روونبین
رۆژی هەینی ٢٧/٠١/٢٠٢٣، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، یەکێک لە بازرگانانی سەرەکیی کاڵا لە جیهاندا، کۆمپانیای ترافیورا، لە ڕێککەوتنی پێشوەختەی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەکشێتەوە.
کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە پاشەکشەیەکی دیکەیە بۆ حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بۆ بەردەوامبوون لە هەناردەکردنی نەوتی خاو بيشێوەی سەربەخۆ لە حکومەتی فیدراڵی عێراق.
بەگوێرەی سەرچاوەکەی بلومبێرگ، کۆمپانیای ترافیگورا کە پارەی بە قەرز داوە بە حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر هەناردەی داهاتووی نەوت لە هەرێمەوە، تا ئێستاش بەپێی گرێبەستی پێشوەختە 273 ملیۆن دۆلار قەرزارە.
ئەو سەرچاوەیە بە بلومبێرگ-ی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێم ڕەتیکردەوە دانوستاندن لەسەر مەرجەکانی گرێبەستەکە بکاتەوە لەکاتێکدا هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ترافوگورا لە داڤۆس لە لایان بارزانییەوە لە کۆتا خولەکدا هەڵوەشێندرایەوە.
کەشوهەوای وەبەرهێنان لە کوردستان لە ئێستادا لەبار نییە بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە پیشەسازی نەوتدا- سەرەڕای بانگەشەی بەرپرسانی کوردستان بە پێچەوانەوە- لە کاتێکدا ناکۆکییەکی تاڵ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر ئەوەی کێ مافی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و داهاتی هەرێمی هەیە. لە شوباتی ٢٠٢٢دا، دادگای باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن کوردستانەوە بەسەربەخۆ لە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا، نادەستوورییە و دەبێت حکومەتی هەرێم هەموو بەرهەمهێنانی نەوت ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات.
هەناردەکردنی نەوت زیاتر لە ٨٠%ی بودجەی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و بەبێ داهاتی نەوت ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە, جگە لە تەرخان نەکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.
بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاوی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای دیلۆیت کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕاسپێردراوە، بۆ وردبینی کردن لە هەناردە و داهاتی نەوت بەرهەمهێنان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ نزیکەی ٤٣٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٤٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.
ئەگەر وەبەرهێنانەکان نەگەڕێنەوە بۆ کەرتی نەوت لە کوردستان، ئەوا دەکرێت نەوتی خاو کە بەردەستە بۆ هەناردەکردن تا ساڵی ٢٠٢٧ بۆ نیوە دابەزێت بۆ ٢٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی بیرە کۆنەکان، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە ڕۆیتەرز لە ساڵی ڕابردوودا بینیویەتی.
هەروەها بەپێێ شیکارییەکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠٣ بۆ تۆزێک سەروو ٤٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیووە . هەروەها راپۆرتەکەی روونبین بەراوردی ئاستی بەرهەمی ٤ کێڵگەی بەرهەم هێنی کردووە کە دوانیان لە ماوەی ٧ ساڵدا بەم شێوەیە بەرهەمیان کەمی کردووە:
- کێڵگەی تاوکی لەساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەمی گەشتبووە ١٤٥ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوت بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا دابەزیوە بۆ ٤٦ هەزار ٤٧٨ بەرمیل ی رۆژانە دابەزیوە ، هەروەها کێڵگەی تەق تەق بەهەمانشێوە لە ساڵی ٢٠١٥ بەرهەمی گەشتبووە ١٤٨ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل بەڵام لە کۆتای ساڵی ٢٠٢٢٢ ئەویش بۆ ٣٩٧٠ بەرمیل دابەزیوە. ئەم ٢ کێڵگەیە لەماوەی ٧ ساڵدا بەرهەمیان ٢٤٢ هەزار بەرمیل و ٩٥٢ بەرمیلی رۆژانە کەمی کردووە.
- هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا کێڵگەی کەرمیان بەرهەمی لە ٣٢ هەزارەوە بۆ ١٤ هەزار بەرمیل دابەزیوە و کێڵگەی سەرتەش لە نزیکەی ١١ هەزارەوە بۆ ٣٩٦٠ دابەزیوە کە لەم ٢ کێڵگەش بەیەکەوە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت کەمی کردووە.
بەهۆی ئەو مەترسیانەی لەسەر نەوتی هەرێم درووست بووە هەر لە بڕیاری دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی سکتەری نەوتی هەرێم، وە ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی نەوت دژی کۆمپانیا نەوتییەکان، خزمەتگوزارییەکان و کڕیارانی نەوتی هەرێم، لە مانگی ئەیلولی ڕابوردووەوە نەوتی هەرێم بەداشکاندنی زۆر دەفرۆشرێت لە نێوان ١٧ بۆ ٢٠ دۆلار کەمتر لە نەوتی برێنت. دەرئەنجام داهاتی کەمتر لە فرۆشی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم و کێشەی مووچەو خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبێت.