د. یادگار ئەستێر
هەرچەندە عێراق زۆر دەوڵەمەندە بە یەدەگی نەوت، بەڵام بەگشتی ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز کە ئێستا لە عێراقدا هەیە بۆ مانەوەی کۆمپانیا گەورەکان گونجاو نییە بەهۆی گێژاوی سیاسی و ئەمنی لە سەرتاسەری وڵاتدا. تا چارەکی سێیەمی ساڵی ڕابردوو، کۆمپانیای شێڵ و نەوتی بەریتانی (BP) و ئێکسۆن مۆبیل کشانەوە، هەروەها کۆمپانیای لوکۆیل (Lukoil) ئاگاداری فەرمی خۆی لە نیازی فرۆشتنی پشکەکەی بە چینییەکان دا، بەڵام دواتر بەهۆی جەختکردنەوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لوکۆیل بۆ ماوەیەک لە بڕیارەکەی کشایەوە.
بێ گومان هەرێمی کوردستانی عێراق لەم کێشەیە سەلامەت نییە بە تایبەتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و دەرکردنی نامەی هۆشداری لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە دژی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئێستا کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن. لەڕاستیدا هۆکارەکان زۆرن، بەڵام لە هەمووەموویان گرنگتر هۆکاری هێزی سەرتر (Force Majeure /القوە القاهرة) یە کە کە بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا ڕێکدەخرێت.
سەرەتا گرنگە بزانین هێزی سەرتر چییە؟
زۆر بەکورتی، زاراوەی “هێزی سەرتر” لە یاسای فەرەنساوە هاتووە بەڵام لە یاسای ئینگلیزیدا زۆر فراوانترە، کە هیچ مانایەکی جێگیر و جگە لەوەی کە گوزارشت لە بارودۆخی چاوەڕوان نەکراو یان ڕووداوی پێشبینی نەکراو بکات. لە کاتێکدا دەتوانین بەگشتی بڵێین ئەو بڕگانەی باس لە هێزی سەرتر دەکەن لە گرێبستێکدا ئەو بارودۆخانە بەڕێوەدەبەن کە لە ژێر کۆنترۆڵی گونجاوی لایەنێکی گرێبەستکاردا نین نەک پێشبینی نەکراو بن. لەم ڕوانگەیەوە ەپێی یاسای ئینگلیزی هیچ مەرجێک نییە کە بارودۆخە پەیوەندیدارەکان بە هێزی سەرتر پێشبینی نەکراو بن؛ بەڵکو ئەرکەکە لەسەر ئەو لایەنەیە کە بڕگەکە چالاک دەکات بە نیشاندانی بارودۆخێک کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی گونجاوی خۆی”کۆنترۆڵی مەعقول” (یان بریکارەکەی) بێت کە لە کۆتاییدا بە واتای بەکارهێنانی “تەنها یەک هەڵبژاردە دێت نەک هەڵبژاردەیەکی دیکە”. بۆیە کاریگەری ڕاستەقینەی ئەم برگەیە ڕاستەوخۆ بەندە بە شێوازی داڕشتنی بەندەکە لە نێوان لایەنەکاندا کە چۆن بەکاریان هێناوە. بەمپێیەبێت یاسای ئینگلیزی واتایەکی فراوانتری بەخشیوە بە پرنسیپی “هیزی سەرتر”. ئەوەی گرنگە تەنها لایەنێکی گرێبەستکار دەتوانێت بانگەشە بۆ بڕگەی هێزی زیادە بکات کە لە بنەڕەتدا کراوەیە بۆ هەر لایەنێکیان کە ئەو بڕگەیە بەرکاربخات. وە ئەگەر بە یاسایی تێڕوانینی بۆ بکەین، بڕگەی “هێزی سەرتر” دەتوانێت گرێبەستەکە کۆتایی پێبهێنێت بەبێ قەرەبووکردنەوە بەو مەرجەی ڕەوا بێت و مەرجەکانی تێدا بەدی بکرێت.
ئێستا دەزانین کە کۆمپانیاکانی بواری نەوت کوردستان بەجێدەهێڵن کە هێشتا گرێبەستەکانیان تەواو نەبووە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم کۆمپانیایانە پێش ئەوەی بڕۆن ئاماژەیان بە بڕگەی هێزی سەرترکردووە؟
بیستمان کە SGC ئاماژەی پێکردووە، بەڵام هێشتا بۆ ئەوانی دیکە ڕوون نییە.
ئایا هۆکاری نەبوونی “کۆنترۆڵی مەعقول” بۆ ئەم کۆمپانیایانە سورشتیە یان دەستکردە؟ بێگومان دەستکردە. كەدەستکردە، ئایا ئەو دەسەڵاتەی هۆکارەکەی دروست کردووە بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە یان نا؟ بەڵی چونکە دەسەڵاتی دادوەری (دادگای فیدڕاڵی) دەسەڵاتی بژاردەی داوە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن. کەواتە لێرە پرسی قەرەبوکردنەوە دێتە ئاراوە. لێرەدا پرسیارێکی دیکەی گرنگ لە هەڵسەنگاندنی “کۆنترۆڵی مەعقول”ی لایەنێکدا ئەوەیە کە ئەو ڕووداوەی “هێزی سەرتر” کە پشتی پێدەبەستێت تا چ ئاستێک لە ڕووی هۆکارەوە پەیوەندی بە ئەنجامنەدانی گرێبەستەکە هەیە بۆ ئەولایەنەی بڕگەی هێزی سەرتر چالاک دەکات؟ بەپێی یاسای ئینگلاند، کە ئەو ڕووداوەی کە بۆ بڕگەی”هێزی سەرتر” پشتی پێ دەبەسترێت، دەبێ تاکە هۆکار بێت بۆ ئەنجامنەدانی بەشێک یان هەموو گرێبەستەکە کە ئەمەش زۆر نزیکە لە ژیری و لۆجیکەوە. بۆچی؟ چونکە ئەگەر وا نەبێت، ئەوا بەدەستهێنانی مافی قەرەبووکردنەوە ئاڵۆز دەبێت و بە ئاسانی بەدەست نایەت، ئەگەرئەو لایەنەی بڕگەکەی چالاک کردووە زیانی پێگەێشتبێت. وە پێچەوانەکەشی ڕاستە. بەڵام قەرەبووەکەش چ بۆ لایەنی حکومەتی هەرێم یان کۆمپانیای نەوتەکە دەبێت لە حکومەتی فیدڕالی داوا بکرێت چونکە بڕیارەکەی (بژاردە)کەی ئەوانە دۆخی “هێزی سەرتر” ی بۆ ئەنجامنەدانی گریبەستەکە دروستکردووە.
بۆچی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان کاری کۆمپانیاکان ڕاناگرێت؟
وەڵامەکە پابەندە بە “کات”ەوە، چونکە زۆر نەشیاو نابازرگانییە کە پابەندبوونە گرێبەستییەکان تا کاتێکی نادیار بە هەڵپەسێردراو بمێننەوە لە کەرتی نەوت و گازدا. بۆیە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ خودی گریبەستەکاندا دەکات. كارێکی ژیریە بەڵام دەبێت پرسی قەرەبووکردنەوە لە بیر نەکات.
حکومەتی فیدڕالی بەدیلی داوە بە کۆمپانیاکان کە دەتوانن گریبەستەکان لەگەڵ ئەوان نوێبکەنەوە یەن عێراق بەجیبهێڵن. ئەگەر بڕۆن بەهەر ئاڕاستەیەکدا، ئەو بۆشاییە داراییەی دووچاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە کێ قەرەبووی دەکاتەوە؟ بە بۆ چوونی من، دەبێت حکومەتی فیدڕالی پڕی بکاتەوە هەتا ڕێککەوتن.