ڕوونبین
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی چوار شەممە ٢٠٢١/٩/١ لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی ژمێرەری سەرەتایی هەناردە و داهاتەکانی نەوتی بۆ مانگی ئابی ٢٠٢١ ڕاگەیاند .
بەپێی ئامارەکەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ ” بڵاوی کردووەتەوە ، بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئابدا بریتی بووە لە ٩٤ ملیۆن ٦٦٠و ٢٣٩ بەرمیل ، کە داهاتی فرۆشی ئەو بڕە نەوتە بریتی بووە لە ٦ ملیارو ٥٣٣ ملیۆن و ١٤٢ هەزار دۆلار.
ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کۆی نەوتیی هەناردەکراو لە مانگی ئابدا دا لەکێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ، بریتی بووە لە ٩١ ملیۆن و ٦٥٥ هەزارو ٩٣٠ بەرمیل، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە لە بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٩٥٦ هەزار و ٦٤٣ بەرمیل. لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیا بڕی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٤ هەزار و ٣٠٩بەرمیل، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی کەرکوک ٩٦ هەزار و ٩١٣بەرمیل بووە.
تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لەمانگی ئابدا بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٥٣ هەزار و ٥٥٦ بەرمیل بووە لە کاتێکدا لە مانگی تەموزدا تێکڕای هەناردەی رۆژانە ٢ملیۆن و ٩١٨ هەزار بەرمیل بووە واتە هەناردەی رۆژانە بڕی ١٣٥ هەزار و ٥٥٦ بەرمیل زیادی کردووە واتە بەڕێژەی ٤.٥٪. نرخی هەربەرمیلێک تێکڕا بە ٦٩.٠١٧دۆلار فرۆشراوە لە کاتێکدا تێکڕا نرخی بەرمیلێک نەوتی بەسرە بە ٦٩.٠٩٦ دۆلار بووە و نرخی نەتی کەرکوک لە جیهان بە ٦٦.٥٩٧ دۆلار فرۆشراوە. بەراورد بە مانگی تەموز سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت بەڵام داهاتی نەوتی عێراق نزیکەی ٥٨ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.

