یادگار ئەستێر
لە کۆتاییدا، عێراقیش بوو بە ئەندام لە پەیماننامەی (پاراستن و بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاویە سنوور بڕو دەریاچە نێودەوڵەتیەکان)ی ساڵی ١٩٩٢
(تێبینی: لەم بابەتەدا سەرنجێکی کورت دەخەمە سەر هۆکارەکانی پابەندبوونی تورکیا بە بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس)
وەک یەکەم وولاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێنجەم ووڵاتی کیشوەری ئاسیا، عێراقیش بوو بە ئەندام کە بە (رێککەوتننامەی ئاو) ناسراوە. ئەم ڕێکەوەتننامەیە بایەخێکی زۆری هەیە کە وەک پلاتفۆرمێکی یاسایی ناوازە لە نێوان دەوڵەتان بەکار دێت، کە پەرە بە بەکارهێنانی بەردەوامی ڕێڕەوە ئاوییە سنووربڕەکان دەدات، و ئەرک دەخاتە سەر ووڵاتانی ئەندام کە هاوکاری یەکتری بکەن لە پاراستتنی ئەو ڕووبارە یان دەریاچەیەی کە هاوبەشن تییدا لە ڕووی ژینگەیی و پیس بوونیەوە، بەو مەبەستەی بەردەوامی ژیانی هەبێت بۆ مرۆڤەکان و سیستەمی ژینگەیی (ecosystem). بەڵام ئەرکەکە تەنها لە نێوان دوو ووڵات یان زیاتردا نیە، بەلکوئەرکێکی سەرەکی دیکەی ڕێککەوتننامەکە برییتیە لە بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ناوخۆیی و نیشتمانی و ناوچەییەکانە بۆ پاراستن و دڵنیابوون لە بەکارهێنانی بەردەوامی ئیکۆلۆژی ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێرزەوی سنووربريکان. چونکە لە بەڕێوەبردنی ئاوە سنووربڕەکاندا ناتوانرێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نیشتمانی جیابکرێتەوە. لە ئەنجامدا، ڕێککەوتننامەکە داوا لە لایەنەکانی دەکات کە بنەما یاسایی و تەکنیکیەکانی خۆی لە کاتی پەرەپێدان و جێبەجێکردنی سیاسەت، و پلانی کارکردن، بەرنامە و پراکتیکەکانی ناوخۆیی و نیشتمانی و هەروەها سیاسەتە دەرەکییەکانی تایبەت بە ئاوە سنوور بڕەکاندا بەکاربهێنن.
ئەوەی شایەنی باسە لە سەرەتادا لە ساڵی ١٩٩٢ وەک پەیماننامەیەکی ناوچەیی پەسەندکرا لە کیشوەری ئەورووپا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا بووە ئامرازێک و مۆدێڵێکی جیهانی ئەژمار دەکرێت چونکە ووڵاتانی دەرەوەی کیشوەرەکە بوون بە ئەندام بە ڕووسیاشەوە.
ئەم پەیماننامەیە کاتێک ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی دەبێت بۆ عێراق ئەگەر ئەم دوو ئاڵنگارییانە نەبن بۆ عێراق:
ئاڵنگاری یەکەم، بەئەندام بوونی تورکیا لەم پەیماننامەیەدا. پرسیارە کە ئەوەیە ئایا تورکیا دەبێتە ئەندام لەم پەیماننامەیە؟
پێم وانیە تورکیا ئەو کارە بکات بەهۆی بوونی مادەی (٢٢)ی پەیماننامەکە کە دەولەتان پابەند دەکات بە بە گەڕانەوە بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی یان پابەند بێت بە دادگایەکی ناوبژیوانی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە دوو قۆڵییەکانیان کە بە پێی هاوپێچی ژمارە چواری پەیماننامەکە دادەمەزرێت. چونکە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا هیچ کاتێک ئەم پابەندبوونانەی پێ قبوڵ نیە مەگەر لە ژێر فشارێکی ئابووری زۆردا بێت. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٥٠ بەدواو تورکیا دووچاری قەیارنێکی ئابووری زۆرهات، بەڵام قیرانەکە لە حەفتاکاندا زۆر سەخت بوونەوە تا ئەو ڕادەیەی کە لە کۆتایی حەفتاکاندا ئابووری تورکیا لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە گەیشتبێتە خراپترین قەیرانی خۆی.
لەگەڵ هاتنی خواست لەسەر دابینکردنی نەوت لە بازاڕی جیهانی نەوت لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، عێراق هەنگاوی چارەنووسسازەی بە خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی خۆی لە ساڵی ١٩٧٢دا دەستپێکرد، ئەم پڕۆسەیە بووە سەرەرەتایەک بۆ ڕێککەوتنێکی گەورە و دوولایەنەی دابینکردنی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیادا، کە ڕێکەوتننامەکە بۆ دروستکردنی بۆری کەرکوک – جەیهان لە مانگی ئایاری ساڵی 1973 واژووکرا، و لە پاشانیش وردەکارییەکانی لە مانگی ئابی ساڵی 1973 کۆتایی پێهات، بەڵام گەمارۆی نەوتی عەرەبی لە ئۆکتۆبەری 1973 تا ئازاری 1974 بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت چوار هێندە زیاد بکات، و دەسەڵاتدارانی تورکیاش نەیانتوانی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتی جیهان. ئەم هۆکارە بووە هۆی دانوستانێکی گەرم بۆ تورکیا چونکە وەک موعجزەیەکی ئابووری وابوو بۆ تورکیا، بۆیە تورکیا لە هەندێک پرنسیپی خۆی چاوپۆشی کرد، بۆ نموونە ڕازی بوون بە بڕگەی پابەندبوونی عێراق و تورکیا بە تۆماکردنی سکالاکانیان لە کاتی ناکۆکیدا لە دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نیودەولەتی لە پاریس تۆمار بکەن و هەردوو لایەن پابەند دەبن بە بڕیارەکەوە.
لە 1ی تەمموزی ساڵی 1974 سەدام حسێن کە جێگری سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق بوو گەیشتە ئەنقەرە و لەوێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولێنت ئەجەویت کۆبووەوە و کۆمەڵێک بابەتیان تاوتوێ کرد. سەدام دوو داواکاری لە تورکیا هەبوو، یەکەمیان تورکیا فشار بخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی پاڵپشتییەکانی لە ڕاپەڕینی کورد لە باکووری عێراق بکشێنێتەوە، کە ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ی لیکەوتەوە. وە دووەمیشیان تورکیا ئاوی زیاتر لە فوراتەوە بۆ خوارەوە بۆ عێراق بەربداتەوە. لە بەرامبەریشدا، تورکیا لای خۆیەوە تامەزرۆی دوو بەبەتی گرنگی عێراق بوو، یەکەمیان: پشتیوانی دیپلۆماسی عێراق بۆ تورکیا سەبارەت بە قەیرانێکی نوێ لەگەڵ یۆنان لەسەر قوبرس، و دووەمیشیان بۆ ناردنی زیاتری نەوت بۆ تورکیا لەو کاتە ناهەموارەی کە جیهان تێیکەوتبوو. لە ئاکامدا هەردوو سەرکردەکە لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر هەموو بەرەیەک، لەوانەش بەڵێنەکانی عێراق بۆ زیادکردنی فرۆشی نەوتی بە تورکیا و لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکوک-جەیهانەوە عێراق ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل (bpd) بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا لە جەیهان ڕەوانە بکات. ئەم کارە بۆ تورکیا زەرورەتێکی حەتمی ئابووری بوو بۆیە ڕازی بوو بە دانانی ئەو بەندەی کە هەردوو لایەن پابەند دەکات بە گەڕانەوە بۆ دادگای نیوبژیوانی ژووری بارزگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە کاتی هەر ناکۆکییەک لەسەر ڕێکەوتننامەکە بۆ دروستکردنی بۆری کەرکوک – جەیهان و بە ڕیارەکەشی پابەند بن
بە گەڕانەوەمان بۆ پرسیارەکەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین لەبەر ئەوەی تورکیا ئێستا ئەو قەیرانەی ساڵانی حەفتاکانی نیەوە ووڵاتێکی زلهێزی ئابووری و سەربازی ناوچەکەیە، کەر لەسەر پرنسیپە ئەسلێیەکەی خۆی دەکات، ئەویش سەروەری تورکیا نابێت ملکەچی دادگا نێودەوڵەتیەکان بکرێت. بۆیە پێم وانیە تورکیا ببێت بە ئەندام لە پەیماننامەی (پاراستن و بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاویە سنوور بڕو دەریاچە نێودەوڵەتیەکان)ی ساڵی ١٩٩٢. بەو پێیەی عێراقیش ووڵاتی کەنار-خوارووی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتە، عێراق سوودێکی ئەوتۆ نابینێت.
ئاڵنگاری دووەم: لەسەر ئاستی ناوخۆ، عێراق دەبێت بوجەیەکی باش ئامادە بکات بۆ پیادەکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتننامەکە، وەک دابینکردنی کەلوپەلی تایبەت بە پێشخستی سیستەمی ڕووبارەکە، وە دەمەزراندنی کەسانی پسپۆر لەو بوارەدا…هتد، چەنکە عێراق بەرپرسە لە رایی کردنی ئەو ئاوە بۆ ناو کەنداو بە پاکی و بەپێی ستانداردەکان و میکانیزمەکانی ڕێککەوتننامەکە چونکە بەرپرسیارییەتی نێودەوڵەتی دەکەوەێتە ئەستۆ بەرامبە ووڵاتی کوەیت و لەپاشان وولاتانی کەنداو. ئەمەش کاتێک بۆ عێراق دەست دەدات کە سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەبێت لە عێراقدا کە بە داخەوە هەردووکیان زۆر لاوازن لەم کاتەدا.
هەرچەندە جێگەی دەستخۆشیە بۆ عێراق لە بوون بە ئەندام لە پەیماننامەی (پاراستن و بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاویە سنوور بڕو دەریاچە نێودەوڵەتیەکان)ی ساڵی ١٩٩٢ کارێکی زۆر باش و دەسپێشخەرییەکی چاکی کردووە، بەڵام ئەگەر نەشبوایە بە ئەندام لەم ساتەدا، هێچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت هەتا تورکیا بە تەواوەتی ڕێککەتن نەکات لە گەڵ عێراقدا لەسەر ئەم دۆسییەیە.