ڕوونبین
پەیوەندی نێوان ڕیاز و واشنتۆن لەوکاتەوەی بایدن لەسەر حوکمە تەنگەژەی تێکەوتووە
سعودیە لە ڕاوێژدایە لەگەڵ چین بۆفرۆشتنی هەندێک هەناردەی نەوتی بە دراوی چینی “یوان” ، دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاند، ئەو هەنگاوە پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر سەروەری و باڵادەستی دۆلار لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانیدا هەبێت و ئاماژەیەکیشە کە گەورەترین هەناردەکەری نەوتی خاوی جیهان زیاتر روو لە ئاسیا دەکات.
ڕۆژنامەکەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە گفتوگۆکان لەسەر ئەو گرێبەستانەی پێشبینی دەکرێت بە یوان نرخی دیاری بکرێت نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، بەڵام لەم ساڵدا زیاتر بەرەو پێشی بەخۆوە بینی، لە کاتێکدا سعودییەکان نیگەرانیان نیشانداوە لە ئاستی پابەندبوونەکانی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە شانشینەکە لە کاتێکدا لە جەنگدان لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن.
هەروەها سعودیە بە بەردەوامی ناڕەزایی دەربڕیوە لە جوڵەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاراستەی ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و هەروەها کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە سعودییەکانی “شۆک”کردووە، بەپێی ئەوسەرجاوانەی بە واڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە.
شایانی ئاماژەپێکردنە چین زیاتر لە ٢٥ لەسەدی هەناردەی نەوتی سعودیە دەکڕێت و ئەگەر بە یوان نرخی بۆ دیاری بکرێت ئەوا ئەو فرۆشانە ئاستی دراوی چینی بەرزدەکەنەوە لە ریزبەندی جیهانیدا و نرخاندنی بەشێکی هەناردەی سعودیە کە نزیکەیی 6.2 ملیۆن بەرمیل دەبێ بە هەر دراوێک جگە لە دۆلارچاوەڕێی گۆڕانی گەورەی لێدەکرێت.
دۆلار لەسەدا ٨٠ی مامەڵەی فرۆشتنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت سعودیە لە ساڵی ١٩٧٤ەوە دۆلاری بۆ فرۆشتنی نەوت دیاریکردووە، لە ڕێکەوتنێکدا کە لە سایەی ئیدارەی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆندا بوو، کە لە بەرامبەردا گەرەنتی ئەمنی بۆ سعودیە لە خۆ گرتووە.
نزیک بوونەوە لەگەڵ پەکین وە دوورکەوتنەوە لە واشنتۆن
چین لە ساڵی ٢٠١٨دا لە گرێبەستە نەوتیەکاندا جەختی لەسەر دراوەکەی، یوان دەکردەوە ، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوو لە کەمکردنەوەی زاڵی دۆلار لە بازاڕە جیهانییەکان. پەکینیش بەهۆی ئەو سزایەی کە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە بە هۆی چالاکییە ناوکییەکانییەوە و ڕوسیاش بەهۆی داگیرکردنی ئۆکرانیا کێشەی زۆری هەبووە لە بەکارهێنانی دۆلار دا.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پەکین پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕیازپەرەپێداوە، بەپێی راپۆرتەکان سعودیە موشەکی بالستیکی بە یارمەتی چین پەرەپێدەدا و هەروەها راوێژ لەسەر بەرنامەی ناوەکی شانشینەکە و دەستپێکردنی وەبەرهێنان لە پرۆژە ئابوورییەکانی شازادە محەمەد بن سەلمان وەک شاری ” نیوم ” دەکات.
هاوکات پەیوەندییەکانی شانشینی لەگەڵ واشنتن لە ژێر سایەی ئیدارەی بایدن تێکچوو و لە هەڵمەتەکەی ساڵی ٢٠٢٠دا سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە شازادەی سعودیە گرت پاش ئەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بە تێوەگلانی شازادە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی دەکەن لەساڵی ٢٠١٨ دا.
هەروەها بەپێی ڕۆژنامەکە شازادە محەمەد بن سەلمان مانگی ڕابوردوو ڕەتی کردووەتەوە کە بەشداری بکات لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بایدن و شا سەلمانی پاشای سعودیە.
چین بە چڕی وەبەرهێنانی لە پڕۆژە ئابوورییە نوێیەکانی عەرەبستانی سعوودی کردووە
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە پەیوەندیە ئابوورییەکانی نێوان سعودیە و ئەمریکا پاشەکشەی کردوەوە لەگەڵ ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەمەریکا لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتە لە جیهاندا .
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی زانیاری وزەی ئەمەریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردودا بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە سعودیەوە هاوردە دەکرد، بەڵام ئەم ژمارانە تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل دابەزی.
بە پێچەوانەوە ڕێژەی هاوردەی نەوتی سعودیە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بۆ چین بەرزبووەتەوە و تاوەکو ئەوەی سعودییە بوو بە یەکێک لە گەورەترین دابینکەرانی نەوتی پەکین لە ساڵی ٢٠٢١دا و هەناردەکردنەکەی دەگاتە 1.76 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دوای ئەو ڕووسیا دێت بەنزیکەی 1.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆێکدا، بەپێی ئامارەکانی بەڕیوەبەرایەتی گشتی گومرگی چین.
بەرپرسێکی سعودیە کە ئاگاداری وتوێژەکانی چینییەکانە بە ڕۆژنامە ئەمەریکیەکەی ڕاگەیاند” داینامیکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە” پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ سعودیە گۆڕاوە، چین ئەمڕۆ گەورەترین هاوردەکەری نەوتی خاوە و هاندەری قازانجبەخش بۆ سعودیە دابین دەکات، هەروەها ووتی “چین هەمووئەوانی بەمێشکدابێت پێشکەشی سعودییەی کردووە”
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاند کە جووڵەی سعودییەکان بۆ فرۆشتنی نەوت بە چین و بە یوان “زۆر ناجێگیر و دوژمنکارانە” یە، بە دوری زانی کە بەکردەیی ئەوە ڕوبدات، ئاماژەی بەوەدا کە ڕیاز ئەو بیرۆکەیەی لە ڕابردوودا پێشنیارکردووە کاتێک پەیوەندیەکانی لەگەڵ واشنتۆن گرژی تێکەوت.
ئەنجامە چاوەڕوان نەکراوەکان
ڕۆژنامەکە پێشبینی دەکات سعودییەکان لەو هەنگاوە پاشگەزببنەوە، چونکە گۆڕینی نرخی نەوت بە یوان لە بری دۆلار ” ڕەنگە ئابووری سعودیە بهەژێنێت” بەتایبەتی کە ڕیاڵ بە دۆلارەوە بەستراوەتەوە و ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵیش ئاماژەی بەوەدا کە ڕاوێژکارانی شازادە ئاگاداریان کردووەتەوە لە “زیانی ئابووری چاوەڕواننەکراو” ئەگەر بە پەلە پلانەکانی جێبەجێ بکات.
ئەگەر شانشینەکە فرۆشتنەکانی بە یوان زیاد بکات، ئەوکات ئابووری سعودیە نزیک دەبێتەوە لە پشتبەستن بە دراوی چینی، کە بە هۆی سنوردارکردنی ئەوڕێکارە بازرگانیانەی پەکین دەیسەپێنێت بە مامەڵە کردن بە یوانەوە، ئەوا لە مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی جیهانیدا تووشی گرفت دەبێت.
پشت بەستن بە دراوێکی ناجێگیربۆ نرخی گرێبەستە نەوتییەکانی سعودیە کاریگەری دەبێت لەسەر خواستەکانی گەشەی دارایی شانشینەکە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوە کاریگەری لەسەر ئابووری سعودیە دەبێت ئەگەر نرخ بە یوان دیاری بکرێت ئەوا پشت بە دوو گۆڕاو دەبەستێت ١- بڕی فرۆشەکان کە بەو دراوە”یوان” نرخ ی بۆ دادەنرێت ٢- نرخی نەوت.
هەندێک لە ئابووریناسان پێیان وایە دوورکەوتنەوە لە بازاڕی فرۆشتنی نەوت بە دۆلار دەبێتە هۆی هەمەجۆرکردنی بنەمای قازانجی شانشینەکە و تەنانەت ڕیالیش دەبوژێتەوە.
مۆنیکا مالیک ئابووریناس لە بانکی بازرگانی ئەبوزەبی بە رۆژنامە ئەمەریکیەکەی گوت: “ئەگەرسعودیە ئێستا ئەوە بکات لەکاتێکدا نرخی نەوت بەهێزە ئەوا بە شێوەیەکی نەرێنی نابینرێت، بەڵکو وەک قووڵبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ چین دەبیندرێت”
سعودیە بەنیازە دۆلار بۆ زۆربەی فرۆشە نەوتییەکانی بەکاربهێنێت، بە وتەی ئەو کەسانەی کە ئاشنان بە دانوستانەکان، بەڵام هەنگاونان بە ئاراستەی دیاریکردنی نرخ بە یوان پاڵ بە بەرهەمهێنی ترەوە دەنێت کەهەمان هەنگاو بنێن لەوانەش هەناردەکارانی سەرەکی چین: ڕووسیا، ئەنگۆلا و عێراق .
نرخی یوان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سەروەری دۆلار لە سیستەمی دارایی جیهانیدا، گال لۆفت، ئابووریناس لە پەیمانگای شیکردنەوەی ئاسایشی جیهانی لە واشنتۆن، دی سی بۆ ڕۆژنامەکە دەڵێت: “بازاڕی نەوت، بە هەمان شێوە بازاڕی کاڵای جیهانی، دڵنیاییە بۆ جێگیربوونی دۆلار وەک دراوی یەدەگ.
وتیشی: “ئەگەر خشتێک لە دیوارەکە دەربکەیت، دیوارەکە بە تەواوی دەڕووخێت”