یادگار سدیق گەڵاڵی
وزە و سەرچاوەکانی تری سامانی سرووشتی هۆکاری سەرەکییە لە لاوازی هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ڕوسیا، چۆن ؟
▪ روسیا گەورەترین هەناردەکەری گازە بۆ جیهان کە ساڵانە ٧٦١ ملیار مەترسێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و ١/٣ی پێداویستی ئەوروپا لە گاز دابین دەکات، لەهەمان کاتدا بە نرخێک کە زۆر هەرزانترە لە کێبڕکێکارەکانی هەریەک لە قەتەر و ئەمەریکا، یەکەیەکی گەرمی گازی ڕوسی بە ٤ دۆلار دەگاتە ئەڵمانیا بەڵام گازی شل LNG یەکەیەکی نزیکە ٢٥ دۆلاری تێ دەچێت. کەواتە جێگرەوەی گازی ڕوسی بە گازی شلی قەتەری دەبێت کە لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەرهەمەکەی بەئەندازەی گازی ڕوسی نییە لەگەڵ ئەوەشدا تێچووەکەی زۆر زیاترە.
▪بەرهەمی نەوتی ڕوسیا بریتییە لە ١٠.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی و هەناردەی نزیکەی ٦.٦ ملیۆن بەرمیلە. لەم بڕە ٤.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو وە ٢ ملیۆن بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکانە.
– زۆربەی بەرهەمی ڕوسیا بۆ ئەوروپا دەچێت کە بڕی ٢.٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانەیە.
– هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕوسیاوە بۆ ئەوروپا بریتییە لە بڕی ١.١ ملیۆن بەرمیل و هەندێ جار بەرزدەبێتەوە بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل.
▪گەنم : بەرهەمی جیهان لە گەنم ساڵانە بریتییە لە نزیکەی ٧٣٤ ملیۆن تەن. پشکی روسیا لە بەرهەمی گەنم بریتییە لە ٧٢ ملیۆن تەن و پلەی سێهەمی هەیە لە جیهاندا و ئۆکرانیا ساڵانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن تەن دەبێت و پلەی هەشتەمی هەیە لە جیهاندا.
بۆیە تائێستا دەبینین وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن فشاری زیاتر بکەن لە ئیدانەکردن تێنەپەڕیون وە ئەو گەمارۆیەی کە ئەمریکاش ڕایگەیاندووە لە سەر کەسایەتییەکانە نەوەک کۆمپانیاکانی وزە و کۆمپانیا گەورەکانی تر. تەنانەت کاتێک بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان کرد ڕوسیا لە سیستەمی سویفتی جیهانی دەربکرێت، سەرەتا هەریەک لە ئەڵمانیا و ئیتالیا دژی وەستانە وە ئێستاش دیارنییە خۆن جێ بەجێ دەکرێت و ئایا کۆمپانیاکانی وزە دەگرێتەوە؟ پێشتریش کاتێک راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئەمەریکا پرسیاری مامەڵەنەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕوسیا لێکرا سەبارەت بە هێڵی گازی نۆرد ستریم ٢، بەشێوەیەکی دیبلۆماسی وەڵامی دایەوە و وتی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی ناتۆ داین، بەڵام راستەوخۆ نەیوت کە ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین ، لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنانی نۆرد ستریم ٢ بۆماوەیەک دواخراوە.
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێن تەنانەت وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش لەئێستادا لەگەڵ توندکردنی گەمارۆ نین لەسەر ڕوسیا چونکە چەندە کاریگەریی هەیە لەسەر ڕوسیا بەهەمان ئەندازەش ئابوری وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش زیانی بەردەکەوێت.
راستە ئەوروپا چەندین ساڵە بەدوای جێگرەوە و بەدیلی گاز و نەوتی ڕووسیادا دەگەڕێن، بەڵام ئەمە لە چەند ڕۆژ و مانگدا ڕوونادات بەڵکو لەماوەی مامناوەند و درێژخایەن دا دەکرێت ئەنجامی هەبێت بەڕاکێشانی بۆری گاز لە قەتەربۆ تورکیا و لەوێشەوە ئەوروپا ئەمە چەندین ساڵی دەوێت ئەگەر گرفتی نەیەتە پێش (ئێران یەکێکە لە بەرهەڵستکارەکانی ئەم بیرۆکەیە و دەتوانێت کێشەی بۆ دروستبکات) .
ئەگەر گەمارۆ سەکتەری وزە بگرێتەوە چی ڕوو دەدات؟
١- جیهان ٦.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەبرێت.
تەنها پشکی ئەوروپا ٤ ملیۆن بەرمیل دەبێت لە نەوتی خاوی ڕوسی و بەرهەمە نەوتییەکان.
٢- بێ بەشبونی ئەوروپا ساڵانە لە ١٠٤ ملیار مەتر سێجا گاز ، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی ١٠٠٪ پشتیان بە گازی روسی بەستووە و ئەڵمانیاش بەرێژەی ٤٩٪.
٣- جیهان بێ بەش دەبێت لە نزیکە ١٠٠ ملیۆن تەن گەنم لە ساڵێکدا کە دەکاتە نزیکەی ١٣٪ ی هەموو پێویستی جیهان.
هەندێک دەڵێن بە ڕێکەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و لابردنی گەمارۆ لەسەری و زیادکردنی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپیک دەتوانرێت پێداویستی بازاڕ و بۆشایی بەرهەمی ڕوسیا پڕ بکرێتەوە، ئەم بۆچونەش دیسان زۆر دەقیق نییە، بۆ؟
▪چونکە ڕاستە ئێران دووەمین بەرهەم هێنی گازی سرووشتییە بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت ئێران لەبەرەی ڕوسیایە لەهەمان کاتیشدا توانای بەرهەمی گازی ئێرانی لەباشترین کاتدا لە ٣٠٪ ی بەرهەمی ڕوسیا تێپەڕ ناکات. ئاستی بەرهەمی نەوتیشی هێندە نابیت و کاتیشی پێویستە تاوەکو ئاستی بەرهەمی بگەیەنێتە پێش گەمارۆدانی سەری هەروەها نرخی نەوتە کەشی لە نرخی نەوتی ڕوسی گرانتر دەبێت بۆ ئەوروپا.
▪سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپیک، ئەویش ڕوبەڕوی کێشەی تەکنیکی دەبێتەوە. ئێستا وڵاتانی ئۆپیک ناتوانن ئاستی بەرهەمیان بگەیەنن بەو ئاستەی بۆیان دیاری کراوە چ جای ئەوەی ئاستی بەرهەمیان زیادبکەن بۆ پڕکردنەوەی پشکی ڕوسیا.
بۆ یە لەکاتی گەمارۆ خستنە سەر بەرهەمی گاز و نەوت و کۆمپانیاکانی وزە، زەرەرمەندی یەکەم ئەوروپا دەبێت بۆیە لە ئێستادا زیاتر وەکو تەماشاچی دەبینرێن و ناتوانن لە ئیدانەکردن و هەندێ گەمارۆ لەسەر کەسەکان و هەندێ دامەزراوە زیاتر چی تر بکەن، ڕووسیاش ئەمە باش دەزانێت…