روونبین
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی لە یۆنان لەگەڵ نیکۆس دێندیاس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە پرسی وزە و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابوری نێوان دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باس لە پرسی وزە و پێگەی کوردستان لەڕووی نەوت و گازەوە کرا. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا.
هەرلەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند راستە دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم کوردستاندایە، بەڵام حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و گاز ناکۆکن.
هەربۆیە پێویستە سەرەتا کێشە یاساییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەبێ کێشە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرس و سامانە سروشتییە بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هاندانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی کرا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە حکومەتی هەرێم کارئاسانی تەواو دەکات بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی کە دەیانەوێت لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان بکەن.