- عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق: بودجەی ٢٠٢٢ بڕی ٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت پەیڕەودەکات.
- عەللاوی: بودجەکە لەماوەی ٣ هەفتەدا پێشکەش بەئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسەندکردنی و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
- عەللاوی: عێراق لەم ماوەیەی ئێستادا پێویستی بە قەرز نییە. هەر قەرزێکی دەرەکی تەنها بۆ تەواوکردنی پرۆژە گرنگەکان دەبێت، لەوانە گرێدانی هێڵی کارەبا بە کەنداوەوە.
عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق گوتی پێشبینی دەکات دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپیک وڵاتەکەی بەرهەمی نەوتی خۆی بەرزبکاتەوە . لە میانەی دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان وەزیرتی دارایی ووتی پێشبینی دەکات ڕێکخراوەکە ڕۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل زیاد بکات بۆ پشکی بەرهەمی ئێستای عێراق.
حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو. عەللاوی ووتی لە بودجەی ٢٠٢٢ دا نرخی ٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو دادەنرێت و ئاستی هەناردەکردن بە ٣,٤ ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا دیاری دەکرێت. ئەوەشی خستەڕوو ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار بە هەزار و ٤٥٠ دینار لەو بودجەیەدا پەسەند دەکرێت( واتە بەهای ئاڵوگۆری دۆلار گۆڕانی بەسەردا نایەت).
وەزیری ئابوری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کەبودجەی ساڵی داهاتوو لەماوەی سێ هەفتە دا پێشکەش بەئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسەندکردنی و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، هاوکات دەنگدان لەدانیشتنی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدوور دەزانرێت.
بە وتەی وەزیر سیاسەتی حکومەتی ئێستای عێراق ئامانجی پێکهێنانی هاوسەنگییە لە نێوان نەوت و زیادکردنی سەرچاوەکانی تر، بەشێوەیەکی سەرەکی دەروازە سنورییەکان و تاریفەی گومرگی سەر شمەکەکان، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە بارودۆخی دارایی عێراق لە جاران باشترە.
سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان عەللاوی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێویستی بە قەرز نییە لەم ماوەیەی ئێستادا، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر قەرزێک بکرێت تەنیا بۆ تەواوکردنی پڕۆژە گرنگەکان دەبێت، لەوانە گرێدانی کارەبای کەنداو. عەللاوی هۆشداریشیدا، لەگەڵ ئەوەی باشترکردنی باری دارایی بە خێرایی چارەسەری تەنگەژەی دارایی ناکات، بەڵکو پێویستی بە ڕێوشوێنی هاوکاری هەیە، لەوانە پێشنیاری وەزارەت بە پێسکەشکردنی بۆندەکانی خەزێنە بۆ هاوڵاتیان بە سودی تا ٦٪.
عەللاوی ووتیشی، لەهەوڵێکدا بۆ چاکسازی لەسیستمی باج وەک بەشێک لەپڕۆژەی حکومەت بۆ زیادکردنی داهات و هاندانی ئابووری عێراق وەزارەتی دارایی پڕۆژە یاسای باج ئامادەدەکات. ڕونیشیکردەوە کە یاسا نوێ کە لەگەڵ پێشکەوتنە چاوەڕوانکراوەکانی ئابووری جیهاندا لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا دەگونجێت و بەردەوام دەبێت. هەروەها باجیش بە داهاتی چاوەڕوانکراوی هاوڵاتیانەوە دەبەسترێتەوە. عەلاوی وتیشی: جگە لەوەش چاودەخشێنرێتەوە بە پرسی باج لە عێراق و سیاسەتێکی نوێی بۆ دادەڕێژرێت، چونکە باج لە ئێستادا کەمتر لە ١٪ ی داهاتی نەتەوەییپێک دەهێنێت، کە ئەمەش زۆر کەمە.