ڕوونبین
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی چوار شەممە ٢٠٢١/٦/٢٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی ژمێرەری کۆتایی هەناردە و داهاتەکانی نەوتی بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢١ ڕاگەیاند .
بەپێی ئامارەکەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ ” بڵاوی کردووەتەوە ، بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئایاردا دا بریتی بووە لە ٨٩ ملیۆن ٨٨١ و ٢٦٨ بەرمیل ، کە داهاتی فرۆشی ئەو بڕە نەوتە بریتی بووە لە ٥ ملیارو ٩١٧ ملیۆن و ٩٣٢ هەزار دۆلار.
ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کۆی نەوتیی هەناردەکراو بۆ مانگی ئایار لەکێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ، بریتی بووە لە ٨٦ ملیۆن و ٨٢٠ هەزارو ٣٥٥ بەرمیل، بە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە لە بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار و ٦٥٦ بەرمیل. لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیا بڕی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٦٠ هەزارو ٩١٣ بەرمیل، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی کەرکوک ٩٨ هەزار و ٧٣٩ بەرمیل بووە.
تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لەمانگی ئایاردا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار بەرمیل نرخی هەربەرمیلێک تێکڕا بە ٦٥٫٨٤٥دۆلار فرۆشراوە.
تێبینی دەکرێت لەگەڵ ئەوەی هەناردە تێکڕا ڕۆژانە ٤٧ هەزار بەرمیل کەمتر بووە بەراورد بەمانگی نیسان بەڵام داهات بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە زیاتر بووە کە بە تێکڕا بەراورد بە مانگی پێشوو ٣٦٨ ملیۆن و ٤١٥ هەزار دۆلار داهات زیادی کردووە.