روونبین
ئەمڕۆ پێنجشەمەمە نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دابەزین، بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەران گرەوەکانیان لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی ناوەندی ئەمریکا دوو هێندە زیادکرد، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی خواست لەسەر نەوت.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی ئەیلول بە رێژەی 0.2% دابەزی و گەیشتە 99.37 دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی 9 سەنت بەرزبووەوە.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس لە مانگی ئابدا بە 95.93 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش 37 سەنت یان 0.4% دابەزیوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشوودا 46 سەنت بەرزبووەوە.
بانکی فیدراڵی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان کە لە ماوەی ٤٠ ساڵدا بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، زیاتر دەکات و پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا ڕێژەی سوودی بەڕێژەیەکی زۆر چاوەڕواننەکراو بەرز بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی راپۆرتێکی نائومێدکەری هەڵاوسان دەریخستووە گوشارەکانی نرخەکان خێراتر دەبن.
دوێنێ چوارشەممە بانکی کەنەدا ڕێژەی سوودی بنەڕەتی بە 100 خاڵ بەرزکردەوە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، کەنەدا بازاڕەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد، و بووە یەکەم وڵات لە گروپی حەوت کە ڕێژەی سوودی بەم بڕە زۆرە بەرز بکاتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە ڕەشنووسی پێشبینییەک بڵاویکردەوە، کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشبینی ئاستی بەرزی پێوانەیی هەڵاوسان دەکات، هەروەها پێشبینییەکانی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دابەزاندووە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، هەروەها دابەزینی خواست بەهۆی بەرزی نرخەکانەوە و مەترسییەکانی کەمبوونەوەی وزە لە زستاندا.