ڕوونبین
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو پلانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین داناوە (چارەسەری کاتی و چارەسەری درێژخایەن) و گوتیشی: “هۆکاری گرانبوونی بەنزین بۆ کەمبوونەوەی هاوردەکردن دەگەڕێتەوە”.
کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو پلانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین داناوە (چارەسەری کاتی و درێژخایەن)، بۆ ئەو مەبەستەش دوو تیمی پرۆفیشناڵ لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستبەکار بوون و “ئومێدەوارین بە زووترین کات گرفتەکە چارەسەر بکرێت.” ئەمڕۆ شەممە 14-08-2021 نرخی بەنزین زیاتر بەرزبویەوە، بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر لەنێوان 825 بۆ 875 دینارە، لە سلێمانییش لە شەوی رابردووەوە دەستکاری نرخی بەنزین کراوە، ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 825 دینارە. هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 5 ملیۆن لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی 1 ملیۆن لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت، بە گوتەی وەزیری سامان سرووشتییەکان، “ئێستا هاوردەکردن کەمبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین”. کەمال ئەترووشی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسیارێتیی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەنزین دراوەتە کەرتی تایبەت و لای حکومەت نییە، بەڵام دەبێ لەگەڵ پاڵاوگە ناوخۆییەکان و وڵاتانی هەناردەکاری بەنزین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ بکەین و پلانێکی هەمیشەیی بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دابنێین، “ئێمە خوێندەوە بۆ زیادکردنی دەرهێنانی نەوتی خاو دەکەین بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بە پاڵاوگەکان بدەین”. یەکێک لە هۆکارەکانی گرانبوونی بەنزین لە هەرێمی کوردستان زیادبوونی خواستی بەنزینە لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە. کەمال ئەترووشی گوتیشی: “لەگەڵ وڵاتانی هەناردەکار و بەغداش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین، لە دوو رۆژی رابردوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوومەوە و هاوهەڵوێستبووین لەسەر ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ بکەین بۆ ئەوەی کارەکانمان لەسەر بنەمای ئەخلاقی و پیشەیی بن و چیدیکە قەیران دروستنەبێ”. جگە لەو بەنزینەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەشێک لە بەنزینیش لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەپاڵێورێت. وەزیری سامانە سرووشتییەکان دڵنیاییدا لەوەی کە دۆخەکە باش دەبێت و گوتیشی، “دەمانەوێ سوود لەو بەنزینەش وەربگرین کە لە بازیان بەرهەمدێت و زیاتر بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دەڕوات”.