ڕوونبین
بەپێێ زانیارییەکانی ڕوونبین لە چارەکی دووەمی ٢٠٢١ ەوە بیری بەرهەم هێنی CK-17 تەواو بووە، تێکڕای بەرهەمی بیرەکە نزیکەی ٢,٠٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و بەمەش ئێستا کۆی بیرە بەرهەم هێنەکانی کێڵگەی ئەتروش گەشتووەتە ١١ بیری بەرهەم هێن و بەرهەمی کێڵگەکەش ئێستا زیاترە لە ٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. کۆمپانیای شاماران دەڵێت ئەم بیرە بە کەمتر لەو بوجەی بۆی تەرخانکرابوو تەواو بووە.
بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی جیهان کە کەمترین تێچوی هەیە لە ڕووی دۆزینەوە، پەرەپێدان و خەرجی وەگەرخستنەوە
کێڵگەی ئەتروش کێڵگەیەکی نوێ یە ، لە تەموزی ساڵی ٢٠١٧ ەوە دەستکراوە بە بەرهەم هێنانی نەوت و لەسەرەتای بەرهەمەوە تاسەرەتای مانگی شەش(حوزەیران)ی ٢٠٢١ کۆی بەرهەم گەشتووەتە ٤٥ ملیۆن بەرمیل نەوت و ئێستا لە ٩ی تەموزدا زیاترە لە ٤٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم هاتووە تێیدا.
بەپێی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت لە هەرێم: بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی جیهان کە کەمترین تێچوی هەیە لە ڕووی دۆزینەوە، پەرەپێدان و خەرجی وەگەرخستنەوە. بەڵام بەپێچەوانەی کۆمپانیاکانی نەوتەوە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم دکتۆر کمال ئەتروشی لەهۆڵی پەرلەمان لە بەرواری ٢٠٢١/٦/٢٨ دا وتی: مەترسی بەرهەمهێنانمان بەراورد بەعێراق زیاترە هەروەها تێچوی نەوتەکەمان ٢٠ بۆ ٣٠ جار لە وڵاتانی ناوچەکە زیاترە .
کێڵگەی نەوتی ئەتروش دەکەوێتە پارێزگای دهۆک و ٨٥ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای هەولێرەوەیە. سێهەم گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتە لە دوای خورمەڵە و تاوکی. بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی ڕوونبینە بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠دا ٤٦هەزار و ٧٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە بووە بەڵام لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا دابەزیوە بۆ ٣٨ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل، هۆکارەکەی بۆ کەمکردنەوە و سنوردار کردنی پرۆسەکانی پەرەپێدان بووە لە ساڵی ڕابوردودا بەهۆی نزمی نرخی نەوتەوە بە ڵام لەسەرەتای ئەم ساڵەوە پەرەپێدان جارێکی تر لە بیرەکاندا دەستی پێکردووەتەوە و زیاد کردنی بەرهەم جارێکی تر بۆ سەرو ٤٤ هەزار بەرمیل بەرهەمی ئەوەیە.
نەوتی ئەتروش ئێستا لە ساڵی چوارەمی بەرهەمی دایە و هەموو نەوتە بەرهەم هێنراوەکە دەفرۆشرێت بە هەرێمی کوردستان بە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت، دوای داشکاندنی جۆری (کوالێتی) نەوت و تێچوی گواستنەوە. کۆمپانیای شاماران ٢٧٫٦٪ ی پشکی کێڵگەکەی هەیە و پشکی کۆمپانیای تاقە ی ئیمارەتی ٤٧٫٤٪ ە و هەرێمیش ٢٠٪.
