رۆیتەرز: لەلایەن ئامینە ئیسماعیل و مەها ئەلدەهان
وەرگێڕانی روونبین
- کێڵگە نەوتییەکان بە خێرایی کەم دەبنەوە – بەڵگەنامەکانی حکومەت
- هەرێمی کوردستان زۆر پشتی بە داهاتی نەوت و گاز بەستووە
- بەبێ وەبەرهێنان، هەناردەی نەوت دەتوانێت دابەزێت – بەڵگەنامەکان
بەپێی ئەو به ڵگه نامانەی حكومه ت كه رۆیتەرز بینیویەتی ، ده رده كه وێت ئه گه ر هیچ لێكۆڵینه وه ی نوێ و وەبەرهێنانی گه وره له و كه رته دا نه كرێت به رهه مهێنانی نه وت له هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2027 نزیكه ی بۆ نیوه كه م بكاته وه.
دیپلۆماتکاران و بەرپرسان و پسپۆڕانی وزە دەڵێن دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، کە شادەماری ژیانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئازارە ئابوورییەکانی هەرێم زیاتر دەکات لە عێراقێکی ناجێگیردا.
بەپێی بەڵگەنامەكان، بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە ماوەی پێنج ساڵدا بۆ 580 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبێتەوە بەپێێ سیناریۆیەك كە تێیدا وەبەرهێنان بە تەواوی باشتر بێت، بەمەش 530 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ هەناردەكردن بەردەست دەبێت.
بەڵام بەبێ وەبەرهێنانی نوێ، هەرێمی نیمچە سەربەخۆکە ڕەنگە تەنها 240 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەبەردەستیدا بێت بۆ هەناردەکردن لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی بیرە کۆنەکان، بەڵگەنامەکان کە پێشتر ڕاپۆرت نەکراون وا نیشان دەدەن.
كاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت ” زۆر مەترسیدارە”
گوتیشی: ” پێویستە ئاگاداربین، بەڵام پرسێکی گەوەرە نابێت ئەگەر کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق یەکلایی بکەینەوە، ئەوکاتە کوردستان دەتوانێت بلۆکی نوێ پەرەپێبدات و بەرهەم زیاد بکات. ئێمە کۆگایەکی نەوتی زۆرمان هەیە”.
حکومەتی هەرێم وەڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە..
بەپێی دەستووری عێراق، هەرێم مافی ئەوەی هەیە بەشێک لە بودجەی نیشتمانی وەربگرێت. بەڵام رێکەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا تێکچوو، کاتێک کوردەکان دەستیان بەسەر کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باکووری عێراق لە کەرکوکدا گرت و لەوێوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستیان بە فرۆشتنی نەوتی خاو کرد.
لە ساڵی ٢٠١٨دا هێزە عێراقییەکان ناوچە کێشە لەسەرەکانیان گرتەوە، لەنێویاندا شاری نەوتی کەرکوک، بەغداش دەستی بە هەندێک پێدانی بودجە کردەوە بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوام نەبووە. تا ئێستا ئەمساڵ دوو گوژمە پارەی ناردووە بە بڕی 200 ملیار دیناری عێراقی (137 ملیۆن دۆلار).
دابەزینی سروشتی
بەپێی قسەی بەرپرسێكی حكوومەت، لە ئێستادا قەرزی حكومەتی هەرێم نزیكەی 38 ملیار دۆلارە و پەرلەمانتار گەزنەیش دەڵێت هەناردەی نەوت 85%ی بودجەی هەرێم پێكدەهێنێت.
باری دارایی حکومەتی هەرێم ئەمساڵ باشتر بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەڵام دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستەنگە داراییەکان.
بەپێی راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت، بەرهەمی نەوتی هەرێم لە ئێستادا لە نزیکەی 468 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2019 بۆ 445 هەزار بەرمیل لە ساڵی رابردوودا دابەزیوە و لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022دا بۆ 434 هەزار نەوت دابەزیوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێم رایگەیاند “هۆکاری دابەزینی بەرهەمی ئێستای نەوت دەگەڕێتەوە بۆ نەتوانینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هێنانی وەبەرهێنانی زیادە بۆ زاڵبوون بەسەر دابەزینی سروشتی کە ساڵانە لە 15% بۆ 20% لە بەرهەمهێنان بۆ هەر بیرێک”.
لە بەڵگەنامەكانی حكومەتدا هاتووە كە دابەزینی ئاستی بەرهەم لە سێ كێڵگەی گەورەی نەوت- تاوكێ، خورمەڵە و تەق تەق- هۆكاری سەرەكی دابەزینی نەوتن.
ئەگەری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکردووە گرنگ بێت بۆ حکومەت بەرهەمهێنانی غاز بەرزبکاتەوە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە پرۆژەیەک بۆ فراوانکردنی یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی عێراق راگیراوە (کێڵگەی کۆرمۆر).
نەوتی ناوچەکە لە کونکردنی تێکشکاندنی بەردەکانی لایم ستۆن(LimestoneRocks) دێت. شارەزایانی وزە دەڵێن ئەمە لە سەرەتادا دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەرز، بەڵام ئاستی زۆری بەرهەمهێنان و فشارخستنە سەری دەتوانێت بە خێرای ئاو هێرش بێنێتە ناو حەشارگەکانەوە و بەرهەم کەم کاتەوە.
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەند کێڵگەیەکدا، لەنێویاندا تەق تەق، دەستڕاگەیشتن بە نەوتەکە قورستر کردووە، بەپێی وتەی بەرپرسێکی حکومی و پسپۆڕانی وزە، کەمبوونەوەی خێرای بیرەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی خراپ و تەحەدای جیۆلۆجی.
شارەزایانی وزە و سەرچاوە پیشەسازییەکان دەڵێن ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەتوانێت هەرێم لە خلیسکان بۆ ئیفلاس ڕزگار بکات، بەڵام کەشوهەوای سەختی وەبەرهێنان ڕێگری دەکات.
ڕۆبن میڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری قەمەر ئینێرجی دەڵێت: “هەندێک فراوانکردنی مەیدانی کێڵگەکان هەیە بەڵام خاون. کۆمپانیاکان بەزەحمەت دتوانن ڕەزامەندی وەربگرن و ئێستا چەند ساڵێکە دۆزینەوەی نوێی بەرچاو ڕووینەداوە”
وتیشی: “بەبێ پەرەپێدانیە نوێیە گەورەكان مەترسی ئەوەیان لەسەرە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بەدابەزین بکەن” مەبەست بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانە.
کۆگاکانی کەرتی نەوت
بەپێی گەشبینترین پێشبینیەكانی حکومەتی هەرێم، هەرێمی كوردستان یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی كەمتر لە 3 ملیار بەرمیلە، کە بەشێكی كەمە لە یەدەگی سەلمێنراوی گشتی عێراق كە زیاتر لە 140 ملیار بەرمیل نەوتە.
کەرتی وزەی هەرێم لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پاشەکشە بووەتەوە.
بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە مانگی شوباتدا بنەما یاساییەکانی کەرتی نەوت و غازی لە ناوچەکەدا بە نادەستووری زانی، ئەمەش هەندێک کۆمپانیای بیانی ناچارکرد، لەوانە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری کێڵگەی نەوتی ئەمریکی شلومبێرگەر (SLB.N)، بەیکەر هیوز (BKR.O) و… هالیبورتۆن (HAL.N)، هەرێم بەجێ بهێڵن
بڕیاری داهاتوو لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ لە نێوان تورکیا و عێراق شەپۆلێکی نادڵنیای دەدات بە کۆمپانیا بیانییەکان کە هێشتا لەهەرێم کاردەکەن.
عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە تورکیا ڕێکەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی پێشێل کردووە بە ڕێگەدان بە هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا بۆری هەناردەکردنی نەوت بەکاربهێنێت کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەڕوات.
دوایین دانیشتنی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە مانگی تەمموزدا بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی دەدرێت، بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرچاوە ئاگادارەکان.
وەبەرهێنەرانی نەوتی بیانی بۆ یەکەمجار لە سەردەمی سەدام حوسێن سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق هاتنە کوردستان، کە ناوچەکە بە سەقامگیرتر و ئارامتر لە هەموو عێراق دادەنرا.
بهڵام ئهستێرهی هەرێم دهستی به كاڵبوونەوە كردووه، کۆمپانیا گهوره بیانییهكان رێگریان لێ دەکرێت بههۆی گرژییهكانی نێوان ههرێم و حكومهتی ناوهند له عێراق،هەروەها کەمبونەوەی یهدهگی نهوتی كوردستانی عێراق و كێشه ئهمنییهكان.
ئێستا کوردستان تەنها مشتێک ئۆپەراتۆری(کۆمپانیا) بچووک و مامناوەندی هەیە کە زۆرێکیان گلەیی لە ژینگەی سەختی کارکردن دەکەن. ئەگەر ژینگەی وەبەرهێنان باشتر نەبێت کوردستان مەترسی کشانەوەی زیاتری لەسەرە.
“سەرچاوەكەی حكومەتی هەرێم دەڵێت “(كورد) لەخەوندا دەژی و نایەوێت لە خەو هەڵبستێت”.