ڕوونبین
کۆمپانیای گێنێڵ ئێنێرجی Genel Energy کە لە سێ کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتی هەرێم پشکی هەیە و وەبەرهێنان دەکات ڕایدەگەیەنێت کە پارەی شایستەکانی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ی بۆ کێڵگەی تاوکێ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم (PSA)وەرگرتوو. پێشبینی دەکرێت پشکی گێنێل لە فرۆشی نەوتی هەرێم بۆ مانگی ئەیلول بەم شێوەیە بێت (تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شایستەی کیڵگەی تەق تەق و سەرتە وەرنەگیراوە):
هەموو ژمارەکان ملیۆن دۆلارە | چاوەڕی دەکرێ وەربگیرێت | بەپێی میکانیزمی پێشوو |
تاوکی ( وەرگیراوە) | ١٦.١ | ١٧.٧ |
تەق تەق | ٢.٤ | ٢.٤ |
سەرتە | ١.٤ | ١.٧ |
وەرگرتنەوەی پارەی دواخراو | ١٣.١ | ١٣.١ |
کۆ | ٣٣ | ٣٤.٩ |
فرۆشی نەوت لە مانگی ئەیلولەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەپێی فۆرمولەی نوێی نرخ دانراوە لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی بەدیهاتوو بۆ نەوتی خاوی تێکەڵاوی کوردستان (‘KBT’) لە ماوەی مانگی گەیاندنەکەدا، نەک لەسەر نرخی برێنت لەو ماوەدا کە لە ڕابردوودا بنەما ی دیاری کردنی نرخی نەوتی هەرێم بووە.
کەی بی تی (KBT) بریتییە لە کۆی تێكەڵەی ئەو نەوتەی کە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەگوازرێتەوە و لە بەندەری جەیهان دەفرۆشرێت.
گۆڕانکاری لە فۆرمولەی نرخ دانان کاریگەری خراپی لەسەر داهاتی بەدیهاتووی کێڵگەکە هەیە. لە مانگی ئەیلول دا هەر بەرمیلێک 11 دۆلار کەمتربووە بەراورد بە دیاری کردنی نرخ لەسەر بنەمای پێشوو، هەروەها کاریگەری لەسەر پشکی کارکردنی کۆمپانیاکە بۆ هەر بەرمیلێک 2 دۆلارە. ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتەکانی کۆمپانیاکە هەبووە بە بڕی 1.9 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو فرۆشەی لە مانگی ئەیلولدا ئەنجامدراون.
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی دەڵێت ئەگەر میکانیزمی نوێی نرخدانان لە هەموو ساڵی ٢٠٢٢دا پەیڕەو بکرایە، کاریگەری گۆڕانکارییەکە لەسەر نرخی مانگانەی بەدیهاتوو بۆ هەر بەرمیلێک لە ئاستی کێڵگەکاندا لە نێوان ٦ بۆ ١٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەبوو، لەگەڵ کاریگەرییەکانی لەسەر پشکی کارکردنی کۆمپانیاکە لە نێوان ١ بۆ ٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەبوو.
خشتەی خوارەوە کورتەیەک لە نرخی تێکەڵەی KBT کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ مانگەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ کاریگەری لەسەر داهاتی پشکی کارکردنی کۆمپانیاکە ( دۆلار بۆ بەرمیلێک) .
پوختەی ژمارەکان گۆرانی بەسەردا دێت بەهۆی گۆرانکاری تێچووی گواستنەوە و کوالیتی نەوتی خاو. کوالیتی ئێستا کەمبووەتەوە بەهۆی ئەوەی کوالیتی خاوی KBT لە برێنت کەمترە.
تێبینی دەکرێت لەم خشتەی خوارەوە جیاوازی نرخی برێنت لەگەڵ نرخی تێكەڵەی نەوتی هەرێم لەمانگی ئەیلول و تشرینی یەکەم دا ١٨ دۆلار بووە و لە تشرینی دووەم دا ٢٠ دۆلار و لە کانونی یەکەمدا جارێکی تر ١٨ دۆلار بووە( کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی برێنت) .
هەموو ژمارەکان دۆلار/ بەرمیلێک | ئەیلول ٢٠٢٢ | تشرینی یەکەم ٢٠٢٢ | تشرینی دووەم ٢٠٢٢ | کانوونی یەکەم ٢٠٢٢ |
نرخی برێنت لە کاتەدا | ٩٠ | ٩٣ | ٩٢ | ٨١ |
نرخی نەوتی خاوی تێکەڵاوی کوردستان (KTB) | ٧٢ | ٧٥ | ٧٢ | ٦٣ |
کاریگەری نرخەکە لەسەر داهاتی کێڵگەکە (ریکخراو بە کوالێتی KTB) | ١١ | ١٢ | ١٣ | ١٠ |
کاریگەری نرخەکە لەسەر پشکی داهاتی گەنێڵ ئەنێرجی لە کێڵگەکدا بە بەرمیل | ٢.٢ | ٢.٥ | ٢.٧ | ٢.٢ |
گەنێڵ دەڵێت چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ئەو پارە وەرگیراوانەی سەرەوەین ، دوای ئەوە هیچ پارەیەکی تر لە ژێر میکانیزمی پارەدانی حکومەتی هەرێم بۆ شایستە دواخراوەکانی ڕابردوو وەرناگیرێت.
لە وەڵامی پرسیاری ڕوونبین سەبارەت بەوەی چەند پارەی دواخراو ماوە کە کۆمپانیاکە لە حکومەتی وەربگرێت, گەنێڵ ئێنرجی وتی” کاتێک بڕی ئەو ١٣.١ ملیۆن دۆلارە وەرگیرا هیچ شتێکی زیاتر بۆ وەرگرتنەوە نامێنێت”.
شوباتی ٢٠٢٣
لە مانگی شوباتیشدا کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یەکەم شایستەی دارایی لەساڵی نوێدا وەرگرت کە بریتی بوو لە شایستەی دارایی مانگی ئابی ٢٠٢٢ دا بە پێی میکانیزمەکەی پێشوو، کە نرخی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم لەسەر بنەمای نرخی برێنت دیاری کرابوو( لە مانگی ئەیلولەوە گۆڕا بۆ میکانیزمە نوێ کە).
لە مانگی شوباتدا بەپێی پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکان و وەرگرتنەوەی پارەی دواخراوی کێڵگەی تاوکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کۆی ٣٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاری وەر گرتووە.
هەموو ژمارەکان بە ملیۆن دۆلارە | پارەی وەرگیراو |
تاوکی ( وەرگیراوە) | ٢٠.٢ |
تەق تەق | ٢.٥ |
سەرتە | ٢.٢ |
وەرگرتنەوەی پارەی دواخراو | ٦.٥ |
کۆ | ٣١.٤ |
تا ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا کۆمپانیاکە دوو گوژمە پارەی وەرگرتووە کە شایستەی مانگی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢ پێک دەهێنێت و بڕیارە کۆی ٦٤.٤ ملیۆن دۆلار وەربگرێت.
حکومەتی هەرێم لە بەرواری ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە هەستاوە بە هەموارکردنەوەی ئەو برگەیە لە گرێبەستە نەوتییەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی نەوت و ئەو بنەما و پێوەرەی کەنرخی نەوتی لەسەر دیاری دەکرێت. نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بێنچمارکی برێنت دیاری دەکرا کە بنەمایەکی جیهانیە، بەڵام لە دوای ئەم هەموارەوە کە کۆمپانیاکان ئیمزایان کردووە ئەو پێوەرەی کە نرخی نەوتی پێ دیاری دەکرێت بۆ، کوردستان بلێند (KTB)دەگۆڕێت. وەکو کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن: هەموارەکە بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان، لەگەڵ ڕێکخستنی پێویست بۆ کوالیتی نەوتی خاو بەهۆی گۆڕانی پێوەرەکانی دیاری کردنی نرخی نەوتی خاوەوە.