشەی نەوتی عێراق و تورکیا نەکردبێت، بە دڵنیاییەوە دەستوەردان دەکات. لە بەرژەوەندی ئەمریکا و جیهانی ڕۆژئاوادا نییە کە ئەم ناکۆکییە بەردەوام بێت، نەک تەنیا لە ڕووی بازاڕەکانی نەوت بەڵکو لە ڕووی بەهێزکردنی ئێرانیشەوە. وە تەنها کاتێک چین هەوڵدەدات نێوەندگیری لە نێوان سعودیە و ئێراندا بکات.
پێدەچێت گرنگی ستراتیژیی هێڵی بۆریەکان زاڵ بێت و ببێتە هۆی دامەزراندنی هاوسەنگی نوێ لە ناوچەکەدا.
تێبینی: ئەم بابەتەی سەرەوە وەرگێرانێك بوو بۆ بابەتێك کە لە سایتی (https://yetkinreport.com/) وەرگیراوە https://yetkinreport.com/en/2023/03/29/iraqi-oil-case-against-turkiye-pipelines-and-kurdish-question/