وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕالیدا، نوسراوێکی دەرکردووەو داوای دروستکردنی کۆمپانیایەک دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە سەربە حکومەتی ناوەند دەبێت و ناوی لێدەنرێت کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان (KROC)و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر دەبێت.
بەپێی نوسراوێک کە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، کە نهێنی و کەسی و بە شەخسی بکرێتەوەی لە سەر نووسراوە بەرواری ٢٠٢٢/٣/٢٤ ی لەسەرەو ئیمزای وەزیری نەوتی لەسەرە، چەند داواکاریی و ڕێوشوێنێکی تیایە کە بگیرێتەبە بەو پێیە هیچ مانیاک بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ناهێڵێتەوە و سەکتەری نەوت بەتەواوەتی دەخاتە ژێر دەستی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق. وە کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان KROC وەکو کۆمپانیای نەوتی باکور یان کۆپانیای نەوتی بەسرە ڕۆڵ دەبینێت.
دەقی نوسراوەکە:
١- لەماوەی (١٥) رۆژدا کۆپییەک لە ھەموو ئەو گرێبەستانە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری (دۆزینەوە، بەرھەمھێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، ھەناردە)ی نەوتدا کردویەتی، لەگەڵ تۆماری داھاتی فرۆش و ھەناردەی نەوتی خاو و غاز، ئەمە بەمەبەستی:
یەکەم: دیراسەکردنی لەلایەن تیمێکی پسپۆڕو راوێژکاران(لە وەزارەی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق) چاودێری دارایی ئیتحادی و بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراو وە خاوەن دەستەڵاتی پێویست لە حکومەتی ھەرێم.
دووەم: گونجاندنی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەموارکردنیان بەپێی یاسای بەرکاری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.بەشێوەیەک کە شیاوی ئابووری بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دەستەبەر بکات و دیراسەکردن و دیاریکردنی کاریگەرییە داراییەکان کە لێی دەکەوێتەوە ، بەشێوەیەک کە کارەکانیان لە ماوەی دوومانگدا لەوەرگرتنی گرێبەستەکان و ئەورێکەوتنەی سەرەوە تەواو بکەن.
٢- دیاری کردنی تیمێکی کاری تایبەتمەند بۆ دەستپێکردن بە پێشکەشکردنی داواکارییەک بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی گشتی، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتی و گازییەکانی لەو کێڵگانەدا پێبدرێت کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە گرێبەستیان بۆ کراوە،بە پێدانی دەستەڵات و هەڵاوێرانی پێویست بۆ خۆگونجاندنی کۆمپانیاکە لە گەڵ بارودۆخی یاسایدا تاوەکو لەگەڵ سیستەمی ئیتحادیدا بگونجێت.وە کۆمپانیاکە دەتوانێت بە ئەم ئەرک و ئامانج و سیاسەتانە هەڵبسێت:
یەکەم: سەرجەم ماف و پابەندییەکانی ئەو رێککەوتن و گرێبەستانەی پێشتر حکومەتی ھەرێم کردویەتی، دەگوازێتەوە بۆسەر ناوی خۆی پاش تەواوکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی لە خاڵی دووەم (١)ی سەرەوەدا هاتووە.
دووەم: بەدیھێنانی سەرمایەگوزاری زیاتر لە سامانی نەوتدا لەڕێگەی: کەمکردنەوەی خەرجی بەرهەمهێنان ، بەڕێوەبردنی باشتری حەشارگە وکێڵگەکانی نەوت و غازو زیادکردنی داھاتی ھەناردەکردن لە ڕێی کاری کۆمپانیاکە بە ستاندارێک کەلەگەڵ چالاکییەکانیدا بگونجێت وە یەکبگرێتەوە لەگەڵ سروشتی سیستەمی فیدراڵی دەوڵەت و بە پێێ ستانداردی رێساکانی پیشەسازی Standard industry regulations کە لە لایەن وەزارەتی نەوت یان کۆمپانیای نەتی نیشتماییەوە دەردەکرێت بەپێی پەرەوکردنی باشترین ستاندار لە پیشەسازی نەوتدا Best oil Industry Standards.
سێهەم: وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیاز دەکات ئەو کۆمپانیایەی کە دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێم بەڕێوە دەبات ناوی لێبنرێت (KROC)و لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراقدابێت و کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی فیدڕالییەوە خاوەندارێتی بکرێت و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر بێت.
٣- فەرمانبەرێکی پسپۆڕ کە پلەکەی لە بەڕێوەبەری گشتی کەمتر نەبێت دابنرێت بۆ، ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق بەپێی حوکمەکانی یاسای بەڕیوەبردنی دارایی ئیتحادی ژمارە(٦ساڵی ٢٠١٩) بەمەبەستی کردنەوەی حسابێک لە یەکێک لە بانکە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکان، ھەموو داھاتی گرێبەستی ھەناردەو فرۆشی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان و هەموو ڕێکەوتنەکان بخرێتە ئەم حساب بانکییە.. لەسەر بنەمای پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پارەی لێبدرێت، ھەروەھا بەگوێرەی رێکخستنێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەرجێک ئەمە لەماوەی (٤٥) رۆژدا لە رێکەوتی دەرچوونی ئەم نوسراوەوە بکرێت ( بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران).
٤- ھەموو ئەم رێوشوێنانەی لەم نوسراوەدا ھاتووە بەو کاتانەی کەلەسەرەوە باسکراوە وەکو سیاسەتێکی نوێیە بۆ ئایندە وە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندبونیان دەکەوێتە ئەستۆ بەشێوەیەک کە بەشداربێت لە باشرتین وەبەرهێنان لە سەرچاوەکانی دوڵەت و بەرژەوەندی لایەنەکان دابین بکات.