روونبین
ههناردهی نەوتی عێراق بۆ وڵاتانی ئهوروپی له ماوهی مانگی تهموزدا بۆ زیاتر له 22%ی كۆی ههنارده بهرزبووهتهوه.
ئەو بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هەروەها ئەو سزایانەی کە وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە ڕووسیا گرتوویانەتە بەر، لەوانە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا.
ئەو نەوتەی عێراق لەو كێڵگە نەوتییانەوە هەناردە كراوە كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە سەرپەرشتی دەكرێت. نزیكەی 23 ملیۆن بەرمیل لە كۆی 101 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل كە لە ماوەی مانگی تەمموزدا هەناردە كراوە بۆ ئەوروپا بووە.
تورکیا بە 7 ملیۆن بەرمیل و ئیتالیا 5 ملیۆن بەرمیل و ئیسپانیا 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل و یۆنان 3 ملیۆن بەرمیل و هۆڵەندا بە 2 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدا هات.
ئەو پاڵاوگانەی کە لە ئیتاڵیا و یۆنان و ئیسپانیا کاردەکەن، بەشێکی زۆری پێویستی نەوتیان لە عێراقەوە هاوردە دەکەن.
جێگای ئاماژەیە کە هەناردەی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا پێش قەیرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە 12% تێپەڕی نەکردووە، ئەوەش بەهۆی گرنگیدانی عێراق بە بازاڕی ئاسیا.
ئاراستەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی رەها بازاڕی ئەوروپایە و ڕۆژانە بەتێکڕا ٤٢٠ بۆ ٤٣٥ هەزار بەرمیل لە ڕێی بەندەر جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکات کە نزیکە لەو ڕێژەیەی کە کۆمپانیای بەبازارکرنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”لەمانگی تەموزدا زیادی کردووە بۆ کڕیارانی ئەوروپا.
ئایا ئەم هەنگاوەی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێن و فشارانەدایە دایە کە دژی سەکتەری نەوتی هەرێم لە مانگی شوباتەوە لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵ گرتویەتییەبەر؟ کە بەهەڕەشەکردن لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەستی پێکرد و دواهەمین هەوڵیش لە ٢٣ی ئابدا بوو بەوەی هەڕەشەی لە کڕیارانی نەوتی هەرێم کرد کە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر، ئەو نەوتەشی کەدەیکڕن بە نەوتی بە قاچاخ براوی عێراق ناوزەدی کرد.
ئایا وەزارەتی نەوت سۆمۆ دەیەوێت بەکڕیارانی نەوت لە ئەوروپا بڵێت کێشەی دابینکردنتان بۆ دروست نابێت گەر ڕاستەوخۆ نەوت لەمن بکڕن و دەتوانم ئەو بۆشاییەی هەرێمتان بۆ پڕبکەمەوە؟