روونبین
ئەم ڕاپۆرتە دامەزراوەی درەو ئامادەی کردووە.
راگرتنی هەناردەی نەوت
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییەو حوكمەكانی تانەیان لێ نادرێت، لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ (واتە بەبێ رەزامەندی حكومەتی ناوەندیی لە بەغداد)، حوكمی كۆتایی خۆی راگەیاند.
كورتەی حوكمەكەی دادگای فیدڕاڵی ئەمەیە:
• نادەستوریبوونی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستانو هەڵوەشاندنەوەی.
• پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی.
• سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پەچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە.
• پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات.
چیرۆكی ئەم سكاڵا یاساییە
لە 2012 حكومەتی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانو حكومەتی هەرێم تۆماركرد، لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
راگەیاندنی حوكمی كۆتایی لەبارەی ئەم كەیسە، لەكاتی خۆیدا بەهۆی نێوەندگیری سیاسییەوە راوەستا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادە نەبوو لەسەر ئەم سكاڵایە شایەتی بدات، لە قۆناغی دواتریشدا بەهۆی تێكچوونی نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵییەوە، دادگا نەیتوانی حوكمی خۆی دەربكات.
ساڵی رابردوو، بەمەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان لەسەر چارەسەركردنی كێشەی نیسابی یاسایی دادگا رێككەوتن، چونكە بەبێ كارابونەوەی ئەم دادگایە، نەدەتوانرا هەڵبژاردن ساز بكرێت، بەمشێوەیە دادگای فیدراڵی كەوتەوە سەر كارەكانی خۆی.
بۆچی لەم كاتەدا ؟
دەركردنی حوكمی یاسایی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی كە ساڵی 2012 تۆماركراوە، لەم كاتەدا، بەدور نییە لە بارودۆخی سیاسی ئێستا.
لایەنە كوردییەكان بەدیاریكراویش (پارتیو یەكێتی)، دابەشبوون بەسەر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ماڵی شیعەدا، پارتی لایەنی موقتەدا سەدری گرتووە، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەمدواییە سەردانی هەولێری كردووەو لەوێ هۆشداری بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی داوە، نەبن بە لایەنگر لەناو كێشەی لایەنە شیعەكان.
گەمەكردنی پارتی لەسەر هێڵی ململانێ ناوچەییەكان، هەرێمی كوردستانی خستە ژێر گوشاری ئێرانەوە، هەندێك پێیانوایە بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەشێكە لەم گوشارانە.
قەدەغەكردنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەكاتێكدایە، بەمدواییە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بەشێوەیەكی كتوپڕ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی بانگهێشتی ئەنكەرە كردو لەوێ دوای هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانی لێكرد.
توركیا غازی سروشتی لە ئێران دەكڕێت، دۆزینەی سەرچاوەیەكی تری دابینكردنی (غاز) لە هەرێمی كوردستانەوە، گورزێكی گەورە دەبێت بۆ ئابوری ئێران، ئابورییەك كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە لێواری داڕمان نزیكبوەتەوە.
پێشبینەیەكی یاسایی !
ناڕەزایەتی حكومەتی عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نوێ نییە، ساڵی 2015 حكومەتی بەغداد بۆ یەكەمجار لە دادگای (تێكساس)ی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووەو سكاڵاكەی بردەوە.
لەپاڵ ئەمەدا حكومەتی بەغداد لە دادگای پاریس سكاڵایەكی یاسایی زۆر گەورەتری لەسەر توركیایە سهبارهت به ههناردهی نهوتی ههرێم تۆمار كردووه كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارە.
ئەمە سكاڵایەكە كە حكومەتی عێراق لەسەر توركیای تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی، بەبێ رەزامەندی بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستان بەناو بۆری عێراقدا دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جیهان.
عێراق لە سكاڵاكەیدا، حكومەتی توركیای تۆمەتبار كردووە بەوەی پێشێلی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە، رێككەوتنێك كە سەرەتاكەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1946و دووجار نوێكراوەتەوە كە دواینجاریان لە ساڵی 2010دا بووە كاتێك حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق بووە.
دوای دەرچوونی حوكمەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی، یەكلایبوونەوەی كەیسی دادگای پاریس نزیكتر دەكاتەوە، لەسەردەمی كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، وادەی یەكلابونەوەی كەیسەكە لە دادگای پاریس كۆتایی هات، بەڵام عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەسعود بارزانیو فشارەكانی توركیا، بەلاداخستنی دۆسیەكەی دواخست.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانەیە كە ئاگاداری وردەكاریی ئەم دۆسیەیە، “حاجی ئەحمەد” لە 13ی ئایاردا یاداشتێكی ئاڕاستەی هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردووە.
لەو نوسراوەدا، حاجی ئەحمەد باسی لەوەكردووە، وەفدێكی پەرلەمانتارانی سوننە، لە توركیا چاویان بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای توركیا كەوتووە، یەكێك لەوانە (یاسین ئەقتای) جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا.
بەگوێرەی یاداشتەكەی حاجی ئەحمەد، وەفدە پەرلەمانییەكەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی توركیا باسیان لە راگرتنی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، یاسین ئەقتای جێگری ئەردۆغان پێی وتوون، توركیا دەیەوێت لەگەڵ عێراق بگاتە رێككەوتن، ئەگەر عێراق سكاڵاكەی لەسەر توركیا لە دادگای پاریس بكێشێتەوە، ئەوا ئەنكەرە هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت.
یەكلابونەوەی سكاڵاكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگای پاریس، سەرباری سزا داراییەكەی، توركیا لەسەر ئاستی جیهانو لەبەرچاوی كۆمپانیا گەورەكان دەخاتە ژێر گومانەوە، بەوپێیەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوتی پێشێل كردووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە توركیا لێی دەترسێتو رەنگە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ عێراق، حكومەتی هەرێمی تێدا بكات بە قوربانیی.
چارەنوسی ئابوری سەربەخۆ !
ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەوت بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، ئەمە ناوی لێنرا “ئابوری سەربەخۆ”، بەهۆی ئەم بڕیارەوە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا حكومەتو خەڵكی هەرێم زیاتر لە (100 ترلیۆن) دیناری زیانی ئابورییان بەركەوتووە، چۆن ؟
پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، لەچوارچێوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە لە بەغدادەوە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەهات، لە ساڵی 2013دا، واتە ساڵێك بەرلەوە هەرێم بڕیار لەسەر ئابوری سەربەخۆ بدات، بڕی (15 ترلیۆنو 338 ملیار) دینار لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانەكراوە، واتە هەر مانگێكی ئەو ساڵە، هەرێمی كوردستان (ترلیۆنێكو 278 ملیار) دیناری لە بەغداد وەرگرتووە.
بەڵام كۆتایی 2013 كاتێك حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ دەدات، بەغداد لە سەرەتاكانی 2014دا ئیتر بەشە بودجەی هەرێم رادەگرێت، ئەوكات حكومەتی هەرێم دەیوت ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە مانگێكدا بۆ یەك ملیۆن بەرمیل بەرزدەكاتەوە.
بەپێی راپۆرتی راپۆرتێكی فەرمانگەی توێژینەوەی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی كوردستان لە (2014 بۆ 2019) بەبڕی (40 ملیارو 703 ملیۆن) دۆلار، واتا (47 ترلیۆن و 961 ملیار) دینار، نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لەو ماوەیەدا بڕی زیاتر لە (62 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لەبودجەی عێراق لەدەستداوە، چۆن ؟
• لە ساڵی 2014 بۆ 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق (75 ترلیۆن و 514 ملیار و 843 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام لەو بڕە تەنیا (13 ترلیۆن و 370 ملیارو 533 ملیۆن) دیناری بۆ هاتووەو ( 62 ترلیۆن و 171 ملیارو 310 ملیۆن) دیناری لێبڕدراوە بەهۆی ئەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكردووە.
واتا حكومەتی هەرێم لەو پێنج ساڵەدا بەبەهای (47 ترلیۆن) دینار نەوتی فرۆیشتووە، بەڵام (62 ترلیۆن) دینار پشكی خۆی لەدەستداوە لە پرۆژە بودجەی عێراقدا.
ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم پێش پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ قەرزدار نەبوو، بەڵام لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئابوری سەربەخۆوە لە 2014 تا ئێستا 2019 بڕی قەرزەكانی گەیشتە (27 ملیار و 549 ملیۆن و 958 ملیۆن) دۆلار، كە بە پارەی عێراقی دەكاتە (40 ترلیۆن ) دینار، لەو بڕە (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلاری پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانە كە دەكاتە (13 ترلیۆن) دینار، واتا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ ( 40 ترلیۆن) دینار قەرزی خستوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم.
لەلایەكی تر بەهۆی مامەڵەی نەوت و گازەوە، حكومەتی هەرێم تائێستا زیاتر لە (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دیناری لە دادگاكاندا بە كۆمپانیاكانی نەوت و گاز دۆڕاندووە:
• رۆژی 2ی تەموزی 2015، كۆمپانیای دانەگاز بڕی (ملیارێك و 980 ملیۆن) دۆلاری لە دادگای لەندەن لە حكومەتی هەرێم بردەوە.
• رۆژی 14ی شوباتی 2017 بۆ جاری دووەم كۆمپانیای دانەگاز لە دادگای لەندەن بڕی (121 ملیۆن) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردەوە.
كۆی ئەو پارانەی كە حكومەتی هەرێم بە كۆمپانیای دانەگازی دۆڕاندووە دەكاتە (2 ملیارو 101 ملیۆن) دۆلار، ئەم پارەیە ئەوكات بە دیناری عێراقی دەیكردە (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار.
واتە كۆی زیانی ئابوری كە بەهۆی سیاسەتی نەوتەوە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، بەهاكەی زیاتر لە (100 ترلیۆن) دینارە، بەمشێوەیە:
• (62 ترلیۆن) دینار پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتەوە بەغداد بڕیویەتی.
• 2014 بۆ 2019 حكومەتی هەرێم (40 ترلیۆن) دینار قەرزدار بووە.
• (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار بەهای ئەو كەیسانەی كە حكومەتی هەرێم لە دادگاكان بە كۆمپانیاكانی نەوتو غازی دۆڕاندووە.
• بەمدواییە كەیسێكی تر لە دادگای لەندەن لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان یەكلابووەوە، ئەمە تایبەت بوو بە سكاڵایەكی كۆمپانیای (داینا سیتی پترلیۆم)، دادگای لەندەن بەهۆی ئەوەی نەیتوانی ئەوە یەكلابكاتەوە ئایا هەرێم بۆی هەیە بەشێوەی سەربەخۆی نەوت بفرۆشێت یاخود نا، حوكمدانی لەبارەی ئەم كەیسە گەڕاندەوە بۆ دادگاكانی عێراق، ئێستاو دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، داینا سیتی دەتوانێت كەیسەكەی خۆی یەكلا بكاتەوەو قەرەبووەكانی لە حكومەتی هەرێم وەربگرێت.