ڕوونبین
ئێمە بە ئەرێنی سەیری هەر چارەسەرێک دەکەین کە ڕێز لە پیرۆزی گرێبەستەکانمان بگرێت و گەرەنتی پارەی فرۆشتنی نەوت بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە دابین بکات
ئەمڕۆ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN وەکو کۆمپانیاکانی تری نەوتی هەرێم بەڵام بە زمانێکی کەمێک جیاواز راگەیاندنی وەستانی هەناردەی نەوت و ئەگەری وەستانی بەرهەمی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگی راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە داوایان لە بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا کردووە، هانی هەموو لایەنەکان بدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا بەدوای چارەسەری دۆستانەدا بگەڕێن. هەروەها دەڵێت “ئێمە بە ئەرێنی سەیری هەر چارەسەرێک دەکەین کە ڕێز لە پیرۆزی گرێبەستەکانمان بگرێت و گەرەنتی پارەی فرۆشتنی نەوت بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە دابین بکات.” کە پێدەچێت ئەم ڕستەیەی دوایی پەیامبێت بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.
ئەمەی خوارەوە دەقی وەرگێڕراوی راگەیاندنەکەی کۆمپانیاکەیە:
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لە ٢٥ی ئازاردا ئاگادارکرایەوە کە بۆری عێراق-تورکیا لەسەر داوای تورکیا داخراوە. .
ئەم هەنگاوە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانە دێت کە باس لە بڕیارێک دەکات لە دۆسیەی ناوبژیوانییەکە لەبەرژەوەندی عێراق دژی تورکیا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤.
لەسەر بنەمای لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، ئێچ کەی ئێن HKN گەشبینە کە کێشەکان لەماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت کۆگاکانمان لەماوەی هەفتەیەکدا لە تەواوی توانایان نزیک دەبنەوە و ئیتر لە بەرهەم هێنان دەوەستین ئەگەر نەگەیشتنە هیچ بڕیارێک و بە گریمانەیەک کە هیچ بژاردەیەکی دیکە نەدۆزینەوە (وەک فرۆشتن بە پاڵاوگە کوردییە ناوخۆییەکان).
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنHKN دەڵێت داوامان لە بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا کردووە، هانی هەموو لایەنەکان بدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا بەدوای چارەسەری دۆستانەدا بگەڕێن. ئێمە بە ئەرێنی سەیری هەر چارەسەرێک دەکەین کە ڕێز لە پیرۆزی گرێبەستەکانمان بگرێت و گەرەنتی پارەی فرۆشتنی نەوت بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە دابین بکات.
باوەڕمان وایە کە چارەسەری خێرا لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانە بەوانەشەوە کە لەهەرێمی کوردستان دەژین.
مافە فیدراڵیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراون کە بووەتە هۆی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە کوردستان لە سەرانسەری جیهانەوە. گرنگە هەموو لایەنەکان کار بکەن پێکەوە بۆ ئەوەی کەشوهەوای وەبەرهێنان لە کوردستان بە تەندروست و بەرهەمدار بمێنێتەوە.