راپۆرت: درەو
گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی هێرشی حەشدی شەعبیدایە، دوكەڵی ئەم شەڕە لە (كۆرمۆر)ەوە دەركەوت، بەڵام پێدەچێت ئاگرەكە لە (خورمەڵە) بكەوێتەوە، وادەردەكەوێت 16ی ئۆكتۆبەر لە سیناریۆیەكی نوێدا خۆی نمایش بكات، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
حەشد شادەماری ئابوری كوردستان دەبڕێت
هێشتا تەمومژی دوكەڵی كاتیۆشاكانی كێڵگەی (كۆرمۆر) نەڕەویوەتەوە، جموجوڵی هێز لە نزیك كێڵگەی (خورمەڵە) دەستی پێكردووە.
پێدەچێت ئەو موشەكانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڕاستەی كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) كران لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، تەنیا بۆ مەبەستی دورخستنەوەی سەرەنج بن لەبارەی ئامانجە سەرەكییەكە، كە ئەویش ئەنجامدانی هەڵمەتێكی سەربازییە لەسنوری دەسەڵاتی پارتیدا.
ئاخر بۆ هەموان شۆك بوو كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا بكرێت بە ئامانجی هێرشی موشەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی، لەكاتێكدا یەكێتی لە هەشت مانگی رابردوودا لەبەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بوو، واتە حەشدو بەرەكەی ئێرانو رۆڵی گرنگی گێڕا لە دروستكردنی “یەك لەسەر سێی پەكخەر” لەناو پەرلەمانی عێراقدا، كە بەم هەنگاوە توانییان هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) رابگرنو پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لەدەست دەربهێنن.
لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) دەكران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا.
بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی (درەو) لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای پارتیو یەكێتیو لایەنە عێراقییەكان كردویەتی سەبارەت بە دۆخی ئێستا، هێزەكانی حەشدی شەعبی بەنیازن پەلاماری كێڵگەی (خۆرمەڵە) بدەن، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامریو قەیس خەزعەلی)ن، جەخت لە دەستبەسەرداگرتنی ئەم كێڵگەیە دەكەنو لەگفتوگۆیاندا لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی كورد بەراشكاوی باسیان كردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، ئێستا چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكردووە.
بەیاننامەی دوێنێ شەوی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەم بارودۆخە نوێیەی بەسەردا زاڵ بوو، كاتێك رایگەیاند” وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتیو دامەزراوەكانی نەوتو گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر”.
دۆخەكە گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی دوێنێ شەو، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقاوە بكاتو لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەنیازە پەیوەندی بە “دۆستە نێودەوڵەتییەكان”ەوە بكاتو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخی ئێستا ئاگادار بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هێزێكی لەشكری (گوڵان)و زێرەڤانی پارتی دوێنێ شەو بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵەیان پێكراوە، لەبەرامبەردا بەشێوەیەكی نهێنی حەشدی شەعبیش هەندێك لە هێزەكانی خۆی گواستوەتەوە بۆ سنورەكە.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی عێراق كە چاوی لەوەیە جارێكی تر لە پۆستەكەی دابنرێتەوە، چەند رۆژێكە هەوڵی لێكنزیككردنەوەی زیاتری ئێرانو سعودیە دەدات، بەڵام لە جوڵەی هێزی حەشدی شەعبی بەرەو (خورمەڵە) خۆی بێئاگا كردووەو نایەوێت هیچ كاردانەوەیەك نیشان بدات.
حەشد كە بەشێكی سەرەكی پێكهێنەری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، وا چاوەڕوان دەكرا دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت وەفدی دانوستانكار رەوانەی هەولێر بكات، بەڵام بەر لە دیپلۆماسیەت، هێزی چەكدار دەنێرێتە سنورەكانی هەولێرەوە.
16ی ئۆكتۆبەرێكی تر !
ئەوەی ئێستا روودەدات، بەلای هەندێك لەوانەی كە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن، 16ی ئۆكتۆبەرێكی ترە، كە تێیدا حەشد سنوری دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە جێناكۆكەكان فراوانتر دەكات، ئەگەر پاڵنەری روودانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بێت، ئەوەی ئێستا روودەدات بەهانەكەی تەقاندنەوەی كێشەكانی ناو ماڵی شیعەیە بە هەرێمی كورستاندا لەبەر رۆشنایی رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم.
بەلای ئێرانو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم)، بارزانی بەو رێككەوتنەی لەگەڵ سەدر كردویەتی، بوەتە هۆكاری پەرتەوازەبوونی ناو ماڵی شیعە، بەجۆرێك چیتر لەتوانایاندا نییە كابینەی نوێی حكومەت دروست بكەن، كابینەیەك كە لەناو ماڵی شیعە خۆیەوە (سەدر) هەڕەشەی كەوتنی لەسەر نەبێت.
ئەگەر حەشد دەست بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرێت، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێم دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبێت بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە.
پارتی دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نیشاندا، بەڵام هەرزوو مەرجی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت نیشاندا كە پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازی عێراقو چارەسەركردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو دژی هەرێم، رەنگە مالیكیو دۆستەكانی ئامادە نەبن لە بنەڕەتەوە بچنە ژێر باری هیچ مەرجێكی بارزانی، بۆیە بەر لە دانوستان، هێرشی سەربازی دەكەن.
خورمەڵە.. شادەماری ئابوری كوردستان
بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
ناوەڕاستی ئایاری رابردوو، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە).
حكومەتی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی كۆرمۆرە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی بە هی خۆی دەزانێت، ئێستاو دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق هەڕەشە لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەكاتو بە كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خورمەڵە)ش دەیەوێت لە شادەماری ئابوری هەرێمی كوردستان بدات، چونكە:
• داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی ئێستای نەوتی هەرێم (ملیارێكو 260 ملیۆن) دۆلارە.
• لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت.
سەرباری ئەمە، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵەو لەرێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتە بۆ حكومەتی عێراقە، بەڵام كۆمپانیای كار كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرێتو بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوێت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار.