ڕوونبین
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دانیشتنی نائاسایی گرێدا سەبارەت ڕەشنوسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تیایدا لە ٣ ماددەدا ماڵە لەگەڵ نەوتی هەرێم دەکرێت و ڕەشنوسی یاساکەی پەسەند کرد.
دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە پرۆژە یاسای بودجەی 2023ی تێدا پەسەند كرا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە بووە”. سودانی وتی:” گەیشتوینەتە رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد”.
مادەکانی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٣ تایبەت بە نەوتی بەرهەم هێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم وەک ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە دانیشتنی نائاسایی خۆیدا لە ٢٠٢٣/٠٣/١٣ پەسەندی کرد:
١- کۆی داهاتی نەوتی بەرهەم هێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم لە یەک هەژماری بانکیدا دادەنرێت کە تێیدا سەرجەم داهاتەکانی هەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەنەوتییەکان دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێک بۆ هەر مەبەستێک وەسەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم یان هەرکەسێک کە ئەو دەسەڵاتی پێبدات دەسەڵاتی مامەڵە کردنی پێوە هەیە، هەروەها ئەو ئەژمارە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵی دەبێت، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکانی تر دادەخرێن.
٢- پشکی هەرێم لە کۆی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی هەرێم ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کۆی ڕێژەی هەناردەکردنی ٣,٥٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە پشتبەستن بە نرخی ٧٠ دۆلار بۆ یەک بەرمیل.
٣- لە ئەگەری هەر ناکۆکییەک لە دیدگاکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا دادەمەزرێت و ئەم لیژنەیە ڕاسپاردەکانی خۆی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی دەکات بۆ دەرکردنی بڕیاری گونجاو.