ڕوونبین
کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی ئەمڕۆ ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ڕایگەیاند کە فرۆشتنی پشکەکانی لە کێڵگەی سەرسەنگ تەواوکرد و وەبەرهێنانی لەهەرێم کۆتایی پێهات. هەروەها کۆمپانیای شامارانیش لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکە نوسیویەتی “کۆمپانیای شاماران بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنێت کە کڕینی کۆمپانیای “TEPKRI(TEPKRI Sarsang A/S” ( کە کۆمپانیایەکی سەر بە تۆتاڵ ئەنێرجییە) ئەمڕۆ تەواو بووە، کە پێشتر لە بەیاننامەی هەواڵی کۆمپانیاکە لە 12ی تەمموزی 2021 ڕاگەیەندرابوو“.
تۆتاڵ پشکی ١٨٪ ی هەبوو لە بلۆکی نەوتی سەرسەنگ لە هەرێم کشایەوە و پشکەکانی خۆی فرۆشت بە کۆمپانیای شاماران کە لە کێڵگەی ئەتروش خاوەن پشکە.
کۆمپانیای شاماران کە کۆمپانیایەکی کەنەدی یە لە مانگی تەموز ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند لە بەرواری ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە پشکەکانی کۆمپانیا فەڕەنسیەکەی کڕیوەتەوە بە ١٥٥ ملیۆن دۆلار و پێدانی ١٥ ملیۆن دولاری تر کاتێک کە :
١- کۆی بەرهەمی کێڵگەی سەرسەنگ گەشتە ١٣٠ ملیۆن بەرمیل .
٢- تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ٦٠ دۆلار کەمتر نەبێت لە ماوەی ١٢ مانگدا.
ئەمرۆش ١٥ی ئەیلول کۆمپانیای تۆتاڵ ڕایگەیاند کە وەبەرهێنانی لەهەرێمی کوردستان کۆتایی پێ هێناوە.
کۆمپانیای شاماران
- دەڵێت بڕی ٥٫٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی سوک ڕۆژانە زیاد بووە بۆ پشکە کانمان.
- چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی کۆمپانیاکە (شاماران) لە چارەکی دووەمی ٢٠٢١ دا لە ١١٫٠٩٠ بەرمیلی ڕۆژانەوە دوهێندە زیادبکات دوای ئەوەی کاری فراوانکردنی یەکەکانی چارەسەر لە کێڵگەی سوارەتکە لە بلۆکی سەرسەنگ لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ دا تەواوەبێت.
- نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و کوالیتی بەرزە و ڕێژەی API یەکەی ٣٦-٣٩یەو ڕێژەی گۆکردی کەمە بۆیە داشکاندنی بۆ نەوتی برێنت کەمە. کۆمپانیاکە دەڵێت یەکێکە لەو کێڵگانەی هەرێم کە کەمترین داشکاندنی هەیە بۆ نرخی برێنت.
- تێچوی وەگەڕخستن Opex لەم کێڵگەیە کەمە و نزیکە لە ٥,٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بلۆکی سەرسەنگ دەکەوێتە بەشی باکوری بلۆکی ئەتروشەوە کە کۆمپانیای شاماران خاوەن پشکە تیایدا. پێک دێت لە دوو کێڵگە سوارەتکە و سوارەتکەی ڕۆژهەڵات. لە سوارەتکە کاری فراوانکردنی تێدا دەکرێت و یەکەیەکی چارەسەری نوێی تێدا دادەنرێت توانای ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە و چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا کۆی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە بگاتە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت. بڕیارە بلۆکی سەرسەنگ لەڕێی بۆرییەوە ببەسترێتەوە بە فیدەری هێڵی گواستنەوەی ئەتروشەوە و بەمەش بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبەسترێتەوە بەهێڵی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانەوە و ئێستا کارکدن تیایدا بەردەوامە.
ئێستا کێڵگەی سەرسەنگ ٦٢٪ ی لەلایەن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN ی ئەمریکی و ١٨٪ ی ل لایەن شاماران ShaMaran ی کەنەدییەوە خاوەنداری دەکرێت و ٢٠٪ کەی دەمێنێتەوە پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا تێکڕای بەرهەمی سەرسەنگ بریتیی بووە لە ٢٩,٧٠٠ بەرمیل نەوت بووە لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ٢٨,٩٠٠ بەرمیل و چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمی بلۆکە نەوتییەکان بگاتە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و بەڵام ئێستا چاوەڕێدەکرێت لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ وە بگاتە ئەو ئاستە .
کۆی نەوتی بەرهەم هاتووی ئەم کێڵگەیە تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ٤٧ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت.
ئەم کێڵگەیە یەکێکە لەو کێڵگانەی هەرێم کە تێچووی کەمە بە هەمان شێوەی کێڵگەی ئەتروش و شێخان کە لە پاڵ یەکدان و لە کێڵگە نوێکانی هەرێمی کوردستانن.
تۆتاڵ ئەنێرجی لە عێراق
کۆمپانیای تۆتالئینێرجیس لە ساڵانی 1920 بە دۆزینەوەی کێڵگەی کەرکوک لە عێراق دەستی بە چالاکییەکانی کرد. لە ئێستادا کۆمپانیاکە 22.5% پشکی لە کێڵگەی نەوتی هەلفەیە هەیە. بەرهەمی نەوتی تۆتاڵ ئەنێرجیس “TotalEnergies” لە ساڵی ٢٠٢١ لەعێراق نزیکەی 14 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
لە مانگی ئەیلولی 2021 کۆمپانیای تۆتالئینێرجیز ڕێککەوتنی گەورەی فرە وزەی لە عێراق واژۆ کرد کە بریتین لە دروستکردنی تۆڕێکی نوێی غاز و یەکەکانی چارەسەرکردن، دروستکردنی یەکەیەکی پاککردنەوەی ئاوی دەریا بە قەبارەیەکی بەرفراوان و دروستکردنی وێستگەیەکی فۆتۆڤۆڵتایک بە توانای 1 گیگاوات.
دەربارەی تۆتاڵ ئەنێرجی TotalEnergies
کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی کۆمپانیایەکی جیهانی فرە وزەیە کە وزە بەرهەم دەهێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە: نەوت و سووتەمەنی بایۆلۆجی Biofuels ، غازی سروشتی و گازی سەوز، وزەی نوێبووەوە و کارەبا. زیاتر لە ١٠٠ هەزار کارمەنی هەیە. کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی لە زیاتر لە ١٣٠ وڵات چالاکە.