ئامادەکراوە لەلایەن: کۆمپانیای GIBSON DUNN بۆ کاروباری یاسایی
کۆمپانیای GIBSON DUNN بۆ کاروباری یاسایی ڕۆژی یەکشەممە بابەتێکی بڵاوکردەوە کە تیشک دەخاتە سەر بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە لەوانەیە عێراق دووچاری داواکاریی قەرەبووکردنەوە بکات لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن وزیانی ماددی بگاتە دەیان ملیار دۆلار.
“بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای عێراق بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەر دەکێشێ بۆ سکاڵای یاسایی ناوبژیوانی”
ئەم جۆرە لە دەستێوەردان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە دۆسییەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پاڵ بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەنێت کە ئەگەر بە زووترین کات ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت، کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دەست بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بکەن لە دژی حکومەتی عێراق. پێشبینی دەکرێت ئەم کۆمپانیانە لەبەردەم نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا داوای قەرەبوو بکەن لە حکومەتی عێراق.
بە مانایەکی تر، ئەم کۆمپانیانە پەنا دەبەنە بەر یەکلاکردنەوەی دۆسییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ژێر ڕۆشنایی هەر یەک لە “بەندەکانی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان“(PSC) و “بەندەکانی تایبەت بە پەیماننامەکان” کە ئەمیان لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی بواری وەبەرهێنانی کاری پێ دەکرێ. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە بەپێی گرێبەستی درێژخایەن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، زیانەکانی حکومەتی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی ئەم کۆمپانیا نێودەوڵەتیانە کە زەرەریان پێدەگات لەوانەیە بگاتە دەیان ملیار دۆلار.
دەکرێت حکومەتی عێراق بخرێتە ژێر بەرپرسیارێتی پێشێلکردنی گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بە پێی یاسای “گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان (PSC)” بە تۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دەستکاریکردنی ئەم گرێبەستانە داوە.
هەروەها عێراق تۆمەتبار دەکرێت بە پێشێلکردنی “بڕگەی جێگیرکردن” کە یەکێکە لە بڕگەکانی گرێبەستی (PSC) کە هەر یەك لە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری پێ دەکەن، ئەم بڕگەیە تایبەتە بە ئەگەری گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێك دژی حکومەتی عێراق لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراق هەر گۆڕانکاریەك لە دۆخی دارایی یان ئابووریی گرێبەستەکان ئەنجام بدات کە کۆمپانیاکان واژویان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە ڕوی یاساییەوە عێراق دەکرێت بخرێتە دۆخێکی قورسەوە، چونکە بە گەڕانەوە بۆ دەستوری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستووری و بەشێکی سەرەکیە لە عێراق. بۆیە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن دەتوانن لە ئەگەری تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی حکومەتی عێراق ئاماژە بە بڕیارێکی نوێی دادگای باڵای ئینگلتەرا بکەن کە لەم دواییانە داویەتی، بڕیارەکە پەیوەندیدارە بە کەیسی پێشێلکردنی دوو گرێبەستی نەوت و گاز، وئاماژە بەوە دەکات کە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان “مومارەسەی دەسەڵاتە لە چوارچێوەی سەروەریی دەوڵەتی عێراقدا”.
ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانەی کە بەر کاریگەریی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کەوتوون، چەندین پەناگەی یاسایییان هەیە بۆ ئەوەی داوای قەرەبووکردنەوە بکەن لە ئەنجامی ئەو زیانانەی کە لەوانەیە تووشی ببن. لەم حاڵەتەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە عێراق لە ساڵانی ئاییندەدا و لە بەردەم نێوەندە جیهانییەکاندا خۆی لەبەردەم چەندین دۆسییەی یاساییدا دەبینێتەوە کە لە مەودای دەیان ملیار دۆلاردایە (ئەگەر زیاتر نەبێت).