روونبین
وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی بەرز و نزمی لە نرخی نەوتی برێنت و نەوتی تەکساس دا و نرخی هەردوو جۆری نەوتەکە بەرزبووەوە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی خاوی تەکساس WTI بە رێژەی ٥٪ بەرزبووەوە و رۆژی سێشەممەش بە رێژەی ١٪.
ئاژانسی بلوومبێرگ ئاماژە بەوەدەکات کە ناکۆکی یاسایی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە هۆی وەستانی بەرهەمی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بە بازاڕەکانی جیهان دەگەشت. لەدوای وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان، نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی تەکساس لە نێوان ٧٠ دۆلار بۆ ٧٥ دۆلاردا مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی نەوتی برێنتیش لە ٧٩ دۆلار نزیکبووەوە.
ئۆلی سلۆت هانسن، بەڕێوەبەری ژووری ستراتیژی لە بانکی ساکسۆ رایگەیاند: “جامبازەکان نرخی نەوتیان بەرزکردەوە، ئێستاش لەوانەیە ناچاربکرێن پاڵپشتی لەگەڕانەوە بۆ باری خۆی بکەن.” ئۆلی هانسن لە بارەی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە دەڵێت: “ناکۆکییەکانی عێراق هۆکاربوون بۆ بەرزبوونەوە” بەگوتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، بەهۆی کەمبوونەوە لە خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، تا رادەیەک ترس لە دروستبوونی قەیرانی بانکی رەوییەوە. بەڵام لە مەودایەکی درێژخایەن، نرخی نەوت لە دابەزینەکانی بەردەوام دەبێت و ئەوە پێنجەم مانگە بەسەر یەکەوە رووی لە خوارەوەیە و ئەمریکای خستووەتە بەردەم قەیرانێکی گەورەی دارایی.