ڕوونبین
دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە کۆ بونەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس شکستی هێنا بەهۆی رێک نەکەوتنیان لەسەر بڕی زیادکردنی بەرهەم، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیمارات داوای زیادکردنی پشکەکانی دەکرد، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە کاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی بەکاتی گرینیج جارێکی تر کۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر بڕی زیادکردنی بەرهەم.
لەماوەی دوو هەفتەی ڕابوردودا وتووێژی نێوان سعودیە ئیمارات بەردەوام بووە، پێدەچێت زەمینەیەکی هاوبەش دۆزرابێتەوە بۆ رێکەوتن لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەم بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دانیشتنی سبەینێ لە ڕێکەوتنەوە نزیک بێت.
لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا نرخی نەوت بەرز و نزمی زۆری بە خۆیەوە بینی و زۆرترین بەهای لەدەست دا.
بەهۆی بە رزی نرخی نەوتەوە لەماوەی چەند مانگی ڕابوردودا لەسەرخۆ ژمارەی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیر لە ئەمەریکا لەزیادبوندان و ئەم هەفتەی گەشتووەتە ٣٨٠ سەکۆ کە بەرزترینە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ ەوە. هەروەها لەماوەی دوو هەفتەی ڕابوردودا بەرهەمی خاوی ئەمریکی بە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادی کردووە و لە ٩ی تەموزدا بەرهەمی ئەمەریکا بەرزبووەتەوە بۆ ١١.٤ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کە دیسان بەرزترین ئاستی بەرهەمە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ ەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا و ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت (ئۆپیک) هاوڕان لەسەر ئەوەی خواستی نەوتی جیهانی بەردەوام لە گەشە سەندندا دەبێت لانی کەم تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢.
هەرسێ دامەزراوەکە پێیان وایە لەکۆتایی ساڵی ئایندەدا بەکارهێنانی نەوتی جیهانی ئاستی ساڵی ٢٠١٩ تێپەڕ دەکات و دەگاتە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل (ئاستی پێش بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید ١٩)وپاشتریش لە بەرزبونەوەی زیاتردا دەبێت.
لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ ەوە هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس (١٣ وڵاتی ڕێکخراوی ئۆپیک+ ١٠ وڵاتی دەرەوەی ڕێکخراوەکە) بەسەرۆکایەتی سعودیە و ڕوسیا، ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل بەرهەم کەم بکەنەوە و دواتر تا مانگی نیسانی ٢٠٢٠ بە قۆناغ بەندی بەرهەم زیاد بکەن و کەم کردنەوەی بەرهەم نەمێنێت. ئێستا ئاستی کەمکردنەوە گەشتووەتە نزیکەی ٥.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.