شیكاری: درەو
هەرێمی کوردستان خاوەن یەدەگێکی گەورەی گازی سروشتییە، بەشی زۆری یەدەگەکەشی دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەوە، هەربۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم گازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بکات ئەوا (80%) گازی ئەم ناوچەیە پێکیدەهێنێت.
گازی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئایندەی نزیکدا (%16) پێداویستی تورکیا پڕبکاتەوە، جێگا بە گازی ئێرانی لە تورکیا لێژ بکات. وەک چۆن دەتوانێت بە ڕێژەی (23%) بەشداری لە پێداویستی ڕۆژانەی هێڵی بۆری نابۆکۆ بکات و ڕکابەری غازی ڕوسی بکات بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی پێداویستی یەکێتی ئەوروپا.
یەکەم: یەدەگی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان
بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێمی کوردستان خاوەنی (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە، یەدەگی غازەکەی بە 100-200 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی (2.8-5.7) ترلیۆن مەتر سێجا، کە بەشی زۆری لە ناوەڕاست و باشوری هەرێمی کوردستان چڕ بووەتەوە، گەورەترین و دیارترینیان کێڵگەکانی غازی (بنەباوێ، کۆرمۆر، خورمەڵە، میران، چەمچەماڵ، کوردەمیر…)ە.
ئاماری جیاواز بەردەستن کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو غازە زۆرەیە، بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە، بەشی هەرە زۆری ئەو یەدەگەش دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەو و بەشێکیشی دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆکەوە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))
چارتی ژمارە (1)
هاوکات بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی (United States Geological Survey) هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە (60) ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە. هەروەها (تۆنی هیوارد) سەرۆکی کۆمپانیای (Genel energy) تورکی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی (5) ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بێت کە نزیکەی (١٧٧) ترلیۆن پێ سێجایە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی لە ساڵی ٢٠١٥، یەدەگی غازی سروشتی تەنها لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) بە (٧٥) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت.
بە گوێرەی (ڕاپۆرتەکانی وزەی ئەمەریکی) و (Gaffney Cline Associates) یەدەکی سەلمێنراوی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق (۲٥) تریلیۆن پێ سێجایە، هەروەها یەدەکی غازی نەسەلمێنراو دەخەمڵێنن بە (۲۰۰) تریلیۆن پێ سێجا.
هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی وزەی جیهانی (IEA)، هەرێمی کوردستان لە توانایدایە تا ساڵی ٢٠٣٥ بە قەبارەی (٢٩)ملیار مەتر سێجا ساڵانە وەبەرهێنانی خۆی لە کەرتی غاز پەرە پێبدات، توانای خۆی ١٤% بەرزبکاتەوە لە دەکاتە (٤)ملیار مەتر سێجای ساڵانە.
هەموو ئەم ئامارانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کەهەرێمی کوردستان قەبارەیەکی گەورەی غازی سروشتی هەیەو شایەنی ئەوەیە پشتی پێ ببەسترێت.
دووەم بەرهەم هێنان لە گازی سروشتی هەرێمدا
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4) کێلگەی گازی دەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان کردووە، ئەوانیش (کۆرمۆر – چەمچەماڵ) لە ساڵی (2009) وە لە بەرهەم هێندانایە، ئەم کێڵگەیە کە لەلایەن کۆمپانیای (دانا گاز)ی ئیماراتییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، لە مانگی کانونی دووەمی 2022 لە ڕایگەیاندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، لە كێڵگەی (كۆرمۆری چەمچەماڵ) ئاستی بەرهەمهێنانی گازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452 ملیۆن) پێ سێجای ڕۆژانە. وەك ئەوەی کۆمپانیاکە دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە (700 ملیۆن) پێ سێجای ڕۆژانە.
له ئێستادا كێڵگهكه سێ جۆر بهرههمی ههیه
1. ڕۆژانه (452) ملیۆن پێ سێجا (13ملیۆن مهتر سێجا) گازی سروشتی بهرههم دههێنێت و له ڕێگهی بۆڕیهوه دهنێردرێت بۆ ههردوو وێستگهی كارهبای چهمچهماڵ و ههوڵێر.
2. ڕۆژانه بڕی (22) ههزار بهرمیل كۆندێنسهیت بهرههم دههێنێت و بهتانكهر دهگوازرێتهوه بۆ وێستگهی پهمپی خورمهڵهو تێكهڵ به نهوتی ههرێمی كوردستان دهكرێت بۆ بهرزكردنهوهی كوالێتی نهوتی ههرێم و حكومهتی ههرێم بهنرخی ڕۆژ له كۆمپانیاكهی دهكڕێتهوه
3. بڕی (1050) تۆن گازی شل LPJ بهرههم دێت و داناگاز خۆی دهیفرۆشێتهوه كۆمپانیا ناوخۆیهكان و له ئێستادا كۆمپانیای ساوس كوردستان دهیكڕێت و دهیگوازێتهوه.
هەروەها (خورمەڵە) کە کێڵگەی نەوت و گازە و سوتەمەنی بۆ ویستگەی کارەبا دابین دەکات و لەلایەن کۆمپانیای (کار)ەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لە بارەی بڕ و قەبارەی بەرهەمەکەیەوە بەردەست نییە.
کێڵگەکانی دیکەش کە بریتین لە (بنەباوێ) لە پارێزگای هەولێر و (میران) لە پارێزگای سلێمانی کۆپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی کاریان تێدا دەکات و لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و پەرەپێداندان. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
کۆمپانیاو کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان
تێبینی: بەرهەمی غازی کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاردێت، بەڵام بەرهەمی غازی ماڵان LPG کۆندێنسێت کۆمپانیا بۆخۆی دەیفرۆشێت
سێیەم: بایەخی گازی سروشتی هەرێم بۆ تورکیا و یەکێتی ئەوروپا
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لە دەستپێکی ساڵی 2022 كۆمپانیای “دانە گاز” بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452) ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە.
بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە 50% زیادیكردووە، وەك ئەوەی دانە گاز دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە (700) ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە. بەم پێیەش بێت و کێڵگە گازییەکانی دیکەی هەرێمیش نەگەنە بەرهەمهێنان ئەوا هەرێم کوردستان ئەو بەرهەمە گازەی دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت لە توانایدا دەبێت هەناردەی گازی سروشتی بکات بۆ دەرەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر کە لە ساڵی (2015) بڵاوی کردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی (سلێمانی: شانشینی نەوت گازی کوردستان)، ئاماژەی بەوە کردووە کە؛
1. تورکیا بەهۆی ئەوەی دوو لە کێڵگە گەورەکانی گازی سروشتی هەرێمی لە پارێزگای سلێمانی کێڵگەی (میران) و لە سنوری پارێزگای هەولێر کێڵگەی (بنەباوێ)ی بەدەستەوەیە دەتوانێت هەیمەنەی تەواو بکات بەسەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستان کە تورکیا و ئەوروپا چاویان لەسەرییەتی و ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە.
2. هەرێمی کوردستان ئەو گازەی دەتوانرێت لە داهاتوودا بەرهەمی بهێنێت (80%)ی لە پارێزگای سلێمانی دەبێت، ئەگەر بیەوێت هەمان ئەو بڕەشی وەک کۆمپانیای “دانا گاز” ڕایگەیاندووە لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر) هەناردە بکات دەتوانێت نزیکەی (16%)ی پێداویستی گازی تورکیا دابین بکات، بە مانایەکی دیکەش دەشتوانێت بەشداری لە هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا بکات لە ڕێگەی هێڵی بۆری (نابۆکۆ)وە بە ڕێژەی بەشداری (23%) و هەیمەنەی روسیا کەمدەکاتەوە لە حاڵەتی سەرکەوتنیدا.
3. هاوکات دەتوانێت بە ڕێژەی نزیکەی (20%) بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی هەیمەنەی ئێران بەسەر تورکیادا کە ساڵانە زیاتر لە (10 ملیار) مەتر سێجا گاز لە وڵاتەوە هاوردە دەکات.
لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
توانای گازی هەرێم و پێداویستی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا
سەرچاوەکان
– ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دۆر، سلێمانی: شانشینی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان، ساڵی بڵاوکردنەوە 2015.
– ڕاپۆرتی درەو، غازی هەرێم لە كێشمەكێشمی ئێران و توركیادا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9956
– یادگار سدیق گەڵاڵی، سەربەخۆیی دارایی و دابەشبوونی جوگرافی کێڵگەکانی نەوت وگازی هەرێم؛
https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=3464
– وریا عەبدولخالق، بلۆکی کۆرمۆر؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9701
– داستان سدیق، كارەبا و غازی ماڵان بۆ كەمە؟ دانەغاز بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی گەیاندووەتە ئاستێكی پێوانەیی؛
https://esta.krd/124272/