ڕوونبین
بەپێی هەواڵێک کە دامەزراوەی میدیای درەو بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی بەغداد بە وەفدی هەرێمی کوردستانیان وتووە” نەك ناتوانین پارەتان بۆ بنێرین، بەڵکو بەپێی رێككەوتنەكەمان دەبێت ئێوە مانگانە (100 ملیار) دیناریش بۆ بەغداد بنێرێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو وەفدی هەرێم تایبەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەیاندا سەبارەت بە میكانیزیمی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و پشكی هەرێم لەیاساكەدا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بە وەفدی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە، عێراق بە (انفاقی فیعلی) مامەڵە دەكات، واتا بەپێی ئەو پارەیەی مانگانە دێتە بەردەستیان خەرجی دەكەن.
وەزیری دارایی عێراق، بەڕاشکاوی بە وەفدی هەرێمی وتووە:” ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرین، بۆیە ئەگەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد جێبەجێ بكەین، نەك ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرین بەڵكو دەبێت هەرێم مانگانە (100 ملیار) دیناری داهاتەکانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، بەرپرسانی بەغداد بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەیان بە وەفدی هەرێم داوا کە بێدەنگ بن لە پشکی هەرێم لە بودجەدا، بەغدادیش لای خۆیەوە بێدەنگی لێدەکات و بەمشێوەیە هەردوولا هیچ بەرامبەر بە هیچ لە رێککەوتنی یاسای بودجە دەچنە دەرەوە.