ڕوونبین
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی یەک شەممە ٢٠٢٠/٥/٢ لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی هەناردە و داهاتەکانی نەوتی بۆ مانگی نیسانی ٢٠٢١ ڕاگەیاند .
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ ” بڵاوی کردووەتەوە ، بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی نیساندا بریتی بووە لە ٨٨ ملیۆن ٣٩٨ و ٣١٩ بەرمیل ، کە داهاتی فرۆشی ئەو بڕە نەوتە بریتی بووە لە ٥ ملیارو ٥٢٥ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار دۆلار.
ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کۆی نەوتیی هەناردەکراو بۆ مانگی نیسان لەکێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ، بریتی بووە لە ٨٥ ملیۆن و ٥٣٤ هەزارو ٩١٦ بەرمیل، بە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە لە بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٥١ هەزار و ١٦٣ بەرمیل. لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیا بڕی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٤٤٥ هەزارو ٤٠٣ بەرمیل، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی کەرکوک ٩٥ هەزار و ٨٨ بەرمیل بووە.
تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لەمانگی نیساندا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٩٤٧ هەزار بەرمیل نرخی هەربەرمیلێک تێکڕا بە ٦٢٫٥٠٥ دۆلار فرۆشراوە.