جیهانگیر سەدیق گوڵپی
پێنج مانگ له‌ساڵی دارایی 2021 تێپه‌ڕیوه، زیاتر له دوو مانگیشه رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌نجام دراوه و، یاسای بودجه‌یش ده‌ركراوه، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی یاساكه تایبه‌ت به پشكی هه‌رێم جێبه‌جێ نه‌كراوه. ته‌نها جیاوازی ئێستا له‌گه‌ڵ پێش رێككه‌وتن و ده‌رچوونی یاساكه ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی لێدوانه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن گرفتی ئه‌م جاره ته‌كنیكیه و تایبه‌ته به‌دیاریكردنی میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌وه!
ئێمه لێره‌دا به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و لێدوانانه و به‌گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه گرفتی ئه‌م جاره به‌ده‌ره له ره‌هه‌ندی سیاسی و ته‌نها پرسێكی ته‌كنیكیه، خوێندنه‌وه بۆ پرسه‌كه ده‌كه‌ین و پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كه ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
خاڵ و بڕگه یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌ناردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له ماده‌ی (11)
له‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2021، له‌ماده‌ی یازده خاڵی (دووه‌م) كه تایبه‌ته به ناردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، ته‌نها چوار بڕگه كراونه‌ته مه‌رج بۆ ناردنی شاسته‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه:
أ- راده‌ستكردنی به‌های لانی كه‌م (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه به‌نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ، له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه بۆ به‌غدا.
ب- جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی (أ)ی سه‌ره‌وه به هه‌مئاهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بیت.
ج- حكومه‌تی هه‌ریم پابه‌نده ده‌بێت به راده‌ستكردنی داهاته نانهوتیهكانی بۆ گه‌نجینه‌ی فیدراڵی به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی، دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی به هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری هه‌رێم هه‌ڵده‌ستێ به ووردبینی ئه‌و داهاتانه.
د- پاكتاوكردنی ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه له ره‌سیدی بانكی بازرگانی عێراقی لای بانكه حكومی و تایبه‌ته‌كان، بۆ ئه‌وه‌یش وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هه‌ڵده‌ستێ به خشتهبهندكردنی پشكه‌كان و داشكاندینیان له پشكی هه‌رێم، پرۆسه‌كه له‌سه‌ره‌تای ساڵی دارایی 2021 ده‌ست پێ ده‌كات تا ماوه‌ی (7) ساڵ.
ھ- له‌بڕگه‌ی (ھ) هاتوه : حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌نده به پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه له یاساكه و خشته هاوپێچهكانیدا هاتون، پاش جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی(أ،ب،ج،د).
خوێندنه‌وه و شیكاری بڕگه یاساكانی سه‌ره‌وه
یه‌كه‌م/ به‌پێی بڕگه‌ی(أ) “پێویسته هه‌رێم به‌های (250)هه‌زار به‌رمیل رۆژانه به‌نرخی سۆمۆ راده‌ستی به‌غدا بكات، ئه‌وه‌یش به‌پێی بڕگه(ب) به هه‌مائاهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان جێ به‌جێ ده‌كرێت”. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ له‌كۆتایی هه‌ر مانگێك پاش ئه‌وه‌ی تێكڕای نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ به‌دیار ده‌كه‌وێت ئینجا بڕی ئه‌و پاره‌یه دیاریبكرێت كه ده‌بێ هه‌رێم راده‌ستی بكات. واته ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆتایی مانگ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌تی راده‌ستی بكات، یان ده‌كرێ له پێش كۆتایی مانگ له هه‌ركاتێكدا به‌شیوه‌ی به‌ش به‌ش بڕێك راده‌ست بكات و تاكو له‌كۆتایی مانگدا پاكتاو بكرێت یان یه‌كلایی بكرێته‌وه.
ئێستا نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ بۆ پێنج مانگی رابووردو دیاره، ئه‌گه‌ر ویستی جێبه‌جێكردن هه‌بێت ئه‌وا به‌ئاسانی ده‌توانرێت بههامئاههنگی هه‌ردولا به‌پێی بڕگه‌ی (ب) و به ره‌چاوكردنی خه‌سڵه‌ته‌كانی نه‌وتی هه‌رێم، به‌های (250)هه‌زار به‌رمیل رۆژانه بۆ پێنج مانگی رابوردو دیاری بكرێت كه له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمه.
دووه‌م/ سه‌باره‌ت به بڕگه‌ی (ج) كه تایبه‌ته به راده‌ستكردنی داهاتی نانه‌وتی و، ووردبینی كردنی، لێره‌دا سێ خاڵ جێگه‌ی سه‌رنجه:
1. ئایا داهاتی نانه‌وتی چی ده‌گرێته‌وه؟ تاكو ئێستا نه له‌ده‌ستور و نه له هیچ یاسایه‌كدا ئه‌وه رون نه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌م بابه‌ته پێویست بوو زۆر پێشتر له ئێستا یه‌كلایی بكرایه‌ته‌وه، بێگومان ئه‌وه‌ی كه به داهاتی ئیتحادی به‌ده‌ستهاتو له‌هه‌رێم ناوزه‌د ده‌كرێت و 50%ی بۆ به‌غدا ده‌بێت مه‌رج نیه كۆی داهاته نانهوتیهكان بگرێته‌وه، چونكه ئه‌وه نه‌ك له‌ده‌وڵه‌تی فیدراڵی له‌ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندییشدا په‌سه‌ند نیه، واته نابێت ته‌واوی داهاته‌كانی هه‌مو باجه‌كان رسوماته‌كان و تێكڕای داهاتی سنوره‌كانیش بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وه نه‌ك هه‌ر گونجاو نیه له‌گه‌ڵ فیدراڵیه‌تی دارایی، به‌ڵكو زۆر پاشكهوتوتر ده‌بێت له‌و ئۆتۆنۆمیه‌ی كه حكومه‌تی به‌عس تاك لایه‌ن به یاسایه‌ك له 1974 رایگه‌یاند و له‌وێدا جگه له پشكێك له بودجه‌ی عێراق، یازده بڕگه له باج و رسومات و داهاتی جۆراوجۆر وه‌ك داهاتی خود سه‌رچاوه(ذاتیة المصدر) بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دیاركرابوون.
2. له‌و بڕگه یاسایه‌دا نه‌هاتوه كه ده‌بێ پێش راده‌ستكردنی داهاته نانهوتیهكان له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری داراییه‌وه ووردبینیان بۆ بكرێت، بۆیه ده‌كرێ به‌ر لهووردبینی داهاته‌كان راده‌ست بكرێن. ئه‌گه‌ر له‌پاش پرۆسه‌ی ووردبینی ده‌ركه‌وت جیاوازی هه‌یه، ئه‌وكات ده‌توانرێت به‌ڕێكاری جۆراو جۆر یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
3.به‌پێی ماده(34) خاڵی دووه‌م بڕگه‌ی (ب) له‌یاسای كارگێڕی دارایی، ده‌بێ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم هه‌ڵسێ به‌كاری وردبینی دارایی له‌هه‌رێم به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له برگه‌ی (ج)ی سه‌ره‌وه هاتوه، له‌كاتێكدا له‌هه‌مان بڕگه‌دا هاتوه كه به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی ووردبینیهكه ده‌كرێت، بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه پێویسته ههمئاهانگی ته‌واو هه‌بێت به‌ڵام به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ده‌بێ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم بكه‌ری سه‌ره‌كیی كاره‌كه بێت.
لێره‌دا پێویسته سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت كه له‌ڕاستیدا دیوانی چاودێی دارایی ئیتیحادی نه له‌ڕوی یاساییه‌وه نه له‌ڕوی پێكهاته‌وه نه له‌ڕوی ته‌مویل و تهرخانكراوهكانیهوه دامه‌زراوه‌یه‌كی فیدراڵی نیه. دروست ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌یه‌كی هاوبه‌ش به‌پێی ماده‌ی (106) ی ده‌ستور چاودێری ته‌رخانكردنی ته‌واوی داهاته ئیتیحادیه‌كان بكات له‌سه‌رانسه‌ری عێراق به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌یه‌كی چاودێری هاوبه‌ش و فیدراڵی. به‌ڵام له‌كاتی پیداگریی به‌غدا و بۆ پابه‌ند بونی حه‌رفی بهیاساكهی بودجه ده‌كرێت تاراده‌یه‌ك رۆڵ و به‌شداریی گونجاو به هه‌ردوو دیوانی چاودێری بدرێت، چونكه لێره‌دا چه‌مكی هه‌مئاهه‌نگی لاستیكیهو ده‌كریت له هه‌ر پنتێكی نێوان كه‌مترین و زۆرترین ئاستی رۆڵ بینین‌دا جێگه‌ی بكرێته‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مو بارێكدا پێویسته لایه‌نی هه‌ریم ئه‌و سه‌رنجانه له‌سه‌ر ئه‌رك و پێگه‌ی ئه‌و دو دامه‌زراوه‌یه به‌هه‌ند وه‌ربگرێت.
سێیه‌م/ ئه‌ركی جێ به‌جێكردنی بڕگه‌ی (د) كه تایبه‌ته به لێبڕینی قه‌رزه‌كانی بانكی بازرگانی عێراقی له پشكی هه‌رێم، له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم نیه و، نابێته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ناردنی پشكی هه‌رێم چونكه به‌پێی ده‌قی بڕگه یاساكه له‌كاتی ناردنی پشكی هه‌رێم له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه پشكی قه‌رزه‌كان داده‌شكێنرێت.
چواره‌م/ جگه له بڕگه‌كانی (أ، ب،ج،د)ی خاڵی دوه‌م هیچ مه‌رجێكی تر له‌ناو یاسای بودجه‌دا نیه بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم.
پێنجه‌م/ به پێی بڕگه‌ی(ھ) پیویسته سه‌ره‌تا حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی له داهاتی نه‌وتی و داهاته‌كانی تر راده‌ستی به‌غدای بكات ئینجا پاشتر به‌غدا پشكی بودجه‌ی بۆ ده‌نێرێت. به‌م پێیه بیت شێوازی (مقاصه) په‌یڕه‌و ناكرێت، له‌م باره‌یه‌وه چه‌ند خاڵێك جێگه‌ی سه‌رنجه:
1- ئه‌و بڕگه‌یه ناكۆكه له‌گه‌ڵ خالی پێنجه‌می ماده‌ی(27) له یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی.
2- نه‌گونجاوه له‌گه‌ڵ سروشتی جێبه‌جێكردنی بودجه، سه‌باره‌ت به داهاتی نه‌وتی ئه‌وه له‌كۆتایی مانگدا ده‌رده‌كه‌ێت تێكڕای نرخه‌كه‌ی چه‌ندبوه و پێویسته هه‌رێم چه‌ند راده‌ستی به‌غدا بكات، داهاتی ناوخۆییش له‌كۆتایی مانگدا ده‌زانریت چه‌ند به نه‌ختی و به‌فیعلی به‌ده‌ست هاتوه‌و ئه‌و ده‌م ده‌توانرێ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی به‌رایی بۆ حسابی سپارده‌ی مانگه‌كه بكرێت تاكو بزانرێت هه‌رێم به‌ئه‌رك و پابه‌ندیه‌كانی هه‌ڵساو بۆئه‌وه‌ی پشكی بودجه‌ی بۆ بنێردریت، به‌مجۆره ده‌بێ هه‌رێم هه‌مو داهاته‌كانی كۆبكاته‌وه‌و هیچیان لێ خه‌رج نه‌كات تاكو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی بنێرێت بۆ به‌غدا، ئینجا چاوه‌ڕوان بكات تاكو له‌به‌غداوه ته‌مویل بكرێت ئینجا ده‌ست به خه‌رج كردن بكات، داوایه‌كی له‌وجۆره زۆر نامۆیه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی بودجه‌و به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت، بۆیه په‌یوه‌ست بون به جێبه‌جێكردنی حه‌رفیی بڕگه‌ی (ھ) نزیكه لهئهستهمهوه.
3- ده‌وڵه‌ت كه خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی دارایی جۆراوجۆر و نه‌ختی مدهور و كاشی زیاده‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزه و، سپارده‌ی بانكه‌كان و بژارده‌ی راكێشانی( السحب علی المكشوف)ی له‌به‌رده‌سته، نابێت به‌هیچ جۆرێك كاتی ته‌مویل كردنی فه‌رمانگه‌كان و هه‌رێمه‌كان ببه‌ستێته‌وه به هێنانه‌وه‌ی داهاته‌كانیان. بۆچاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته له‌ناو پێشنیاره‌كاندا چه‌ند بژارده‌یه‌كمان خستوه‌ته روو.
پێشنیار بۆ میكانیزمی جێبه‌جێكردن
یه‌كه‌م/ ئه‌و بڕه‌ی كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌رێم وه‌ك به‌های (250) هه‌زار به‌رمیل رۆژانه، به‌هه‌مئاهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان له‌به‌ر رۆشنیای تێكڕای نرخی فرۆشتنی سۆمۆ بۆ پێنج مانگی رابووردو دیاریبكرێت چونكه تێكڕای نرخی فیعلیی سۆمۆ بۆ ئه‌و مامهوهیه دیاره. حكومه‌تی هه‌رێم پێشتر و له‌م ماوه‌یه‌یش به نوسراوی فه‌رمی و ناردنی شاند ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه، پێویسته به‌غدا هه‌نگاو و هه‌ڵوێستی رونی هه‌بیت.
دووه‌م/ به‌هه‌مئاهه‌نگی هه‌ردو حكومه‌ت (هه‌ردو وه‌زاره‌تی دارایی یان هه‌ردوو دیوانی چاودێری) به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌و بڕه‌ی ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك له داهاته نانهوتیهكان دیاری بكرێت، بۆ ئه‌مه‌یش باشترین رێگه ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌تا پشت به ژماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ببه‌سترێت بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و به‌رده‌وام بێت، تاكو ئه‌وكاته‌ی به‌ڕونی جۆری داهاته ئیتیحادیه‌كان دیاریده‌كرێن و پرۆسه‌ی ووردبینی ده‌ره‌نجامی ده‌بێت، ئه‌وكات ده‌توانرێت پاكتاوی جیاوازیه‌كان بكرێت.
سێیه‌م/ هه‌رچه‌نده شێوازی (مقاصه) به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی رێپێدراوه و هه‌ر خۆی رێكارێكه له‌ڕێكاره‌كانی جێبه‌جیكردنی بودجه و، جۆرێكه له مامه‌ڵه‌ی گه‌نجینه‌ی فیدراڵی نه‌ك ته‌نها له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ڵكو له‌گه‌ڵ لقی گهنجینهكانیش له ته‌واوی عێراق، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سیاسیه‌ی له‌ساڵانی رابووردودا له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه بوو له ئێستادا شێوازێكی په‌سه‌ندكراو نیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بۆ پێنج مانگی رابووردو تاكه رێگه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕگانه‌ی یاسای بودجه.
چواره‌م/ بۆ مانگه‌كانی داهاتو واته له مانگی حوزه‌یرانه‌وه ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی په‌یڕه‌وكردنی شێوازی (مقاصه) ره‌ت بكرێته‌وه، ئه‌وه دوو رێگه له‌به‌ر ده‌سته:
1- حسابێكی داهاتی داخراو یان زیاتر، به‌دۆلار یان دینار، به‌پێی پێویست له‌بانكی ناوه‌ندی عێراقی لقی هه‌رێم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بكرێته‌وه، پابهندیكانی هه‌رێم له داهاتی نه‌وت و داهاته‌كانی تر له‌و حسابانه دابنرێن، ته‌نها وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌سه‌ڵاتی راكێشان و به‌كارهێنانی له‌و حسابانه هه‌بێ.
2- ئه‌گه‌ر بڕه‌پاره‌ی سپارده‌كراو له هه‌ژماره‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌لقی بانكی ناوه‌ندی هه‌ریم به‌شی پابه‌ندیه‌كانی به‌غدای نه‌كرد بۆ ته‌مویل كردنی هه‌ریم به‌پێی یاسای بودجه، ئه‌وا پێویسته وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه به‌بڕی پێویست و له‌كاتی پێویست هه‌ژماره‌كانی ته‌مویل بكات. به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌ركات زیاده هه‌بوو ئه‌وا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق سه‌رپشكه له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و رێنماییه به‌ركاره‌كاندا، به‌تایبه‌تیش یاسا بودجه و رێنماییی جێبه‌جێكردنی بودجه.
3- بۆچاره‌سه‌ری گرفتی تایبه‌ت به بڕگه (ھ) كه له‌خالی پینجهی شیكردنه‌وه‌كان كه له‌سه‌ره‌وه خستومانه‌ته روو، دوو بژارده له‌به‌رده‌ست دان:
أ- ده‌كرێت له‌ڕوی ژمێریاریه‌وه گه‌نجینه‌ی فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای شایسته‌یی (اعتماد اساس الاستحقاق) مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داهاته‌كانی هه‌رێم بكات، به پشت به‌ستن به‌ژماره فیعلیه‌كانی مانگه‌كانی رابووردو داهاتی هه‌رمانگێك له‌سه‌ره‌تاوه به داهاتی شایسته‌ی به‌ده‌ست نههاتو( الایردات المستحقه و غیر المقبوضة) تۆماریان بكات، و له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ته‌مویلی به‌شه‌كانی تری عێراق له‌كاتی خۆیدا پشكی هه‌رێمیش بنێرێت. پاش ئه‌وه‌ی كه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه داهاته‌كان ده‌خرێنه سه‌ر هه‌ژماره‌كه‌ی ئه‌وده‌م ده‌كرێنه داهاتی وه‌رگیراوی كۆتایی بۆ گه‌نجینه‌ی فیدراڵی، له‌وكاته‌یشدا پابه‌ندیه‌كانی هه‌ردوولا هه‌م پاكتاو ده‌كرێن و هه‌م چاره‌سه‌ری ژمیریان بۆده‌كرێت. ئه‌مجۆره كارانه له‌ڕوی یاسایی و زانستیه‌وه په‌سه‌ندن و له روی كرده‌نیشه‌وه له ناو فه‌رمانگه حكومیه‌كان له‌كاتی پێویست ده‌گیرێنه‌به‌ر.
ب- یان ده‌كرێت به‌غدا سه‌ره‌تا پێشینه‌یه‌ك له‌جۆری پێشنینه‌ی به‌رده‌وام (السلفه المستدیمة) بداته هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی كاشی له‌به‌رده‌ست بێت بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی, تاكو بتوانێت داهاته‌كان له‌كاتی خۆیدا راده‌ستی به‌غدا بكات. پێویسته له پێش 31/1/ 2022 پێشینه‌كه پاكتاو بكرێت كه‌ئه‌وه دوا به‌رواره بۆ ژمێره‌ی كۆتایی به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی.
به‌گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێكارانه‌ی سه‌ره‌وه به ئاسانی ده‌توانرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه دیاری بكریت كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌رێم، بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوو لا پابه‌ندیه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ئه‌و بڕه‌ی كه له‌ئه‌ستۆی به‌غدایه له‌یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه‌و ئه‌گه‌ر گرفتی تری بۆ دروست نه‌كرێت تاڕاده‌یه‌ك جێگیره، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ی له ئه‌ستۆی هه‌رێمه جێگیر نیه و په‌یوه‌سته به‌نرخی نه‌وته‌وه به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئینجا به قه‌باره‌ی داهاته ناوخۆییه‌كان به‌پله‌ی دووه‌م، بۆیه مانگانه ئه‌گه‌ری گۆڕانی هه‌یه.