رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت: “ئەمریکا پێیوایە هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە بواری گازدا گونجاوە.” پانێڵستێکی دووەمین کۆڕبەندی هەولێریش دەڵێت، کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکراینا بوونەتە دەرفەتێک بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە گازەکەیدا بکات و ببێتە هەناردەکارێکی گاز.
رۆژی چوارشەممە 1ـی ئاداری 2023، دووەمین کۆڕبەندی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە ناونیشانی “خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستیپێکرد و چەند پانێڵێک لەبارەی چەند بابەتێکی جیاجیا بە ئامادەبوونی شارەزا و بەرپرسانی بوارە جیاجیاکان بەڕێوەچوون.
پانێڵی یەکەمی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر بە ناونیشانی “گۆڕانکاری لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ململانێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” بوو. پانێڵیستەکانیش بریتی بوون لە هەریەکە رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای قەمەر ئینێرجی؛ ماتیو زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە و ئەحمەد تەبەقچەلی، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئای ئاڕ ئای ئێس و عومەر مورادی، بەڕێوەبەری دیسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو پانێڵەکەی بەڕێوەبرد.
لە پانێڵەکەدا، تیشک خرایە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی گاز و نەوت لە بازاڕی جیهاندا، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا کە جیهانی دووچاری قەیرانێکی قووڵی گاز کردووەتەوە.
جەنگی ئۆکراینا؛ دەرفەتێک بۆ هەناردەکارانی گاز
لەبارەی ئەوەی تا چەندە جەنگی ئۆکراینا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ وڵاتان و هەرێمەکانی دیکەی بەرهەمهێنەری گاز، وەکو هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پلانی هەناردەکردنیان جێبەجێ بکەن، رۆبن میڵز گوتی، کاتێک وڵاتێکی گەورەی هەناردەکاری گاز کە مەبەستی لێی رووسیایە “لە گەورەترین بازاڕی بێبەش دەکەیت، ئیدی دەبێت هەموو هێزەکانی دیکە خۆیان بگونجێنن، ئەوەش مانای ئەوەیە، نەک تەنیا ئەوروپا، بەڵکو وڵاتانی گەورەی هەناردەکاری گاز، کە ئەوە بێگومان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکا و ئەوانی دیکە لەخۆ دەگرێت، دەبێت خۆیان بگونجێنن”؛ گوتیشی، وڵاتە گەورەکانی هاوردەکاری گازیش دەبێت خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێیەکە بگونجێنن، ئەوەش، “نەک هەر ئەوروپایە، بەڵکو چین، ژاپۆن و هیندستان و ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی دیکەن.”
رۆبن میڵز دەڵێت، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە مانگی شوباتی 2022 دا وڵاتان هەوڵەکانیان چڕ كردەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی نوێی دابینکردنی گاز بدۆزنەوە.
هەرچی ئەوروپایە کە زیانمەندێکی سەرەکیی قەیرانی گازە لەدوای جەنگی ئۆکراینا، میڵز دەڵێت، “ئەوروپا لە باکووری ئەفریقا، ناوچەی دەریای قەزوێن و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بەدوای سەرچاوەی نوێی گازدا دەگەڕێت؛ بۆیە دەرفەتێکی زۆر باش هەیە بۆ وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا بەرز بکەنەوە.”
ئایا گازی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی گازی رووسیا؟
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش میڵز پێیوایە، “دەرفەتێکی سەرەکییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بۆ ئەوەی بایەخ بە هەناردە بدەن. ئێستا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنەرێکی گرنگی گازە، بەڵام بۆ بەکارهێنانی خۆی و هێشتا نەبووەتە هەناردەکارێکی گاز. هیچ کورتهێنانێک لە سەرچاوەی گازەکەیدا نییە و کێڵگەی گەورەی گازی هەیە. ئەوەی گرنگە بریتییە لە وەبەرهێنان، هاوئاهەنگیی بازرگانی و باشبوونی دۆخی سیاسی بۆ پەرەپێدانی ئەم پڕۆژانە. دەرفەتی روون لێرەدا ناردنی گازی هەرێمی کوردستانە بە تورکیادا، ئینجا بۆ پڕکردنەوەی بازاڕی تورکیا بێت یان بۆ ناردنی گازەکە بێت بۆ ئەوروپا، یانیش ناردی راستەوخۆی گازەکە بێت بەرەو وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا.”
مەرجی بەدیهاتنی ئەوەش، وەکو میڵز دەڵێت، هاوئاهەنگییەکی سیاسییە لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ئەوروپا.
لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەران رابکێشێت بۆ ئەوەی بێن و لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە کەرتی گازەکەیدا بکەن، میڵز پێیوایە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە “ستراتیژییەکی روون” هەیە لەسەر ئەوەی چۆن پەرە بە گازەکە دەدرێت و بەکاردەهێندرێت. کاری لەپێشینەش، وەکو خۆی دەڵێت، پڕکردنەوەی پێداویستیی کوردستان خۆیەتی لە گاز، “ئەوەش مانای ئەوەیە کە کەرتی پیشەسازیی گاز بتوانێت پەرە بە ئابووری نێوخۆ بدات و دەرفەتی کاریش دابینبکات.”
رێگەی دووەم بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لە گازەکەی وەربگرێت، بە بڕوای میڵز ئەوەیە کە گازەکەی بە عێراق بفرۆشێت بۆ ئەوەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێندرێت و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بەهێزبێت.
جگە لەوەش، میڵز دەڵێت، دەبێت ستراتیژییەکی روون هەبێت لەبارەی ئەوەی “چۆن وەبەرهێنەران دەتوانن دەرفەتێکی باش بۆ وەبەرهێنان بدۆزنەوە و چۆن نرخێکی گونجاو بۆ ئەو گازەیان دەستدەکەوێت کە بەرهەمی دەهێنن و پەرەی پێدەدەن و چۆن پارەکە وەردەگرن.”
لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان تا چەند دەتوانێت لە داهاتوودا کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی دابینکاری گاز بکات، بە تایبەتیش ئازەربایجان و رووسیا، رۆبن میڵز، کە دەرچووی زانکۆی کامبریجە و زیاتر لە 10 ساڵە لە بواری جیۆلۆجیای نەوت و ئابووری لە کۆمپانیای شێڵ و حکومەتی دوبەی کاریکردووە، پێیوایە کە “بەڵێ، گازی کوردستان دەتوانێت کێبڕکێکار بێت، بە دڵنیاییەوە، لەنێو تورکیاشدا. بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە ئەوروپا بە گشتی و پێویستیی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی دابینکردنی گاز، دەتوانێت لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاش کێبڕکێ بکات. ئەگەری ئەوەشی هەیە لە ئیتاڵیاش ئەوە بکات. پرسەکە لە چەند ساڵی رابردوودا بەو جۆرە نەبوو، بەڵام ئێستا وایە. پێویست ناکات کێبڕکێ لەگەڵ ئازەربایجاندا بکات، چونکە ئێمە ئازەربایجان وەکو کێبڕکێکار نابینین. ئەوروپا هەوڵدەدات جێگرەوە بۆ گازی رووسیا بدۆزێتەوە.”
رۆڵی ئەمریکا لە بەبازاڕکردنی گازی هەرێمی کوردستان
لەبارەی ئەوەی چۆن ئەمریکا دەتوانێت ئاسانکاری بۆ بەرفراوانکردنی کەرتی گاز لە هەرێمی کوردستان بکات و یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات بۆ ئەوەی پەرە بە سەرچاوەکانی گازەکەی بدات، ماتیو زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە گوتی: “ئەمریکا پێیوایە هەرێمی کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان تیایدا لە کەرتی گازدا” و گوتیشی کە ئەمریکا “ئێستا چاودێریی دۆخەکە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا عێراق دەتوانێت لەبواری بودجە و یاسای نەوت و گازەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاودێریی دامەزراوەکانی عێراق و ئەو ئاڕاستەیە دەکات کە عێراق پەیڕەوی دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا عێراق بەردەوام دەبێت لەوەی هاوتەریب بێت لەگەڵ ئێرانی دراوسێی یانیش بەڕێگەیەکی نوێ پێشوازی لە وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی دەکات لە شوێنی دیکەی بەدەر لە چین.”
رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2023، برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپیی ئەمریکا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەردانی هەولێری کرد و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و دوايين پێشهاته سياسييهكانى عێراق، پهيوهندييهكانى ئهمريكا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر – بهغدا و گفتوگۆى چارهسهركردنى كێشهكان، دۆخى نێوخۆیى ههرێمى كوردستان و پرۆسهى يهكخستنى پێشمهرگهیان تاوتوێ كرد.
له كۆبوونهوهکەدا ئامۆس هۆكستاين، نێردهى سهرۆكايهتيى ئهمريكا بۆ ژێرخانى جيهانى و ئاسايشى وزه و ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئهمريكا له عێراق ئاماده بوون.
لەبارەی ئەوەی ئەمریکا تا چەند دەتوانێت نێوەندگیری لەنێوان هەرێمی کورستان و عێراق بکات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەسەر هەبوونی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گاز، ماتیو زەیس دەڵێت، “ئەگەر بۆ ماوەی 16 ساڵ یاسایەکی نەوت و گازمان لە عێراق نەبووبێت، پێویستی بە نێوەندگیریی دەرەکی دەبێت. منیش پێم وایە کەئەمریکا دەتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت؛” گوتیشی کە ئەو پێیوایە ئەمریکا “ئامادەیە ئەو رۆڵە ببینێت. بەڵام دەبێت بۆ ئەوەش، شتێک لە نێوخۆی کوردستان بکرێت. دەبێت بەرەیەکی یەکگرتوو دروستبکات وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغداشدا.”
ماتیو زەیس، کە دکتۆرای لە پەیوەندیە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی پرینستنی ویلایەتی نیوجێرسی بەدەستهێناوە، پێیوایە ئەمریکا دەتوانێت “رۆڵی پرد لەنێوان هەولێر و بەغدا ببینێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا لەنێوانیاندا هەبووە.”
هۆکاری رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر پرسی وزە چییە؟
“بۆچی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکو ئێستا لەسەر پرسی وزە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک؟ بەو پێییەی هەردوولا لە ساڵی 2007ـەوە قسە لەسەر یاسای نەوت و گازەوە دەکەن.” پرسێکی دیکە بوو کە لەلایەن عومەر مورادی، وەکو بەڕێوەبەری پانێڵەکە وروژێنرا.
ئەحمەد تەبەقچەلی، لێکۆڵەر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی IRIS گوتی، “لە هەموو دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەبارەی کێشەیەکی گرنگەوە بۆ چارەسەری تەکنیکی گەڕاون، ئەوەش سەر ناگرێت، چونکە جیاوازیی نێوان هەردوولا ئەوە نییە کە ئێمە چۆن مادەی 111 یان 112 لێکدەدەینەوە، بەڵکو جیاوازییەکە لەسەر سروشتی فیدراڵییەتییەکەیە. چەند دیدێکی جیاواز هەن لەبارەی ئەوەی چۆن پێکهاتەی فیدراڵیی عێراق دەبینین. ئایا عێراق وەکو ناوەندێکی زۆر بەهێزی پێکهاتەی فیدراڵیی دەبینین یان وەکو پێکهاتەیەکی فیدراڵیی کە وڵاتانی دەوروبەر هێزی زیاتریان هەیە؟”
تەبەقچەلی پێیوایە کە پێش ئەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر یاسایەکی فیدراڵی لەسەر پرسی نەوت و گاز رێکبکەون، دەبێت لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بدۆزنەوە لەسەر ئەوەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان چۆن بێت؛ گوتیشی کە “ئەگەر تەماشای 17 بۆ 18 ساڵی رابردوو بکەین، دەبینین کە رێککەوتنی بودجەمان هەبووە، بەڵام پێش ئەوەی مەرەکەبەکە وشک بێتەوە، شکستیان هێنا. ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەوان گرنگی بە کێشەی گرنگ نادەن؛” دەشڵێت ئەگەر “کێشە سەرەکییەکان” چارەسەر بکرێن، دەتوانرێت “قوفڵی سەر گرنگیی گازی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێتەوە.”