یادگار سدیق گەڵاڵی
لە کۆتا رۆژی مانگی ئازاری ٢٠٢١ دا پەرلەمانی فیدراڵ یاسای بوجەی پەسەند کرد وە لە ٨ی نیساندا سەرۆک کۆمار پەسەندی کرد. لە ١٢ی نیساندا لە وەقائیعی عیراقیدا بڵاو کرایەوە و بەشێوەیەکی فەرمی چووە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
لە یاساکەدا کۆی داهات دانراوە بە ١٠١ ترلیۆن و ٣٢٠ ملیار ١٤١ ملیۆن دینار بەم شێوەی خوارەوە:
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ە وە بەبەردەوامی نرخی نەوت لە هەڵکشاندایە و هەموو پێشبینییەکان بەو ئاراستەیە یە تا کۆتایی ساڵ نرخی بەرمیلێک نەوت لە ٧٥ بۆ ٨٠ دۆلار دەبێت. کۆی داهاتی نەوتی رێژەی ٨٠٪ ی هەموو داهاتی عێراق پێک دەهێنێت. بوجەی پەسەندکراوی عێراق نرخی نەوتی بە ٤٥ دۆلار داناوە و بەرهەمی نەوتی ڕۆژانەشی بە ٣ ملیۆن بەرمیل دیاری کردووە لەگەڵ ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێم کە تائێستا نەهەولێر داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی ڕادەستی بەغداد کردووە و نە بەغداش هیچ بڕە پارەیەکی لە بوجە بۆ هەرێم ناردوووە.
لێرەدا دەمانەوێت شیکردنەوە بۆ داهاتی عێراق بکەین لەسەر نرخی فرۆشی نەوت لە پێنج مانگی ڕابوردوو کە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق( سۆمۆ) ڕایان گەیاندووە بەبێ داهاتی نەوتی (٢٥٠) هەزار بەرمیلەکەی هەرێم لەگەڵ بەراورد کردنی بە و داهاتەی کە بەپێی بوجە دانراوە، تاوکو بزانین بوجە لەم پێنج مانگەدا جەند زیادەی هەیە.
وەکو لە خشتەکەدا دیارە لەماوی پێنج مانگی ڕابوردوودا بەبێ ئەوەی هەرێم بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستبکات بڕی ٦ ملیار و ٦١١ ملیۆن دۆلار زیادەی داهات هەیە و بەمەش رێژەی ٣٣٪ ی کورتهێنانی بوجە پڕ دەبێتەوە. وە ئەگەر بێتو ئەو بڕەی هەرێمی لەگەڵا ئەژمار بکەین کە لەو پێنج مانگەدا دەبوایە بیدایە بە بەغداد ئەوا رێژەی پرکردنەوەی کورتهێنان بەرز دەبێتەوە بۆ ٤٥٪.
ئێستا دێین بەپێی نرخی گریمانەیی کە ئەگەر لەماوەی ٧ مانگی ئایندەدا تا کۆتایی ساڵ نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق بە ٦٨ دۆلار بێت و ئاستی بەرهەمیش هەر هەمان ئاستی مانگی ئایاربێت کە ئەمە سیناریۆی مام ناوەندە (چونکە نرخی نەوت چاوڕێی زیاتری لێدەکرێت و بەرهەمیش لەمیانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بڕیارە زیادبکرێت واتە بەرهەمی عێراقیش زیاد دەکات) ئەوا لەم ٧ مانگەدا بڕی ١٣.٣ ملیار دۆلار زیادەی داهات دەبێت و کورت هێنانی بوجەی پێ ثڕدەکرێتەوە، بەم شێوەیەی لەخشتەکدا هەیە:
کەواتە بەپێی ئەم سیناریۆیەی نرخی نەوت تاکۆتایی ساڵ لەگەڵ داهاتی پێنج مانگی سەرەتادا حکومەتی عێراق تەنها لە فرۆشی نەوت زیاتر لە ٦٩ ملیار و ١٨٨ ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت گەربێت و ئەم داهاتە بکەین بە دینار (نرخی ئاڵوگۆر بە ١.٤٥٠دینارە) ئەوا دەکاتە ١٠٠ ترلیۆن و ٣٢٣ ملیار و ٢٢٤ ملیۆن دینار. واتە بڕی ١٩ ملیار و ٩١٣ ملیۆن دۆلار( ٢٨ ترلیۆن و ٨٧٤ ملیار دینار) زیاترە لەوەی کە لەبوجەدا دیاری کراوە و دەکاتە ڕێژەی ٢٩٪ی کۆی داهاتی نەوت.
دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی تەنها بە داهاتی نەوت (بەبێ داهاتی نەوتی هەرێم) کورت هێنانی بوجە کە ٢٨ ترلیۆن دینارە پڕ دەکرێتەوە.
داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم :
لە سەر هەمان بنەمای سەرەوە( نرخی نەوتی کەرکوک کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە ڕاگەیەنراوە) شیکردنەوە بۆ داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەرێم دەکەین کە دەبێت ڕادەستی سۆمۆی بکات تاوکو بزانین داهاتی عێراق چەند زیاد دەکات.
لە خشتەی -١- دا دەبینین لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵدا هەرێم دەبێت بڕی ٢,٢٦٤,٦٣٧,٢٥٠ دۆلار ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات.
لە خشتەی- ٢- دا دەردەکەوێت بۆ ٧ مانگی کۆتایی ساڵ بەپێی نرخی گریمانەیی ٦٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوا هەرێم دەبێت بڕی ٣ ملیار و ٦٣٨ دۆلاری تر لانیکەم ڕادەست بکات.
واتە لەماوەی ساڵەکەدا بڕی ٥,٩٠٢,٦٣٧,٢٥٠ دۆلار ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات. کە بەدینار دەکاتە ٨ ترلیۆن و ٥٥٨ ملیار و ٨٢٤ ملیۆن دینار.