نووسینی : جەیمی ئینگرام / وەرگێڕانی ڕوونبین
لە کۆتایدا و دوای چاوەڕوانییەکی سەخت و دوورو درێژ، کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی کە فۆکۆسی کارەکانی لەسەر کوردستانە توانی رەزامەندی وەزارەتی سامانە سروستییەکان وەربگرێت بۆ پەرەپێدان لەکێڵگەی کوردەمیردا. دوای ئەوەی کۆمپانیای ریپسۆڵی ئیسپانی لە ساڵی ٢٠١٩ دا لەکێڵگەکە کشایەوە ئێستا کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس کۆمپانیای سەرکارەو خاوەنی ٨٠٪ ی پشکی کێڵگەکەیە و هەرێمی کوردستانیش ٢٠٪ .
ماوەی چەند ساڵێک بوو هاوپشکەکان لە کوردەمیر لە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بوون لەسەر پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە FDP بەڵام بەرەوپێشچونەکان لەوبارەوە زۆر سست بوو، بەتایبەت کاتێک لەماوەی ڕابوردوودا هەرێم رووبەڕوی چەندکێشەیەکی تر بوبویەوە.یەکەمیان هاتنی داعش لەساڵی ٢٠١٤ و بەدوایدا دابەزینی نرخی نەوت لەهەمانساڵدا کە تائێستا کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر هەرێم ماوە و هێسشتا بەتەواوەتی نەگەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١٥.
بەهۆی ئەوکێشە و فشارە ئابوریانەی لەهەرێمدا هەیە حکومەت کەمتر کاری لەسەر کارکردن لە بواری پەرەپێدانی لە کێڵگە نوێێەکان کردووەو بەتایبەت ئەوکێڵگانەی تایبەتە بەگاز وەکو کوردەمیر، بەڵام لەم ماوەی دوایدا ئاماژەکانی داگیرساندنی گڵۆپی سەوز دەرکەوتن بەتایبەت لەگەڵ کەوتنە بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە پارێزگای هەولێر لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا کە بەرهەمی لە ئێستادا لەسەروو ١٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەوەیە (لەسەرتە کۆمپانیای شیڤرۆن ٥٠٪ ی پشکەکانی هەیە و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێمی کوردستانیش ٢٠٪). هەروەها لە کێڵگەی باشیکیش (دی ئێن ئۆ ٣٢٪ و ئێکسۆن مۆبیل٣٢٪ “پشکەکانی فرۆشتووە بە دی ئێن ئۆ” و کۆمپانیای وزەی تورکی ١٦٪ و هەرێم ٢٠٪ ی پشکەکانیان هەیە) بڕیارە لە ئەمساڵدا دەست بکەن بەبەرهەم هێنانی نەوت. بابەتی کەمکردنەوی خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان لەکێلگەکاندا بەهۆی کەمکردنەوەی پێدانی شایستە داراییەکانیانەوە لەلایەن هەرێمەوە بابتێکی ترە.
وتووێژی بەرهەم هێنانی گاز
کاتێک کە کۆمپانیا ئیسپانییەکە ریپسۆڵ Repsoڕازی بوو بەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تەلیسمان بکڕێتەوە لەساڵی ٢٠١٤ دا( پشکی ٤٠٪ ی کێڵگەی کوردەمیر هەوروەها ٨٠٪ ی کێڵگەی تۆپخانە). سەرەتا گەشبین بوون بە پەرەپێدانی گاز لە کوردەمیر و بەوهیوایەی بەشیکی زۆری بەرهەمەکەی بنێرن بۆ تورکیا و بەوەش زاڵ دەبن بەسەر کێشەی دەستخستنی سەرمایەدا کە پێشتر بۆ تەلیسمان دروست بو بوو.
کۆمپانیاکە پلانی پەرەپێدانی کێڵگە لەساڵی ٢٠١٦ دا بۆ هەردوو کێڵگەی کوردەمیر/ تۆپخانە بە هاوبەشی پێشکەش بە حکومەت کرد. لە ڕێگای یەکەی چارەسەری ناوندییەوە کە توانای ١٥٠ ملیۆن پێ سێجا گازی دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا، بەڵام ئەم پلانە پەسەند نەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن لە کێڵگەی کوردەمیر و پرۆژەکانی تری گازدا ڕاگیرا. تەنها یەک کێڵگە بەدەر کرا لە ڕاگرتنی کاری پەرەپێدان ئەویش کێڵگەی کۆرمۆر بوو کە کۆمپانیای پێرێڵ ( دانا گاز و هاوپشکەکانی) وەبەرهێنانی تێدا دەکات و بازاڕی کوردستانی کردوەتە ئامانج و بەرهەمەکەی لەناوخۆدا بەکار دەهێنێت.
بەهۆی بەرەوپێش نەچوونی کارەکانی و بێ هیوایی ساڵی ٢٠١٩ کۆمپانیای ریپسۆڵ وازی لە کێڵگەی کوردەمیر هێنا و دەشیەوێت لە تۆپخانە دەربچێت، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری کرد لەوەی پشکەکانی ریپسۆل بە کۆمپانیای دینا ستی کە کۆمپانیایەکی خۆماڵی یە بفرۆشێت.ئێستا وێسترۆن زاگرۆس پشکەکانی ریپسۆڵی هەیە. بە پەسەندکردنی پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە وێستێرن زاگرۆس پاداشتی ئارامگرتنی ئەوماوە درێژەی وەرگرتەوە و بەرەپێش چوون دەستی پێکردووە.
کوردەمیر دووەمین کێڵگەیە کە وێستێرن زاگرۆس سەرمایە گوزاری تێدا دەکات لەپاڵ کوردەمیردا پشکی ٤٠٪ی بلۆکی گەرمیانی هەیە کە کێڵگەی سەرقەڵا ٣٣ هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم دەهێنێت ( ئەی پی ئای ٤١ﹾ یە). بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وێستێرن زاگرۆس سایمن هاتفیلد ماوەیەکی درێژە کێڵگەی کوردەمیر بە تاجی ئاڵتونی کۆمپانیاکە دەبینێت ، بۆیە بەرەوپێشچوون لە پەرەپێدانیدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکە.
ئامانجی قۆناغەکە
وێستێرن زاگرۆس Western Zagrosدەڵێت لە گەڵ کڕینی پشکەکانی ریپسۆڵ لە ساڵی ٢٠١٩ دا وتۆێژمان لەسەر پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەست پێکردووە و لەمساڵدا ڕەزامەندی لەسەر پلانەکە وەرگیرا.کۆمپانیاکە پلانی هەیە بەقۆناغبەندی پەرەپێدان لەکێڵگەکەدا بکات. ئامانجیانە لە قۆناغی یەکەمدا ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم بهێنن کە ئەی پی ئای ٣٩ﹾ دەبێت و هەروەها رۆژانە بڕی ٧٥ ملیۆن پێ سێجا گازی کەم گۆگرد بەرهەم بهێنن. پشکی گازەکە لە کوردەمیر بەهەمان ئەندازەیە کە لە پلانە هاوبەشەکەی کوردەمیر/تۆپخانەدا هەبوو.
ئێستا پەرەپێدان لە کێڵگەکەدا دەستی پێکردووە و بەپێی زانیارییەکانی میسMEES یەکێک لەو و سێ بیرەی کە پلانە لە قۆناغی یەکەمدا لێ بدرێت لە چارەکی ٤ ی ئەمساڵدا دەست بەلێدانی دەکرێت ئەگەر شتەکان بە باشی بەڕێوە بچێت ئەوا چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوودا بەرهەمی سەرەتایی دەست پێ بکات، گواستنەوەی بەرهەمەکە بە تەنکەر بۆ خاڵی داخڵ بوونی بۆری نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دابێت. ئێستا بەرهەمی گەرمیان بە هەمان شێوە بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ خورمەڵە و داخڵی بۆری هەرێم دەکرێت بۆ هەناردەکردن.
کێڵگەی کوردەمیر کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس دەتوانرێت بڕی ١.٨ ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی ٤٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیش. کێڵگەکە لە توانایدا بەرهەمی لە ئایندەدا بگاتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەڵام بە بێ بەستنەوەی راستەوخۆی بە بۆرییەوە کارێکی ئەستەمە. هەروەها کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس دەڵێت ” بەرهەمهێنانی بەردەوام دۆزینەوەی گەورەی کوردەمیر ، پێویستی بەوەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری زۆر دەبێت لەپرۆسەکردن و ژێرخانی هێڵی گواستنەوەدا”.
سەبارەت بە گاز پێشتر وێستێرن زاگرۆس پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەتوانرێت کە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە بۆ ویستگەی وزەی چەمچەماڵ کە توانای ١.٥ گیگا واتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا دەرچەی گاز کارێکی پێویست نییە چونکە بەرهەم لەسەرەتاوە کەم دەبێت.
سەبارەت بە گازی بەرهەم هاتووی ئێستا لەهەرێم زۆربەی هەرە زۆری لە کێڵگەی کۆرمۆرە کە لە لایەن کۆمپانیای پێرێڵەوە بەڕیوە دەبرێت . وە داناگاز دەڵێت بەرهەمی گەشتووەتە ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجا کە ٨٠٪ ی بەرهەمی کارەبای هەرێم پێک دەهێنێت. تەنها سەرچاوەیەکی تری گازی هەرێم بریتییە لە خورمەڵە کە گازی هاوتایە (موصاحب) . بەپێی گرێبەستی فرۆشتنی گاز لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، کۆرمۆر بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن پێی سێجا تاوەکو نیسانی ٢٠٢٣ توانای زیاد دەکات،بەشێکی بۆ دابینکردنی ویستگەکانی ناوخۆیە.
دابینکردنی وزە بۆ عێراق
بڕیارە هێڵێکی تری ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا بنیاد بنرێت لە کۆرمۆر، بەڵام پێناچێت بتوانرێت لە بازاڕی ناوخۆی کوردستاندا ساغ بکرێتەوە . پێویستە ئەو گازە لەرێگای بۆرییەوە بگوازرێتەوە بۆ تورکیا ،وە بەرەو باشور و ئەوناوچانەی حکومەتی فیدراڵ کە لە دەرەوەی دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمن، یان بۆ ویستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبای هەرێم و لەوێوە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ عێراق بەکار بهێنرێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانا گاز پاتریک ئالمان وارد لە کۆنفرانسی رینسانس کاپیتال مینا بۆ وەبەرهێناران وتی” بەپێی لێکدانەوەکانی ئێمە کۆی توانای وەبەرهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان توانای هەڵمژینی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای تر گازی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بەومەرجەی زیادبێت لە پێداویستی ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوخۆی هەرێم ئێمە باوەڕمان وایە هەرێم ی کوردستان دەیەوێت گاز وەربگرێت بۆ ویستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا بەڵام بۆ هەناردەکردن پێویستی بە ڕێکەوتنێکە لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دا”.
لەسەر بنەمای ئەوە لە ئێستدا هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ توانای هەلمژینی ٧٥ ملیۆن پێ سێجا گازی هەیە کە لە کوردەمیر بەرهەم بێت بەڵام بۆئەوەی کە بەتەواوی تواناوە گاز بەرهەم بێت ئەو کاتە ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد زۆر گرنگە و ڕیکەوتنێکی لەوشێوە سودی بۆ هەموولا دەبێت.