روونبین
کۆمپانیای یاسایی ڤینسۆن و ئێلکینز V&E کە بنکەکەی لە تەکساسە زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە بۆ ڕۆڵی ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئەمریکا.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە بەپێی یاسای تۆمارکردنی بریکارە بیانییەکانی ئەمریکا (FARA) تۆمارکراون، ئەو بڕە پارەیە پەیوەندی بە ماوەی شەش مانگەوە هەیە تا کۆتایی مانگی یەک ٢٠٢٣. وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٢دا ئەو کۆمپانیایەی راسپاردو ە بۆ ئەوەی ڕاوێژکاری بکات سەبارەت بە ڕێوشوێنی ناوبژیوانی نێوان عێراق و کۆماری تورکیا لە دادگاکەی پاریس..
هاوبەشی کۆمپانیاکە جەیمس لۆید لۆفتیس کە پسپۆڕییەکەی لە چارەسەرکردنی ناکۆکی نێودەوڵەتی و ناوبژیوانی دا هەیە، بڕی ٩٠٠ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک وەرگرتووە کاک بۆ ئامۆژگاری و ڕاوێژەکانی لەم بابەتەدا.
کۆمپانیای ڤینسۆن و ئێلکینز لە ماوەی ڕابردوودا لە بابەتی دیکەدا راوێژی بە بەغدا داوە. کۆمپانیاکە کۆمپانیایەکی یاسایی گەورەیە و ٣١ لقی لە ١٥ وڵاتی جیهان هەیە .
حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠١٤ دا ئەو کاتەی کە حسین شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق بوو داوایەکی لەدادگاای نێوبژیوانی پاریس ICC تۆمارکرد، بە پاساوی ئەوەی تورکیا بەشێوەیەکی نایاسایی ڕێگەی بەهەرێمی کوردستان داوە لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیاوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوت هەناردەی بکات ، و لە داواکەدا عێراق دا وای قەرەبووی ٢٨ ملیار دۆلار دەکات.
چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیارەکە دەربچێت و ئاماژەکان بەئاراستەی ئەوەیە کە لە بەرژەوەندی بەغداد یەکلا ببێتەوە.