روونبین
نوێ کراوەتەوە لە کاتژمێر ١٦:٠٥ ی ٢٠٢٣/٣/٢٧
ئەمرۆ ٢٠٢٣/٣/٢٧ هەریەک لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی، دی ئێن ئۆ DNO و شاماران و گۆڵف کیستۆن و فۆرزا کە لە چەند کێڵگەیەکی بەرهەم هێنی هەرێم وەبەرهێنان دەکەن راگەیاندنیان بڵاو کردەوە سەبارەت بەوە ستانی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە راگەیاندنەکەدا کۆمپانیاکان دەڵێن کۆمپانیای بۆری کوردستان PIC و حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردونەتەوە کە بۆری نێوان عێراق تورکیا داخراوە. دەڵێن تێدەگەین کە ئەم داخستنە لەسەر داوای کۆماری تورکیا بووە.
بەپێی راگەیاندراوێک کە وێنەیەکی لەبەر دەست روونبینە کۆمپانیای فۆرزا کە لە کێڵگەی هەولێر وەبەرهێنان دەکات رایگەیاند دوای ئەوەی توانای ئەنبارکردنی کێڵگەکە نزیکبووتەوە لە توانای تەواوی بەرهەم هێنان لەکێڵگە ڕادەگرێت.
کۆمپانیای فۆرزا دەڵێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆگای هەولێر لە توانای تەواو، بەرهەمهێنان لە ناوچەی مۆڵەتی هەولێر رادەگیرێت تاوەکو ئەوکاتەی گەیاندن لە ناوچەی مۆڵەت دەستپێدەکاتەوە. کێڵگەی هەولێر بەرهەمی ڕۆژانە زیاتر لە ١٤ هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
هەروەها کۆمپانیاکەدەڵێت : ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ڕێکبکەون لەسەر میکانیزمێک ڕێگە بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. هەروەها کۆمپانیای فۆرزا پترۆلیۆم لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پەرەسەندووە.
کۆمپانیای گێنێڵ ئەنێرجی دەڵێت لێدوانی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکردووە گێنێل بڕوای بەوە هەبێت کە وەستانی هەناردەی نەوت بەشێوەیەکی کاتی دەبێت، گێنێلیش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی نەوت و ئەمبارکردنی. گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ لە کێڵگەی تاوکی فیشخاپور بەرهەم هێنان دەکەن کە بەرهەمی ڕۆژانەی ١٠٧ هەزار بەرمیلە هەروەها گەنێڵ لە کێڵگەی سەرتە بەرهەمی ڕۆژانەی ٤,٩٦٠ بەرمیل و تەق تەق ٣,٩٧٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.
ئەم رێکارانە لە دوای بڕیارەکەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دێت کە لە بەرژەوەندی عێراق لە دۆسیەی ناوبژیوانییە درێژخایەنەکەی دژی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنی بۆریی عێراق و تورکیا کە لە ساڵی 1973 واژۆکرابوو بڕیاری دا.
هەروەها کۆمپانیای گێنێل دەڵێت پێشوازی لە لێدوانەکانی هەردوو وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان دەکەین سەبارەت سەرنجەکانی هەردووکیان دەرباری بەردەوامی ئاسانکاری بۆ هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ دەستیکرد بە گواستنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی لە کوردستان بۆ تانکی ئەمبارکردن؛ ئەم تانکانە دەتوانن بەرهەمی چەند ڕۆژێک لە کێڵگەی تاوکی و فیشخاپور لەخۆ بگرن.
هەروەها کۆمپانیای شامارانیش ئاماژە بەوە دەکات، گفتوگۆ لە نێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا لەکاتی ڕێککەوتنی هەردوولا دەکرێت.
شاماران دەڵێت کۆمپانیاکە لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بە حکومەتدا دەمێنێتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە چاودێریکردنی وردی ئەم دۆخە. شاماران لە کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە، بەرهەمی کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ بەسەریەکەوە ٧٦ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە.
کۆمپانیای گڵف کیستۆن پترۆلیۆم کە کێڵگەی شێخان بە توانای 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا وەبەرهێنان دەکات ، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “دامەزراوەکان کێڵگەکە توانای هەڵگرتنیان هەیە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان دەدەن بە ڕێژەیەکی کەمکراوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دوای ئەوە کۆمپانیاکە بەرهەمهێنان ڕادەگرێت”.
هەروەها کۆمپانیای گێنێل ئەنێرجیش ئاماژەی بە ڕەشنووسی بودجەی سێ ساڵەی فیدراڵی کرد کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن کابینەی حکومەتی عێراقەوە پەسەندکرابوو، بڕیارە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی، کە میکانیزمێک لەخۆدەگرێت بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە بەرهەمی کوردستان لە بەرامبەر پێدانی بودجەی فیدراڵی.
هەر سەبارەت بەهەناردە، ڕێکخراوی روونبین کە رێکخراوێکی ناحکومی بواری شەفافیەتی نەوتە لە هەرێمی کوردستان پێی وایە ئەگەر بارودۆخەکە وا بەردەوامبێت و هەناردەی نەوت بەزووترین کات دەست پێنەکاتەوە ئەوا لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەمباری ستراتیجی نییەو بەلە بەرچاوگرتنی توانای سنوورداری ئەمبارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دا ئەوا بەناچاری بەرهەم هێنان لەکێڵگە نەوتییەکان دەوەستێت.
دابەزینی پشکی کۆمپانیاکان
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە پشکەکانی کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی لە لیستی لەندەن، بەڕێژەی 16% دابەزیوە، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە گرنگی بە کوردستانی عێراق دەدات، ڕایگەیاندووە، بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی نەوت لەئەمبارەکاندا.
پشکی کۆمپانیای “گۆلف کیستۆن” کە کێڵگەی شێخان بەڕێوەدەبات، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێژەی 22% دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی لە مانگی ئابی 2021ەوە.
لە کاتێکدا گێنێل وگۆلف کیستۆن ڕایانگەیاند، پێشبینی دەکەن وەستانی نەوت بۆ ماوەیەکی کاتی بێت، کۆمپانیای نەوتی نەرویجی DNO کە گرنگی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، ڕایگەیاندووە، ڕێنمایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ ناو بۆری هەناردەکردن ڕابگرێت.
پشکەکانی دی ئێن ئۆ DNOلە لیستی ئۆسلۆدا بەڕێژەی 8.8% دابەزینیان بەخۆوە بینیوە، کە نزمترین ئاستە لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ەوە.