درەو میدیا
عێراق ساڵانە(6) ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەدات لەسوتاندنی غازدا, لەساڵی (2020)دا, بەدووەم خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان ڕیزبەندكراوە لەڕووی سوتاندنی غازی هاوەڵ, كە بڕەكەی گەیشتووەتە نزیكەی (17.4) ملیار مەتر سێجا.
هەوڵەكانی عێراق بۆ سەربەخۆبوون لەغازی ئێرانی, مایەی نییگەرانی فەرمانگە بازرگانی و سیاسییەكانی تارانە, سەرەڕای ئەوەی بەدوریشی دەزانێت دراوسێ مێژوییەكەی, دوای ساڵانێكی زۆریش بتوانێت دەستبەرداری غازەكەی بێت.
عێراق گفتوگۆی نوێی لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامداوە, بە ئامانجی سود وەرگرتن لەسامانە سروشتییەكانی و, دەستبەردابوون لەئێران لەمەودای دوردا, كە ئەوەش هەندێك لەخاوەنكارە ئێرانییەكانی توڕەكردووە, بەگوێرەی تەلەفیزیۆنی (پرێس تیڤی) ئێرانی.
عیماد عەلاق, ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: عێراق گفتوگۆی جدی لەگەڵ پسپۆڕانی ئەمریكا ئەنجامداوە, بە ئامانجی هاوكاریكردنی لە سود وەرگرتن لەغازی هاوەڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا, كە ئەوەش وادەكات بەغداد دەستبەرداری غازی ئێران بێت, هەروەها ئەو كارەبایەشی لەئێرانەوە هاوردەی دەكات.
(6)ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەدرێت
عێراق چاوی لەوەیە سود لەشارەزایی و هاوكاری ئەمریكا وەربگرێت, بۆ ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی (6)ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەهۆی سوتاندنی غازی هاوەڵ, كە بڕەكەی ساڵانە دەگاتە (18) ملیار مەتر سێجا.
بانكی نێودەوڵەتی لەساڵی (2020)دا, عێراقی بەدووەم خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان ڕیزبەندكردووە, لەڕووی سوتاندنی غازی هاوەڵ لەدوای ڕوسیاوە, بەجۆرێك بڕی ئەو غازەی لەو ساڵەدا سوتاندوییەتی, گەیشتووەتە نزیكەی (17.4) ملیار مەتر سێجا.
عێراق لەساڵی (2021)وە, سەرقاڵی دیراسەكردنی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵە لەڕێی پلانێكی پێنج ساڵییەوە تا ساڵی (2026), وەزارەتی نەوتی عێراق چاوی لەوەیە لەساڵی (2023)دا, (400)ملیۆن مەتر سێجا لەو وەبەرهێنانە بۆ بەرهەمی كۆمپانیای غازی بەسرە زیادبكات, بەنیازیشە تێكڕایی ئەو زیادەیە بگەیەنێتە (2.6) ملیار پێ سێجای ڕۆژانە لەگەڵ هاتنی ساڵی (2026)دا.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا, بایەخ بەودۆسییە دەدات لەبەر هەردوو هۆكار, هۆكاری سیاسی و ژینگەیی, كە لەو ڕێگەیەوە عێراق دەتوانێت بڕێك سەربەخۆی و دوركەوتنەوە لەئێران بەدەستبهێنێت, لەڕێی وەبەرهێنانی غازەكەی لەبری سوتاندنی, هەروەها دەتوانێت بەهەمان پرۆسە پیسبونی ژینگەو ئەو پاشماوەیەی بەهەوادا بڵاودەبێتەوە لەو كەرتە, كەمبكاتەوە.
هاوشانی ئەوەش, گفتوگۆكانی عێراق و ئەمریكا سەریكێشاوە بۆ پەلەكردن لەپرۆژەی گرێدانی كارەبایی هەرێمی لەگەڵ ئوردن و سعودییەو وڵاتانی كەنداو, كە بەشداریدەكات لەكەمكردنەوەی پشتبەستنی عێراق بەكارەبای هاوردەكراو لەئێرانەوە.
پێویستی عێراق لەهاوردەكراوی ئێران
عیماد عەلاق, ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق, بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندووە: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جدییەتێكی زۆری پیشانداوە, بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت چارەسەری ستراتیجی چالاك جێبەجێبكات لەبواری وزەو پشتیوانی تۆڕی كارەباو, سود وەرگرتن لەسامانەكانی وڵات لەمەودای مامناوەندو دوردا.
ئەو لێدوانانە بازنەكانی دەسەڵات و بازرگانی لەئێران بێزاركردووە, كە ساڵانێكی دورودرێژە وەك باخچەی پشتەوە تەماشای عێراق دەكەن و, باوەڕ بەوەناكەن كە لەبواری وزەو كارەبادا عێراق دەستبەرداری وڵاتەكەیان ببێت, وێڕای سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
حەمید حسێنی, ئەندامی پێشوی ژووری بازرگانی ئێرانی-عێراقی هاوبەش ڕایگەیاندووە: عێراق ناتوانێت لەساڵانی ئایندەشدا دەستبەرداری غازی ئێران ببێت, بگرە پێویستی بە بڕێكی زیاتر دەبێت بۆ دابینكردنی بەرزبونەوەی داوارییەكان لەسەر وزە, بەتایبەت لەهەردوو كەرتی نیشتەجێبون و پیشەسازیدا.
حسێنی جەختیشكردووە لەسەر پێویستی زۆری عێراق بەكارەبای هاوردەكراو لەئێرانەوە, پێشیوایە هاوكارییەكانی ئەمریكا ناتوانێت وا لەعێراق بكات بڕی پێویست لەغاز بەرهەمبهێنێت و پێداویستییەكانی ناوخۆ دابین بكات, بەڵام ڕەنگە بتوانێت بەرهەمی غاز زیادبكات, بەجۆرێك بتوانێت بەشێك لەداواكاری وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەغاز كاردەكەن, دابین بكات.
كێشەی هاتوچۆ
حەمید حسێنی, بە ئاژانسی هەواڵی كاری ئێرانی (ئیلنا)ی وتووە: ئەگەر عێراق لەبواری وزەدا سەربەخۆبێت لەئێران, ئەوا بەناچاری خۆی دەبینێتەوە بەتێپەڕبون لەڕێی ڕێگاكانی ئێرانەوە, بەهۆی لاوازی دۆخی بەندەرە عێراقییەكان و لاوازی توانای, بۆ وەڵامدانەوەی زیادبونی داواكاری لەسەر شمەكی هاوردەكراو و بەربومەكان.
عێراق ساڵانە نزیكەی (20) بۆ (25) ملیۆن تۆن بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران هاوردە دەكات, ئەگەر هەوڵی ئەوە بدات كە دەستبەرداری هاوردەكردنی ببێت لەتارانەوە, ئەوا خۆی لەبەردەم كێشەی تێپەڕبون بەڕێگای ئێراندا دەبینێتەوە.
تاران قەیرانەكە قوڵتردەكات
عێراق برێكی زۆر لەغازی ئێرانی هاوردە دەكات, كە لەدوو وەرزدا دەگاتە ترۆپك, یەكێكیان لەوەرزی زستان كە دەگاتە (50) ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە, دووەمیشیان لەوەرزی هاوین, كە دەگاتە تێكڕای (70) ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە.
عێراق لەهاوینی ڕابردودا, ڕوبەڕوی قەیرانێكی گەورەی كارەبا بوەوە بەهۆی كەمكردنەوەی ناردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەكی پێوانەیی, كە ڕۆژانە گەیشتە (8.5) ملیۆن مەتر سێجا, بەهۆی دواكەوتنی بەغداد لەپێدانی شایستەكانی غازی ئێران لەساڵی (2020)دا.
بڕیارەكەی ئێران بەكەمكردنەوەی هەناردەی غاز, بووە هۆی كەمبونەوەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەعێراق, كە گەیشتە (7.5) هەزار میگاوات, ئەوەش وەزارەتی كارەبای عێراقی ناچاركرد پەلەبەكات لەپێدانی شایستەكانی ئێران كە بڕكەی (1.6) ملیار دۆلاربوو, پێش ئەوەی هاوردەكردنی غاز جارێكی دەستپێبكاتەوە.
وەزارەتی كارەبای عێراق لەگەڵ ئێران ڕێككەوت بۆ زیادكردنی هاوردەكردنی غاز لە (10) ملیۆن مەتر سێجاوە لە مانگی شوباتدا, بۆ (25) ملیۆن مەتر سێجا لەمانگی ئازاری (2023)دا.
ئەحمەد عەبادی, وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەلێدوانێكدا بەسەكۆی تاقەی ڕاگەیاندووە: وەزارەتەكەیان هیوای هەیە لەدوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تێكڕای هاوردەكراوی غازی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ئاستی خۆی كە (30) ملیۆن مەتر سێجا غازی ڕۆژانەیە.
دانوستان لەگەڵ قەتەر
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەوەڵامی پرسیارێكی سەرچاوەكەدا, ڕایگەیاندووە: وەزارەتی نەوتی عێراق بەدوای هەمەڕەنگكردنی هاوردەكردنی غازدا دەگەڕێت لەوڵاتانی ترەوە, لەوانە قەتەر, كە لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵیدا.
عەبادی جەختیكردووە, ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی نەوت و كارەبای دەستكراوە كردووە لەدانوستانكردن لەگەڵ قەتەر, بەپێی بڕیارێك كە لە مانگی شوباتی (2022)دا, دەرچووە.
بەپێی بڕیارەكە, وەزارەتی كارەبا ڕاسپێردراوە بە تاوتوێكردنی پێشنیازی پێشكەشكراو لەلایەن كۆمپانیای ئكسلیریتی ئەمریكی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی غازی قەتەر, بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت.
لەمانگی شوباتی ساڵی (2022)دا, سەكۆی تاقە وردەكاری گرێبەستە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان قەتەرو عێراقی ئاشكراكرد, بۆ هاوردەكردنی بڕی (1.5) تۆن غازی شلی ساڵانە.
هاوشانی ئەوەش, عێراق بیر لەپرۆژەی تەواوكاری دەكاتەوە بۆ دامەزراندنی سەكۆكانی غازی شل بۆ گۆڕینی بەغازی وشك, وێڕای بنیاتنانی تۆڕێك لەشۆستەو بۆری تایبەت بە گواستنەوەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا.
عەبادی دەڵێت, ئەو پرۆژانە زۆر گرنگن بۆ سەرخستنی هەر هەوڵێك كە وەزارەتی نەوت دەیدات لەبواری هاوردەكردنی غازی جێگرەوە لەوڵاتانی تری غەیری ئێران, لەپێشیانەوە لەوڵاتی قەتەر.
سەرچاوە: پێگەی الطاقة