ڕوونبین
عاسم جیھاد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە حکوومەتی عێراق، سکاڵای لەسەر ھەندێک لە بڕگە و ماددەکانی یاسای بوودجەی گشتی ٢٠٢١دا لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکردووە و گوتی:
“تا ئێستا ھیچ داھاتێکمان لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی گشتی لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە رادەست نەکراوە”. لەلایەکی ترەوە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، فشار و گفتوگۆی حکومەت هەیە بە مەبەستی پابەندی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پشکی ئۆپیک و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
عاسم جیھاد سەبارەت بە بڕیارەکەی (ئۆپێک پڵەس) بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت ئاماژەی بەوەداوە کە ئامانج لە بڕیارەکە، بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیھانیدا و گوتی:
“زیادکردنی بەرھەمھێنان، دەبێتە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا”، هەروەها وتی “بەدەرنانی هەر وڵاتێک لە پابەندی دەبێتە هۆی زیاد بوونی بەرهەم و لە ئەنجامدا دابەزینی نرخی نەوت و هەروەک چۆن پابەند نەبوو و دەرچوون لە ڕێکەوتنەکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت”.
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئامانجی عێراق لەو بڕیارە، زیادکردنی داھاتەکەیەتی و گوتی: “لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت کەمکراوەتەوە، بەڵام داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق مانگانە، گەیشتووەتە شەش ملیار دۆلار”.