لە بلومبێرگ وەرگیراوە
- ڕووسیا پێشی سعودیەی داوەتەوە و بووە بە گەورەترین دابینکەری نەوتی خاو بۆ پەکین
- هاوردەکردنی ئەلەمنیۆم نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە بەهۆی سزا بازرگانییەکانەوە
لەماوەی ئەو ساڵەی کە ڕووسیا ئۆکرانیای داگیرکرد، بازاڕەکانی وزە لە سەرانسەری جیهان پشێوی تێکەوتووە، ئارەزووی چین بۆ نەوت و گاز و خەڵوزی مۆسکۆ بە خێرایی گەشەی کردووە و هاوردەکردنی زیاتر لە نیوە بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارە گومرگییەکانی چین، خەرجییەکانی پەکین بۆ وزەی ڕووسیا، لەوانەش نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان، خەڵوز و گازی سروشتی، لە ماوەی ساڵێکدا تا مانگی شوبات بۆ ٨٨ ملیار دۆلار زیادیکردووە،جێگەی کڕیارانی دیکەی گرتووە کە بەهۆی شەڕەوە خۆیان لە هەناردەکردنی ڕووسیا بەدوور گرتووە. ئەمەش بە بەراورد بە 57 ملیار دۆلار لە 12 مانگی پێشتردا.
پەرەسەندنی پشکی چین لە هەناردەکردنی ڕووسیا، کلیلی پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی نێوان چین و ڕووسیایە، کە لەم هەفتەیەدا لە سەردانەکەی سەرۆک شی جینپینگ بۆ مۆسکۆ ئاشکرا بوو.
ڕووسیا سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئامێری جەنگی خۆی وەردەگرێت، لەکاتێکدا دراوسێی ڕۆژهەڵاتیەکەی کە برسی وزەیە دەخنکێت لەسووتەمەنی بەردینیدا، کە زۆرجار بە نرخی داشکاندن دەیکڕێت.
داتاکانی هاوردەکردن لەم ماوەیەدا دەریدەخەن کە ڕووسیا گەورەترین دابینکەری نەوتی خاو بووە بۆ چین و جێگەی عەرەبستانی سعودیەی گرتووەتەوە. هەروەها دووەم گەورەترین هەناردەکاری خەڵوز بوو لە دوای ئەندەنوسیا و سێیەم گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتی شل بوو لە دوای ئوسترالیا و قەتەر. ئەم ڕیزبەندییەی دوایی قەبارەی بۆری گازی وشکانی ناگرێتەوە، کە چین لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی ڕاگرت.
هاوردەکردنی نەوتی خاو لە ڕووسیا لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا بۆ 89.3 ملیۆن تۆن زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە ماوەی پێشوودا 78.4 ملیۆن تۆن بووە، کە لە 86.8 ملیۆن تۆنی نەوتی سعودیە کە بۆچین هەناردە دەکرێت زیاترە. کڕینی گازی سروشتی شل کراوە LNGی ڕووسی بە ڕێژەی 52% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 6.86 ملیۆن تۆن، خەڵوزیش بە ڕێژەی 33% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 76.4 ملیۆن تۆن.
زیادبوونی خواست لەسەر کاڵای ڕووسی دوای ئەوەبوو کە لەساڵی ٢٠٢٢ دا خواستی چینی بە شێوەیەکی بەرفراوان کەم بویەوە بەهۆی پەیرەوکردنی سیاسەتی کۆڤید زیرۆ (Coved Zero)، قەیرانەکانی بازاڕی خانووبەرە و خاوبوونەوەی گەشەکردن لە سەرانسەری جیهاندا، بەیەکەوە هۆکار بوون بۆ سنوردارکردنی هاوردەکردن.
لە نێوان کەرەستەدا هاوردەکراوەکاندا، ئەلەمنیۆمی پاڵاوتە نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٥٣٨ هەزار و ٦٠٧ تۆن، ئەمەش پاڵپشتی بەرهەمهێنانی ڕووسیا دەکات، چونکە سزا نێودەوڵەتییەکان بازرگانیکردن بە کڕیارە ئاساییەکانی لە ئەوروپا و شوێنەکانی دیکە کەمکردووەتەوە.
داتاکانی تری هاوردەکردن لە ڕووسیا لە ساڵی ڕابوردودا تا مانگی شوبات (بە بەراورد لەگەڵ ماوەی پێشوو):
- هاوردەکردنی مسی پاڵاوتە بە ڕێژەی 33% دابەزیوە و گەیشتووەتە 281 هەزار و 908 تۆن
- هاوردەکردنی نیکلی پاڵاوتە بە ڕێژەی ١٤% دابەزیوە و گەیشتووەتە ٤٣ هەزار و ٢١ تۆن
- هاوردەکردنی پۆلادیۆم 1.3 هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 11 هەزار و 551 کیلۆگرام
- هاوردەکردنی زێڕ بەڕێژەی 68% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 6803 کیلۆگرام
- هاوردەی گەنم بە ڕێژەی 13% کەمیکردووە، بۆ 52 هەزار و 668 تۆن.