ڕوونبین
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، هه‌ژده‌هه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: “كه‌رتى نه‌وت له گه‌رمیان”.
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە.
راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به وردیی باس له كه‌رتى نه‌وت و بلۆكه نه‌وتیه‌كانى گه‌رمیان ده‌كات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى كه‌رتى نه‌وت له‌روى گرنگیدان به پیشه‌سازیكردن له نه‌وت و به‌ره‌وپێشبردنى وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى نه‌وتى ناوچه‌كه.
له راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته رو كه تا چه‌ند نه‌وت له گه‌رمیان بوه‌ته سه‌رچاوه‌ى هه‌لى كار و كۆمپانیاكان تا چه‌ند پابه‌ندن به پێشكه‌شكردنى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى له ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆچونى به‌رپرسان له‌و باره‌یه‌وه خراوه‌ته رو.
له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنهسهر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
راپۆرتێك
لهبارهىكهرتى نه‌وت له گه‌رمیان
پێشه‌كى:
لەم راپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر داتا و زانیاریەکانی دەرهێنانی نەوت لە سنورەکە و بڕی داهاتەکەی، سودمەندبونی ئەم ناوچەیە لەو داهاتە و چۆنیەتی مامه‌ڵه‌كردنى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م بواره و هه‌روه‌ها رۆڵی حكومه‌تى خۆجێی له پرۆسه‌كه‌دا.
گەرمیان خاکەکەی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بە گوێرەی سەرچاوەکانی وزە یەدەگێکی زۆری نەوت و گازی سروشتی هەیە کە خەمڵێندراوە بە (٣،٦) ملیار بەرمیل نەوت. حەوت بلۆکی نەوتی لە خۆ دەگرێت، کاری دەرهێنانی نەوت و گازەکەی بۆ پێنج کێڵگە کراوە، هەندێکیان بەردەوامن و هەندێکیان راگیراون.
لیژنەی سامانە سروشتیەکان و وزە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لەم پرسەدەکەن، هاوکات ئیدارەی ناوچەکە و چالاکوانان تێبینیه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕو.
به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت
یه‌كه‌م: باكگراوه‌ندى نه‌وتى گه‌رمیان
گەرمیان حەوت بلۆکی نەوتی لە خۆ دەگرێت، تائێستا کار لە پێنج بلۆکی نەوتیدا کراوە. ژمارەی ئەو بیرانەشی هەڵکەندراوە گەشتوەتە سەروی (20) بیرە نەوت، ئەوانەشی لەم کاتەدا کاری دەرهێنانی نەوت و گازی تێدا دەکرێت (4) بیرە نەوتن لە دو کێڵگەی نەوت.بیرە نەوتیەکان بەمشێوەیە دابەشبون:
ا. بلۆکی نەوتی گەرمیان
ده‌كه‌وێته سنورى ناحیه‌ى سهرقهڵایى سه‌ر به كفریه‌وه، پێکدێت لە چوار بیرە نەوت (سەرقەڵا١، سەرقەڵا٢، سەرقەڵا٣ و سەرقەڵا٤). بیری ژمارە چوار لەمانگی ئازاری ئەمساڵ تەواو بوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵانی رابردو دەرهێنانی نەوت لەم بلۆکەدا لە (24) کاتژمێردا هەندێکجار دەگەشتە (٣٦بۆ ٣٧) هەزار بەرمیل نەوت.
کێڵگەی نەوتی حەسیرە لە ساڵی (2006) کۆمپانیایی زاگرۆس نەوتی تێدا دۆزیەوە و لە ساڵی ٢٠١٦ کۆمپانیایی گازپرۆم نەفت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێڵگەکەی وەرگرت.
هه‌روه‌ك به گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى وزه(پێشبینیه‌كان) حه‌وت تریلیۆن پێى سێجا گازى سروشتى له‌م بلۆكه نه‌وتیه‌دا هه‌یه.
پشكه‌كانى ئه‌م كێڵگه‌یه به‌م شێوه‌یه دابه‌شبون، گازپرۆمى روسى (٤٠٪)، وێسترن زاگرۆسى كه‌نه‌دى(٤٠٪)، حكومه‌تى هه‌رێم (٢٠٪).
ب. بلۆکی نەوتی چیاسورخ
ده‌كه‌وێته سنورى ناحیه‌ى قۆره‌تو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناحیه‌یه سه‌ر به قه‌زاى خانه‌قینه، به‌ڵام به‌وپێیه‌ى له راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا به‌شێكى زۆری ئازادكراوه، ئیداره‌دانى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانه و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه.
لەم بلۆکە نەوتیە دا ٩ بیری کۆن هەیە، كه له ساڵى ١٩٠٢ تا ١٩٥٤ له‌لایه‌ن (ئه‌نگلۆ-پێرژهن) كه كۆمپانیایه‌كى هاوبه‌شى به‌ریتانى-ئێرانیه كارى تێداكراوه، له كۆتاى ساڵى ٢٠٠٩ كۆمپانیاى (GGFZ)ى چینى كارى بهدواداگهرانى بۆكرد(سایزمیك)، به‌سه‌رپه‌رشتى كۆمپانیاى جه‌نه‌ڵ ئینێرجى(توركى-به‌ریتانى) له كۆتایى ساڵى ٢٠١٢، بیرى ژماره(١٠،١١،١٢) تێدا لێدراوە.
یەکێک لەگرفتەکانی ئەم بلۆکە نەوتیە ئەوەیە کاری دەرهێنانی دراوە بە چەند کۆمپانیایەک کە ئەزمونیان کەمە و بە بەردەوامی گرفتیان بۆ دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتی دەرهێنانی نەوتەکەیدا ئاو و نەوت پێکەوە تێکەڵ دەبن، بەمەش تێچوی زیاتری دەوێت، دەبێت بنێردرێت بۆ پاڵاوگە بۆ جیاکردنەوەیان.
بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە لە ئێستادا بەپێی زانیارییەکان لە نێوان (١٥٠٠-٢٠٠٠) هەزار بەرمیل نەوتە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا ناوه‌راستى ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى بگاته چوار هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه.
دابه‌شكردنى پشكه‌كانى ئه‌م بلۆكه نه‌وتیه به‌م شێوه‌یه، پیت ئۆیڵ(٦٠٪)، جینهڵ ئینرجى(٢٠٪)، حكومه‌تى هه‌رێم(٢٠٪).
ت. بلۆكى نه‌وتى تۆپخانه
ئه‌م بلۆكه نه‌وتیه ده‌كه‌وێته سنورى ناحیه‌ى به‌مۆ كارى گه‌ڕان و پشكنین له‌م بلۆكه به‌رده‌وامه و تا ئێستا به‌رهه‌مى نه‌بوه، به‌ڵام به پێی پێشبینیه‌كان ٥٥ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت یه‌ده‌گى هه‌یه و یه‌ده‌گى گازهكهشى به تریلۆنێك و حه‌وت سه‌د پێی سێجا خه‌مڵێنراوه.
پ. بلۆکی نەوتی کوردەمیر
ده‌كه‌وێته نێوان سنورى ناحیه‌ى شێخ ته‌ویلى سه‌ر به كه‌لار و سه‌نگاوى سه‌ر به چه‌مچه‌ماڵه‌وه. ئەم بلۆکە نەوتیە بەرهەمی گازی لە نەوتی رەش زیاترە، پێکهاتوە لە ٦ بیرە نەوت ئەوانەش ئەمانەن: (k1, k2, k3, k4،k39،k44). لە ئێستادا قوفڵ لە بیرەکانی دراوەو کاری دەرهێنانی بۆ ناکرێت.
به‌پێى سەرچاوەکانی وزە ئه‌م كێڵگه‌یه ٥٤١ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت یه‌ده‌گى هه‌یه، هه‌روه‌ك ٢ تریلیۆن پێی سێ جا غازى سروشتى هه‌یه.
ئه‌م بلۆكه نه‌وتیه یه‌كێكه له‌و بلۆكه نه‌وتیانه‌ى كۆمه‌ڵێك گرفتى قوڵى تێدایه كە باس له‌وه ده‌كرێت سه‌روه‌رى نه‌وتى هه‌رێمیش ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌م بلۆكه نه‌وتیه پێشتر له ژێر كۆنتڕۆڵى وێسترن زاگرۆسى كه‌نه‌دى بو كه دواتر پشكه‌كانى فرۆشته‌وه به كۆمپانیاى تالیسمان، دواتریش هه‌ردو بیره نه‌وتى (k39،k44) فرۆشته‌وه به ریپسۆڵى ئیسپانى، كۆمپانیا ئیسپانیه‌كه‌ش بلۆكهكهى فرۆشتوه‌ته‌وه به دایناسیتى پترلیۆم، كه كۆمپانیایه‌كى ناوخۆییه و له سلێمانیه، به‌ڵام وه‌زیرى پێشوى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشتى هه‌ورامى، واژوى كۆتاى بۆ راده‌ستكردنى بلۆكه نه‌وتیه‌كه بۆ كۆمپانیا ناوخۆییهكه نه‌كرد، كه دواتر كۆمپانیاى دایناستى له دادگاى باڵاى به‌ریتانیا سكاڵاى له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم تۆمار كردوه و داواى ملیارێك و شه‌سه‌ت ملیۆن دۆلار ده‌كات وه‌ك قه‌ره‌بو، پاش چه‌ند جارێك دانشتنى دادگا له‌و باره‌یه‌وه بریاره له چه‌ند مانگى داهاتو دادگایی باڵای به‌ریتانیا له‌و باره‌یه‌وه بڕیار بدات.
له ئێستاشدا دوباره بلۆكه نه‌وتیه‌كه دراوه‌ته‌وه كۆمپانیاى ویسترن زاگرۆس و بڕیاره له داهاتویهكى نزیكدا دوباره تێیدا دهستبهكاردهبێتهوه.
ج. بلۆکی نەوتی تازە
پێکهاتوە لە ٣ بیرە نەوت، کاری دەرهێنان تێیدا شکستی هێناوە، چونکە نەوتەکەی لە جۆری سوێر و قورسبوە.
نەوت دو جۆری هەیە: سوێر و قورس «سوک و شیرین»، ئەو بیرە نەوتیانەی کە بەرهەمەکەی لە جۆری سوێر و قورسە پێویستی بە خەرجی زۆر دەبێت، چونکە دەبێت لە پاڵاوگە کاری جیاکردنەوەی نەوت و ئاوی بۆ بکرێت، ئەو بیرە نەوتیانەی بەرهەمەکەی لە جۆری سوک و شیرینە باشترین جۆری نەوتە.
د. بلۆکی نەوتی شاکەل
ده‌كه‌وێته ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵاى سه‌ر به قه‌زاى كفری. دوای چەند ساڵێك كاركردن لێی و هەڵكەندنی سێ بیر تێیدا، سەرئەنجام گازپرۆمی روسی ساڵی ٢٠١٩ ئەو بلۆكەی رادەستی حكومەت کردەوە.
بلۆكی نەوتی شاكەل سێ بیری تێدا هەڵکەندرابو(شاكەلی یەك، شاكەلی دو و شاكەلی سێ) هەرسێ بیرەكەشی شكستیان هێنابو، بەپێی زانیارییەكان هۆكارەكەی خراپی كوالێتی و كەمی نەوت بوە لەو بلۆكە نەوتییەدا.
به پێی زانیارییه‌كان له شكستهێنانى ئه‌و بیره نه‌وتیانه‌دا نزیكه‌ى ١٠٠ ملیۆن دۆلار زیان به‌ر كۆمپانیاى گازپرۆم و حكومه‌تى هه‌رێم كه‌وتوه، كه پشكه‌كانى ئه‌و بلۆكه نه‌وتیه (٨٠٪)ى هیى كۆمپانیا روسیهكهیه و (٢٠٪)ى هى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه.
٢. بڕی دەرهێنانی نەوت
بڕی دەرهێنانی نەوت لە نەبونی ئاماری فەرمی دا وایكردوه دەیان ژمارەی جیاواز لەو بارەیەوە باسبکرێت، به‌ڵام به‌گشتى به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى نەوتەکەی گەرمیان لە نێوان ( ٣٠_٣٥ ) هەزار بەرمیل دەخەمڵێندرێت.
حکومەت لەرێگەی کۆمپانیای دیلۆیت، سێ مانگ جارێک بڕیار بو ئامارەکانى ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئێستا ساڵێک دوای دەرهێنان ئامارەکان بڵاودەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داتای نەوتی گەرمیان بە ناڕونی ماوەتەوە.
دیلۆیت تەنها وردبینی لە ژمارە دەکات نەک لە داتای راستەقینە، پەیوەندی راستەوخۆی نییە لەگەڵ کێڵگەکان، تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارانە دەکات کە لە حکومەت وەریدەگرێت.
هەروەک شێرکۆ جەودەت، ئەندامى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکان وتی: ئەو زانیاریانەشی کە حکومەت جار جارە بڵاوی دەکاتەوە لەرێگەی کۆمپانیای دیلۆیت، کۆنن، چونکە زانیاری ساڵی پێشتر بڵاودەکاتەوە، گەندەڵیهکیش بەدەربکەوێت بە ئاسانی چارەسەرناکرێت، چونکە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیوە و رۆشتوە.
لە راپۆرتەکانی دیلۆیت دا، داتای گشتی نەوتی هەرێم بڵاوکراوه‌ته‌وه، بە نسبەت گەرمیانەوە قسەی جیاواز دەکرێت لە بارەی بڕی دەرهێنانی نەوت.
بە پێی زانیاریەکانی کەریم عه‌لی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سەروی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە گەرمیان دەرهێنانی بۆ دەکرێت لە کێڵگەی نەوتی گەرمیان و چیاسورخ. دەشڵێت: ئەو داتایانەی حکومەت باسی دەکات «جێگەی باوەڕ نیە».
بە وتەی بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا، بڕی دەرهێنانی نەوت لە ‹بلۆکی نەوتی گەرمیان› کە دەکەوێتە سنوری ناحیەکەیانەوە، رۆژانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت دەگۆڕێت، لە ئێستاشدا بیری ژمارە چوار لە ژێر تێستدایە بۆ ئەوەی بزانرێت نەوتەکەی چ جۆرێکە بۆ ئەوەی دەست بە دەرهێنانی بکرێت.
کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە کوردستان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش ئامادەنین هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بخەنەڕو، ئەو کارمەندانەشی کە گرێبەستی کاریان لەگەڵ واژۆ دەکرێت، لە خاڵێکی گرێبەستەکەیان ئاماژە بەوەکراوە نابێت هیچ زانیاریەک باس بکەن.
یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان، ئەوەی دەستی کەوتوە لە بارەی دەرهێنانی نەوت لە گەرمیان زیاتر لە ٣٠ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
دوه‌م: داهاتى نه‌وتى گه‌رمیان
١. داهاتی نەوتی گەرمیان لە ساڵی رابردو
بە گوێرەی کۆتا راپۆتی دیلۆیت کە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ بڵاویکردەوە و داتای ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ى ئاشکراکردبو، تێێدا تێكڕای نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەو نۆ مانگەدا، (26.339$) دۆلار بوە، تێكڕای نرخی به‌رمیلێك نه‌وتى برێنت (38.73$) دۆلارە، بەمەش هەرێم (11.73$) دۆلار كەمتر لە نرخی برێنت نەوتەكەی فرۆشتوە.
بۆ ئەمەش ئەو نرخە هەژماردەکەین کە حکومەتی هەرێم نەوتەکەی پێی فرۆشتوە، لە ئەنجامدا داهاتی ساڵی رابردوی نەوتی گەرمیان ئەگەر بە ٣٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەو بە نرخی (26.339$) دۆلار هەژماری بکەین، دەکاتە (288412050$) دوسه‌دو هه‌شتا و هه‌شت ملیۆن و چوارسه‌د و دوازده هه‌زار و په‌نجا دۆلار.
٢. چەند له‌و داهاته بۆ گەرمیان خەرجکراوە؟
ساڵانە کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت بە پێی یاسای نەوت وغازی هەرێم چەند پرۆژەیهکی پەرەپێدان ئەنجام دەدەن لەو ناوچەیەی کە کاری تێدادەکەن پرۆژەکانیش بچوک و گەورەن.
خەرجکردنی داهاتی نەوت بۆ ئەو ناوچانەی دەرهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت بێ بەرنامەیی زۆری پێوەدەیارە، بەشێوەیەک دەوترێت ئەوە «پارە بە هەدەردانە».
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی دەکرێت لە گەرمیان تەنها پارە بە هەدەردانە، وتیشی: دەکرێت سندوقێکی داهاتی نەوت لە لایەن ئیدارەی گەرمیانەوە دابنرێت ساڵانە کۆیبکاتەوە و بیکاتە پرۆژەیەکی باش، نەوەک هەندێک شتی بچوک کە هیچ کاریگەریەک دروست ناکات، باخچەیەکی بچوک چی دەکات؟ دەبێت پلان بۆ ئەو پارەیە دابنرێت.
بۆ ئەمەش پێشنیار دەکات لە ئاستی باڵای گەرمیان کۆبونەوەی بۆ سازبکرێت ئەپدەیتی پرسی نەوت بکرێت و ئیدارەی گەرمیان راستەوخۆ لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆ بکات.
شەش ساڵ پێش ئێستا لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە ئیدارەی گەرمیان، داوای کردوە ئاگاداری داهاتی فرۆشتنی نەوتی ناوچەکەی بێت و بەشێک لەو داهاتەی بۆ خەرج بکرێت.
نەجم عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوی بەشی سوتەمەنی لە ئیدارەی گەرمیان، دەڵێت: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین تەنها یەک جار بڕی (٢٠٠) ملیۆن دۆلاریان لە داهاتی نەوت بۆ گەرمیان خەرج کردوە.
ئەو پەرەپێدانانەی کە ئەرکی کۆمپانیاکەیە بۆ ناوچەکە ئەنجامی بدات، خۆی ده‌بینێته‌وه له: چاککردنی رێگاوبانەکان بەهۆی تێکچونیان لەکاتی گواستنەوەی نەوت به تانكه‌ر، دروستکردنی باخچەو زیادکردنی سەوزایی بۆ بره‌ودان به ژینگه‌ى ناوچه‌كه، دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلی ناوەندە تەندروستیەکان، لەگەڵ چەندین پڕۆژەی دیکە.
بە گوێرەی زانیاریەکان، كۆمپانیای گاز پرۆمی روسی كه دیارترین كۆمپانیای وه‌به‌رهێنه‌رى نه‌وته له‌گه‌رمیان، ساڵانە بڕی (١٠ – ١٥) هەزار دۆلار بۆ پڕۆژە لە ناوچەی گەرمیان خەرج دەکات. له كاتێكدا ده‌بێت كۆمپانیاكه ساڵانه ٦٠٠ هه‌زار دۆلار بۆ ملیۆنێك دۆلار بكاته پرۆژه، به‌ڵام به‌هۆى چاو‌دێر نه‌بونى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه به‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌وه ئه‌و پارانه‌ى ده‌مێنێته‌وه ده‌كه‌وێته ساڵێكى دیكه و به‌و شێوه‌یه‌ش خه‌رج ناكرێت.
٣. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارێکی نوێ بۆ گەرمیان دەردەکات
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژە بەودەکات تێبینی زۆریان هەبو لە بارەی ئەو پرۆژانەی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە سنورەکە جێبەجێیان کردوە و دەڵێت: پرۆژەکان بچوک بون، هیچ کاریگەریەکی بەرچاویان نەبو، رەخنەمان زۆر هەبو لەسەر ئەو پرۆژانە تێچویان لە نێوان (7) هەزار دۆلار بۆ (10) هەزار دۆلار بو، بۆیە بڕیارماندا کە رەزامەند نەبین بە هیچ پرۆژەیەکیان، بەهۆیەشەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارێکی نوێ تایبەت بە گەرمیان دەردەکات.
جه‌لال شێخ نورى، دەڵێت: «پرۆژە بچوکەکانیان جێبەجێکردوە و گەورەکانیان بەهەند وەرنەگرتوە». تێچوی پرۆژە بچوکەکان لە (7) هەزار دۆلارەوە دەستی پێکردوە تاوەکو (10) هەزار دۆلار، پڕۆژە گەورەکانیش لە (500) هەزار دۆلارەوە بۆ (2) ملیۆن دۆلاربوە کە داوایان کردوە بۆیان بنێردرێت.
دوای ئەوەی ئیدارەی گەرمیان هەڵوێست وەردەگرێت بەرامبەر کۆمپانیاکان بەوەی کە ره‌زامەندی نادەن لە سەر پرۆژەکانیان ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن، سەرئەنجام وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دێتە سەرخەت.
«لە کۆبونەوەکەدا بڕیارماندا خەرجکردنی پارەی پرۆژەی پەرەپێدانی کۆمپانیاکان بکرێت بە ساڵانە کە بۆ ئەمساڵ بەهۆی نزمی نرخی نەوتەوە ٥٠٠ هەزار دۆلارمان دیاری کردوە بۆ ئەوەی لە گەرمیان پرۆژەی پێ ئەنجام بدەین». سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وای وت.
ئەو نرخەی دیاری کراوە بە (500) هەزار دۆلار جێگیر نیە، ساڵانە دەگۆڕێت بە پێی نرخی نەوت و بڕی دەرهێنان و پێویستی ئەو پرۆژەیەی کە لەو ساڵەدا بەو داهاتە جێبەجێ دەکرێت.
٤. سندوقی داهاتی نەوتی گەرمیان
دوای شەش ساڵ لە واژۆکەی سەرۆکی هەرێم بۆ یاسای سندوقی داهاتی نەوت و گاز، به‌ڵام یەک دۆلاری تێنەچوە.
رێکەوتی (١ی نیسانی ساڵی‌٢٠١٥) پەرلەمانی کوردستان ئەم یاسایه‌ی دەرکرد، دوای ١٥ رۆژ سەرۆکی هەرێم واژۆی یاساکەی کرد، بڕیاری جێبەجێکردنیشی ٤٥ رۆژی بۆ دیاری کراوە لە یاساکەدا.
لە بەشی پێنجەمی تایبەت بە دابەشکردنی داهاتەکان لە خاڵی دوەم بڕگەی ٧ى یاساكه‌دا هاتوە: «تەرخانکردنی بڕی (٢$) دو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی بەرهەم هاتو، وەک پیترۆ دۆلار بۆ هەر قەزایەک کە نەوتی لێدەردەهێندرێت».
ئەگەر داتاکەی ساڵی رابردوی فرۆشتنی نەوت وەربگرین ئەگەرچی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشتە نزمترین ئاستی خۆی، ئەوا لە ساڵی رابردو دەبوایە گەرمیان لەو بڕەی کە نەوتی هەناردەکراوە (21,900,000$) بیست و یەک ملیۆن و نۆسەد هه‌زار دۆلاری بۆ خەرج بکرایە.
لە سنوری گەرمیان ٧٢ پرۆژەی راگیرا‌و هەیە کە کارەکانیان وەستاوە و بەشێوەیەک هەندێکیان زیاتر لە هەشت ساڵ دەبێت، ئەو پرۆژانە ٨ دانەیان بەناوی پارەی پترۆ دۆلارەوە بوجەی بۆ تەرخانکراوە.
لە بارەی ئەوەی ئەو بوجەیە تایبەت بو بە داهاتی سندوقی نەوت وگاز، جەلال شێخ نوری، ئەوەی خستەڕو کە لە ماوەی رابردو لەژێر ناوی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پترۆ دۆلار، پرۆژەکان جێبەجێکراوە، بەڵام ئەو پترۆ دۆلارە پەیوەندی بە سندوقی داهاتە نەوتیەکان نەبوە، ئێستا کار بۆ ئەوەدەکرێت بە بڕیارێکی فەرمی لەکاتی پەسەند کردنی بوجە سەرجەم ئەو ناوانە لاببرێت.
سێیه‌م: شه‌فافیه‌ت له دۆسیه‌ى نه‌وتى گه‌رمیان
١. ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاگادارى دۆسیه‌ى نه‌وتى ناوچه‌كه نیه
ئیدارەی گەرمیان جه‌ختده‌كاته‌وه كه ئاگادارى دۆسیه‌ى نه‌وت نین، به‌ڵكو ئه‌و كاره به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ركه‌زیی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كانه‌وه ئیداره ده‌درێت و وه‌زاره‌ته‌كه‌ش هیچ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى تایبه‌ت به بوارى پشكنین و به‌دواداچون و ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وتى نیه له سنوره‌كه‌دا.
جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان، دەڵێت: هیچ ئاگاداری دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی نین، ئەگەر ئاگاداری ببین و بەشێک لە داهاتەکەی بۆ ئەم ناوچەیە خەرج بکرێت کاریگەری زۆرباشی دەبێت، بەڵام لەو سندوقەی کە باسکراوە دانەنراوە تا داهاتی لێ سەرفبکرێت بۆ پرۆژە.
٢. پارله‌مانتارانیش ئاگادارى دۆسیه‌ى نه‌وتى گه‌رمیان نین
«ناهێڵن بەهیچ شێوەیەک ئێمە بچێنە ناو کێڵگە نەوتیەکان». ئەمە قسەکانی شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، كه باسی له‌وه‌كرد نه‌ك كێڵگه نه‌وتیه‌كانى گه‌رمیان، به‌ڵكو ئاگادارى دۆسیه‌ى نه‌وت به گشتى نین، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه لە یاسای ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧ هاتوە: دەبێت پەرلەمان چاو‌دێر بێت بەسەر نەوتی هەرێم و سندوقی داهاتەکەی و داتاکانی دەبێت بە رونی بخرێتەڕو بۆ هاوڵاتیان.
ئه‌م رێگه‌نه‌دانه له‌كاتێكدایه كه شێرکۆ جەودەت، كه ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکانه لە پەرلەمانی کوردستان وتی: لەبەر ئەوەی یاسا سەروەر نیە، رێگری لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان دەکرێت، لەوەش گەورەتر هەندێک گرێبەستی نەوتی هەیە پێویستی بە دەستکاریی کردنە، لە بەر ئەوەی زیانی گەورەی بە سەروەت و سامانی هەرێمی کوردستان گەیاندوە، بەڵام رێگری دەکرێت لەوەی دەستکاری ئەو گرێبەستە نەوتیانە بکرێت، کەرتی نەوت و گاز کەرتێکە تەواو قۆرغکراوە و لە بەرژەوەندی میلەتدا نیە، بەڵکو لە بەرژەوەندی چەند دەسەڵاتدارێکی ئەم هەرێمەیە.
پێیشیوایه رێگریه‌كان بۆ ئاشكرانهبونى دۆسیه‌كانه، وه‌كخۆی وتى: «ئەگەر ئێمە بچینە ئەو کێڵگە نەوتیانە زۆرێک لە راستیەکان ئاشکرادەبێت، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان زۆر بەناشەفافی بەڕێوەدەبرێت».
٣. ئەنجومەنی پارێزگاش ئاگاداری دۆسیەی نەوت نیە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لەوەدەکات هاوشێوەی پەرلەمان ئاگاداری دۆسیەی نەوت و گاز نین، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی یاسای ژمارە (٣ ساڵی ٢٠٠٩) ئەنجومەنی پاریزگاکان ئەبێت چاو‌دێر بێت بەسەر حکومەت و کۆمپانیاکانی سنوری دەسەڵاتی.
کەریم عه‌لی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی: ئێمە لە ئەنجومەن نە ئاگاداری دۆسیەی دەرهێنانین نە فرۆشتنی نە گواستنەوەی نه‌وت، ئەوەی هەیە زانیارییە لامان، حکومەت رێگە نادات پرۆسەی نەوت شەفاف بێت ئەمەش رونە هۆکارەکەی بۆ گەندەڵی دەگەڕێتەوە.
٤. دەسەڵاتی حکومەتی خۆجێی گەرمیان بەسەر نەوتەکەیدا
بەوتەی بەرپرسانی ئیداری لە گەرمیان هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر کێڵگە نەوتێکان و ئەو کۆمپانیایانەدا نیە کە کە کاری تێدا دەکەن.
گرێبەست و ئەرکی چاودێری ئەم کێڵگە نەوتیانە بە وتەی یادگار فەتاح، بەڕێوبەری نەوت کانزاکانی گەرمیان لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە.
نەجم عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی سوتەمەنی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت: نە ئاگامان لێیە چۆن دەردەهێندرێن، نه له چۆنیه‌تى گواستنه‌وه‌ى بۆ کوێ دەبرێت و بەچەند دەفرۆشرێت، تەنها پاراستنیان لای ئیدارەی گەرمیان و دامەزراندنی هەندێک کرێکار لە دەسەڵاتی بەڕێوبەری ناحیەکاندایە.
٥. وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كان زانیارى به راگه‌یاندنه‌كان ناده‌ن
لهدهستپێكى ئاماده‌كردنى راپۆرتى یه‌كه‌ى چاودێرییه‌وه تا بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له رێگه‌ى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى و ناردنى په‌یامه‌وه هه‌وڵیدا بۆچونى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كان له‌باره‌ى ئه‌و گرفتانه‌وه وه‌ربگرێت كه خراونهتهرو له راپۆرته‌كه‌دا، به‌ڵام به‌رپرسانى وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى قسه‌كردن نه‌بون و وه‌زاره‌ته‌كه‌ش وته‌بێژى نیه!.
چواره‌م: گرفته‌كانى دۆسیه‌ى نه‌وتى گه‌رمیان
١. نەوت سەرچاوه‌یەکی بچوکی هەلی کارە بۆ دانیشتوانی گەرمیان
«ئەو حزبانەی نوێنەرایه‌تی گەرمیان دەکەن نەیانتوانیوە پرسی نەوتی سنورەکە بە قازانجی خەڵکەکەی یەکلابکەنەوە». کەریم عه‌لی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: یەک دەنگی حزبە هەڵبژێردراوەکانی سنورەکە دەیتوانی کارێک بکات نەوت خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی گەرمیان بهێنیت، بەڵام ئەوەمان نەبینی لە گۆڕان و یەکێتی چ لە پەرلەمان یان ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی ئەو دو حزبە هاودەنگ بن بۆ ئەوەی پترۆ دۆلار بۆ ئەم سنورە خەرج بکرێت و پرۆژەی پیشەسازی تێدا دروستبکرێت.
لەیاسای ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧دا هاتوە کە خەڵکی ئەو ناوچانەی کێڵگە نەوتیهکانی تێدایە، لە پێشترن بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کاری تێدا دەکەن، بەڵام لە گەرمیان خەڵکی ناوچەکە گلەیی ئەوە دەکەن کە پسپۆڕانی بوارەکانی نەوت و کیمیا سودیان لێ وەرنەگیراوە.
لێپرسراوەکەی بەشی سوتەمەنی ئیداره‌ى گەرمیان لەمبارەیەوە وتی: زۆر هەوڵمان داوە بۆ ئەوە، بەڵام ئەو پرسە راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە.
لە بارەی دەرفەتی هەلی کار لەلایەن کۆمپانیایی گازپرۆم کە کاری دەهێنانی نەوتی ئەو ناوچەیە دەکات، وەهاب ئەحمەد، وتی: ئەو کۆمپانیایە پێی راگەیاندوین کە لە رێگەی ئیمێڵەوە هەلی کار بڵاودەکەنەوە و بە گوێرەی پسپۆڕی و ئەزمون و پێویستی کارمەند وەردەگرن، بەو هۆیەی دەرچوەکانی بەشە نەوتیەکان و میکانیکیەکان لێرە ئەزمونیان نیە، کۆمپانیایەکی بەو شێوەیە دەرفەتیان پێنادات کاربکەن.
بۆ کۆمپانیاکانی دیکەش بەڕێوبەری ناحیەیی سەرقەڵا ئاماژەی بەوەکرد زۆرینەیان گەرمیانن و خەڵکی ئێرەن، بەنمونە کۆمپانیای گوستنەوەی نەوتەکەی سەروی ٨٠٪ گەرمیانین.
داتای کارمەند و کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە گەرمیان بە فەرمی نیە، ئەوەی هەیە زانیارییە، بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا دەڵێت: «دەبوایە سەرجەم کارمەندە بیانیەکان و ناوخۆیەکان باجی ئیدارەی ئەم ناوچەیهیان هەبوایە بۆ لایەنی ئەمنی و زانینی زانیاری تەواو لە بارەی کارەکە و چۆنیەتی پلاندانان بۆ سودبینینی خەڵکی دیکە لە ئەزمونی ئەو کەسانە بە بینی خول و چەندین شتی دیکە، لە بەر ئەوەی ئەمە نیە نازانرێت کێ لەوێ کاردەکات بۆ چ مەبەستێکە کارەکە و بۆ ئەو کەسە وەرگیراوە!».
٢. نەوت نه‌بوه به سەرچاوەی پیشەسازی
ئەگەرچی نەوت سەرچاوەی سەرەکی پیشەسازیە، بەڵام نەوتەکەی گەرمیان تەنها لە کاتی دەرهێنانی دا دەبینرێت، دواتر راستەوخۆ هەناردە دەکرێت، نە پاڵاوگە هەیە لەم سنورە بۆ ئەوەی پێكهاته‌كانى سوته‌مه‌نى لێ جیابكرێته‌وه، نە کارگەیەک بۆ ئەوەی ئەو نەوتەی لە گەرمیان هەیە لە پیشەسازی بەکاری بهێنن.
بەوتەی چالاکوانان هۆکاری ئەوەی نەتوانراوە ئەو نەوتەی هەیە لە سنورەکە سودی لێببینرێت، بەرپرسانن.
هونەر عەلی، رۆژنامه‌وان و ئاگه‌دار له بوارى سامانه سروشتیه‌كان، دەڵێت: ئەو کەسانەی لە گەرمیان پۆستی ئیداریان هەیە بەهۆی ئەوەی بە پشتگیری حزبی دانراون گرنگی نەدراوه بە توانا و لێهاتوییان، بەم هۆیەشەوە ناتوانن فشار لەسەرو خۆیان بکەن بۆ جێبەجێکردنی داواکاریه‌کانیان.
لە ساڵی ٢٠١٥ چالاکوانن پرۆژەی كارگه‌ى پیترۆ کیمیای بۆ گەرمیان پێشنیاردەکەن. بەوتەی هونەر عه‌لی، ئەگەر ئەو پرۆژەیە کاری لەسەر بکرایە دەرفەتی کار بۆ سەروی ٢٠ هەزار کەس دەڕەخسا.
پرۆژەکە لە نێوان چەمچەماڵ و گەرمیان بوە بە داتای ورد پرۆپۆزەڵی لە بارەوە ئامادەکرابو.
ئەو چالاکوانە دەڵێت: بۆ ئەوە چاومان بە بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت و چەندین بەرپرسی دیکە کەوت، بەڵام پرۆژه‌كه جێبەجێنەکرا.
ئیدارەی گەرمیان، ئەو پلانەی دایناوە بۆ پەرەپێدانی ناوچەکە بە سود وەرگرتن لە نەوت، ئەوەیە ناوچەی پیشەسازی دروست بکەن کە روبەرەکەی دیاریکراوە بە (2000) دۆنم، بەڵام سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێیوایە لەم کاتەدا ئەوە قورس دەبێت.
جەلال شێخ نوری وتی: «بەهۆی ئەو باردۆخە ئابوریەی هەیە قورسە لەم کاتەدا وەبەرهێنەران ئەم کارە بکەن، بەتایبەت ئێمە پێویستمان بە وەبەرهێنەرە گەورەکانە بۆ ئەم کارە».
٣. نه‌بونى بۆڕی گواستنەوەی نەوت
«زۆربە ئاسانی دەتوانرێت بۆری بۆ گواستنەوەی نەوتی گەرمیان دروستبکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرپرسی حزبی لە پشتە کە باڵادەستن رێگری دەکەن». کەریم عه‌لی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان له ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت.
به‌وته‌ى ئه‌و، رۆژانە نزیکەی ٢٥٠ تەنکەر لە نێوان گەرمیان بۆ پاڵاوگەی خورمهڵە هاتوچۆدەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە بۆ ئەوەیی تەنکەرێکی نەوت لە سەرقەڵاوە بگاتە خورمهڵە، دەبێت نزیکەی (٣٧٠) کم ببڕێت بە نزیکەی ٥ کاتژمێر ٣٠ خولەک.
هونەر عەلی، دروستکردنی بۆڕی گوستنەوەی بەستەوە بە کۆمەڵێک سود و وتی: رێگاکانی هاتوچۆ ئەو قەرەباڵەغیەی هەیەتی کەم دەبێتەوە، تێکچونیشی بەوهۆیەوە نامێنیت، هۆکارێکی پیسکردنی ژینگەش کەمدەبێتەوە، بەڵام یەکێک لە گەندەڵیەکانی نەوت لە کوردستان شێوازی گواستنەوەکەیەتی، بە نمونە له گەرمیانیش بۆچی بە تەنکەر نه‌وته‌كه‌ى دەگوازرێتەوە بۆ دورترین شوێن لەکاتێکدا دەتوانرێت لە سنورەکە پاڵاوگە دروست بکرێت یان بە بۆری بگوازرێتەوە؟».
٤. دۆسیه‌ى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى گه‌رمیان به تانكه‌ر
ماوەی ساڵێکە تەندەری گواستنەوەی نەوتی بلۆکی گەرمیان بۆ هەولێر کەوتۆتە دەسەڵاتی کۆمپانیای گازپرۆم، ئەگەرچی لە ماوەی رابردو ئەم دەسەڵاتە لای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بوە، هۆکاری ئەوەی کە کۆمپانیاکە داوای کردوە لە بری حکومەت خۆی تەندەرین بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی بکات بەپێی زانیارییه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه «ژمارەی ئەو بەرمیلە نەوتانەی دەرهێنانی بۆ کردوە دزی لێکراوەو وەک خۆی نەگەشتوەتە شوێنی مەبەست، ده‌وترێت نزیكه‌ى سێ ملیۆن دۆلار ده‌بێت قه‌باره‌ى دزیه‌كه».
کەریم عه‌لی، سه‌رۆكى لیژنه‌ى وزه و سامانه سروشتیه‌كانى ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: بەدواداچونم بۆ ئەم بابەتە کردوە، بەمهۆیەوە کۆمپانیاکە دەستی کردوە بە لێدانی کۆد لەو تەنکەرانەی کە لەلایەن کۆمپانیای گوستنەوەکەوە دیاریکراون لەرێگەی شوێنههڵگرى ئیلیكترۆنى (GPS)ـه‌وه چاودێریان دەکات.
به‌ڵام شێرکۆ جەودەت ئه‌ندامى لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەبەوەدەکات بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لە بارەی دزینی نەوت لە کاتی گواستنەوەی نەگەشتوەتە دەستیان.
وتی: گرفتەکەی ئێمە نەبونی بەڵگەیە لە بەردەستمان، دەست کەوتنیشی زۆر قورسە بەڵگەی یاسایی و حاشا هەڵنەگر و پشتیوانی لەو گومانانە بکات و بیسەلمێنێت، بۆ ئەوەی بکەرانی روبەڕوی دادگا بکرێنەوە.
سەرباری ئەوەی پرۆسەی تەندەرین و کێبڕکێ ساڵانە ئەنجام دەدرێت، بەڵام چەند ساڵێکە لەلایەن کۆمپانیای (بلاک پوڵ) کە کۆمپانیایەکی ناوخۆییە کاری گواستنەوەی نەوتی هەردو بلۆکی گەرمیان لەساڵی (٢٠١٦) و چیاسورخ لەساڵی (٢٠١٨) دەکات.
دانا حاجی ساڵح، خاوەنداری کۆمپانیاکەیە، دوای دانانی سێ کاتی جیاواز بۆ لێدوان لە بارەی گوستنەوەی نەوتی گەرمیان و هۆکاری مانەوەی ئەم کۆمپانیایە لە کاری گوستنەوە ئەگەر چی ماوەی دو ساڵە تەندەرینەکەشی بۆ دەرناچێت، لەگەڵ قسەکردن سەبارەت بە گرفتەکانی گواستنەوەی نەوت بە تەنکەرو هۆکارێک بۆ روداوەکانی هاوتوچۆ و کۆمەڵێک پرسی دیکە، بەڵام لە کۆتا کاتدا رایگەیاند ئامادە نیە قسەبکات لە بارەیەوە.
ساڵی رابردو تەندەرینەکەی گوستنەوەی نەوتی گەرمیان بۆ کۆمپانیایەک بە ناوی «EOT» دەرچو، بەڵام نەگەشتوەتە رێکكەوتن بۆ گواستنەوەی نەوتەکە.
دواتر کۆمپانیای «Rain flood› دەستنیشان کراوە بۆ گواستنەوەی نەوتەکە، بۆ هەرتەنێک بە ١٧ دۆلار، بەڵام ئەم کۆمپانیایەش لەگەڵ شۆفێری بارهەڵگرەکان توشی کێشە دەبێت، گازپرۆم ماوەی کارکردنی (بلاک پوڵ) بۆ ساڵێکی تر درێژکردەوە و نرخەکەی پێشوتری کە ٣٦ دۆلاربوە کەمکردوەتەوە بۆ (٢٤) دۆلار و نەوتەکەی گواستوەتەوە.
بە پێی زانیاریەکان بۆ ئەمساڵ لە کۆی ١٥ کۆمپانیای کێبڕکێکەر، تەندەرەکە بۆ کۆمپانیایەک دەرچوە بەناوی (جهانگیر)، ئەم کۆمپانیایە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت لە گەرمیانەوە بۆ کێڵگەی ‹خوڕمەڵە› لەهەولێر، بڕی ١٦ دۆلاری داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەم چەند رۆژەی کۆتای مانگی ئازار و لە (٢٩/٣/٢٠٢١) کۆمپانیای گازپرۆمی روسی لە رێگەی ئیمێڵەوە بەسەرجەم کۆمپانیا بەشدارەکانی تەندەرینەکەی راگەیاندوە: گواستنەوەی نەوتی گەرمیانی بۆ دوساڵی تر تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣ دامانە بە کۆمپانیای›بلاک پوڵ›.
به پێی زانیارییه‌كانى یه‌كه‌ى چاودێرى له‌و ئیمێڵهى بۆ كۆمپانیاكانى به‌شدارى ته‌نده‌ره‌كه كراوه ئه‌وه هاتوه كه( سه‌رجه‌م كۆمپانیاكان له روى ته‌كنیكیه‌وه سه‌ركه‌وتوبون، به‌ڵام ئهك كۆمپانیایه زیاتر بۆ ئێمه سه‌رنجراكێش بوه).
٥. «دەرهێنانی نەوت لە گەرمیان پشتگوێ دەخرێت»
«دەرهێنانی نەوت لە گەرمیان پشتگوێ دەخرێت بەهۆی ناوچەگەرییەوە» ئەمە ئەو قسەیە جێگەی گومانەو بەردەوام دەوترێتەوە، لێرەشدا نوێنەرانی هەڵبژێردراو جەختی لێدەکەنەوە.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد بەحزبی کردنی ناوچەکان ئەو هەڵەیەیه کە دەمێکە خەڵکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت. وتیشی: لە ئێستا‌و داهاتوشدا ئاسەوارەکانی دیارە بێگومان دەسەڵاتیک کە شڵەژاو و لاوازبێت بێگومان جیاکاری دەکات ئەوەشی کە بەرامبەر گەرمیان دەکرێت مشتێکە لە خەرمانێک.
سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازی و وزه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگای سلێمانیش، ئەمە دەخاتە پاڵ ئەو حزبانەی کە هەڵبژێردراوی خەڵکی ئەم ناوچەیەن.
کەریم عه‌لی، دەڵێت: وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەدەست پارتیەوەیه، وایکردوە کە کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت، زیاتر لە سنوری زەرد وەبەرهێنان بکەن و نەوت دەربهێنن، یەدەگی زۆری نەوت و گاز لە گەرمیان هەیە چەند بیرێک لێدراو‌ن، بەڵام نەبەستراونەتەوە بە گواستنەوەی نەوت، ئەمەش بەهۆی نەبونی هەڵوێستە لەلایەن حزبە هەڵبژێردارەکانی ئەم سنورە.
پێنجه‌م: لێكه‌وته‌كانى نه‌وتى گه‌رمیان
١. رێگاوبان و هاتوچۆ
لەماوەی سێ ساڵدا تەنکەرەکانی گواستنەوەی نەوت ١٨ روداوی هاتوچۆیان له گه‌رمیان دروستکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی قوربانیەکان نەزانراوە، بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت: رۆژانە سەدان تەنکەر لە شەقام و رێگاکانی دەرەوە هاتوچۆدەکەن ئەمەش ئاستەنگی زۆری دروستکردوە.
محسن مەنسور، بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان، باسی لەوەکرد لە هەروڵاتێک نەوت و گاز هەبێت بۆڕی هەیە بۆ گواستنەوەی تا دەگاتە سەر دەریا، بەڵام لێرە تەنکەرەکانی گوستنەوەی نەوت لەسەر رێگەی هاتوچۆی هاوڵاتیان دەگوازرێنەوە.
لە بارەی ئەوەشی لەگەڵ کۆمپانیای گوێزەرەوەی نەوتی گەرمیان پەیوەندیان هەیە وەک هاتوچۆ بۆ ئەوەی لەو کاتانەی کەمتر رێگاکان قەرەباڵەغە ئەوان نەوت بگوازنەوە، وتی: هیچ پەیوەندیەکمان پێکەوە نیە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لەماوەی ساڵی (٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠) ١٨ روداوی هاوتوچۆ بەهۆی تەنکەرەکانی گوستنەوەی نەوت رویانداوە، بەشێوەیەک ١٥ روداویان پێکدادان بوە، ٢ وەرگهڕان و ١ روداویان سوتان بوە.
٢. ژینگەی گەرمیان و دوکەڵی بیرە نەوتیەکان
ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌ی كه له‌ناوچه‌ی گه‌رمیاندا كاریان تێدا دەکرێت بەوتەی پسپۆرێکی ژینگە زیانی جۆراوجۆریان هەیە.
لە ئەنجامی دوکەڵی بیرە نەوتیەکان چەندین گازی ژەهراوی تێکەڵ بە ژینگەی ناوچەکە دەبن، لەوانە گازی یه‌كه ئۆكسیدی كاربۆن کە گازێكی ژه‌هراوی كوشنده‌یه، ئه‌گه‌ر بڕێكی زۆری بچێتە خوێنه‌وه دەبێتەوە هۆی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی تا ئاستی خنكان و ژانه سه‌ر و گرفتی دڵ. لەگەڵ گازی دوه‌م ئۆكسیدی گۆگرد، کە له پیسكه‌ره مه‌ترسیداره‌كانی هه‌وایه. یەکێکی دیکەیە لەگازانە دوه‌م ئۆكسیدی كاربۆنە كه دەبێتە هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی گۆی زه‌وی، لەگەڵ چەندین جۆری دیکە.
سەبارەت بە مه‌ودای رۆیشتنی ئه‌و گازانه‌ی له‌ئه‌نجامی سوتانی نه‌وته‌وه دەردەپەڕێن، دڵپاک ئەحمەد، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی ژینگە ئاماژەی بەوەکرد: داتایه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نیە لە بارەیەوە، ئه‌و مه‌ودایه‌ی ده‌یبڕن په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه له‌وانه بڕ و چه‌ندێتی گازهکە و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی زیاتر له‌هه‌وادا مەودایهكی زیاتر ده‌بڕێت لە سه‌دان مه‌تره‌وه ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو سه‌دان كیلۆمه‌تر.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی دوكه‌ڵی چڕی نه‌وتی سوتاو هه‌ڵگری ماده‌ی هایدرۆكاربۆناتی و ئارۆماتیە کە زیانیان له‌سه‌ر ته‌ندروستی هه‌یه و هۆكارن بۆ نه‌خۆشیه‌كانی كۆئه‌ندامه‌كانی هه‌ناسه‌و هه‌رس و شێرپه‌نجه و نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه ده‌بنه هۆكار بۆ لەبارچونی كۆرپه‌له و تێكچونی دروستبونی كۆرپه‌له.
چارەسەرکردنی ئەم هۆکارەی پیسکردنی ژینگە بەكۆمهڵه میكانیزمێكی زانستی دەکرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاویشته زیانبه‌خشه‌كانی.
دڵپاک ئەحمەد، باسی لە هەندێک لەو میکانیزمانە کرد‌و وتی: لە رێگەی رێكخستنی پێكهاته‌كانی هه‌وا بە زۆركردنی روبه‌ری سه‌وزایی، هه‌ندێك له روهك هه‌ن كه توانایه‌كی به‌رزیان هه‌یه له هه‌ڵمژینی هه‌ندێ پیسكهردا، زانایانی كیمیایی زینده‌یی ئه‌وه‌یان دۆزیوەتەوە سنه‌وبه‌ری قه‌وقازی و سنه‌وبه‌ری نه‌مساوی ره‌ش و گه‌ڵای دره‌ختی عودی پێغه‌مبه‌ران Pinus Nigra و شۆڤان و گه‌نم و نۆك، توانای هه‌ڵمژینی ئۆكسیده‌كانی ئۆزۆنیان هه‌یه، هه‌روه‌ها دره‌ختی سوره چنار له یه‌ك هێكتاردا توانای هه‌ڵمژینی 100 كیلۆگرام له گازی دوه‌م ئۆكسیدی گۆگردی هه‌یه.
٣. وێستگه‌یەکی به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا دەکەوێتەکار
بڕیارە ئه‌و دوكه‌ڵه‌ى له نه‌وتى حه‌سیره‌وه ده‌سوتێت به‌بێ هیچ سودێك، به‌كاربهێنرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌با.
بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا، ئاماژەی بەوەکرد: بەشی زۆری کارەکانی تەواوبوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بڕیارە دەست بە کار بکات و بڕی ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت، ٦٥ مێگاواتە.
له مانگى چوارى ئه‌مساڵ وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا دەكهوێتهكار و ١٦٥ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنێت.
حازم کەریم، بەرێوبەری گشتى کارەبای گەرمیان له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «کارکردن له وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با بەردەوامە و بڕیارە لە مانگی چوار پڕۆژەکە دەست بکات بە بەرهەمهێنانی کارەبا».
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: وێستگه‌ی وه‌به‌رهێنانی غازی (١٦٥ مێگاواتی) حه‌سیره له لایه‌ن کۆمپانیای (ئه‌گریکۆی)به‌ریتانیه‌و
رونیشیکردەوە: پرۆژەکە پشت بەو گازە ‹غاز› دەبەستێت کە لە کێڵگەکە دەردەچێت لەگەڵ دەرھێنانی نەوت دا، بەشێوەیەک ئەو گازە لەرێگەی ئەو وێستگەیەوە دەگۆڕێت بۆ وزەی کارەبا.
٤. نیگه‌رانى دانیشتوانى گونده‌كان
بلۆکی نەوتی گەرمیان دەکەوێتە گوندی حەسیرەی ناحیەی سەرقەڵا، ٧٥ماڵ لەم گوندە نیشتەجێن، ٦٥ کەسی گوندەکە لە کێڵگە نەوتیەکە کاردەکەن، ئەنجومەنی گوندەکەش دەڵێت: «نەوت بۆ ئێمە زۆر باش بو، بەڵام تا خۆپیشاندان نەکەین هیچمان بۆ ناکەن».
سۆران حەمەسەعید، باسی لەوەکرد: هەر کۆمپانیایەکی نوێ بێت بۆ کارکردن لە گوندەکەیان دەبێت پرۆژەیەکیان بۆ جێبەجێبکات بە نمونە بنکەی تەندروستی، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە، یاریگا و هی تر.
دوکەڵی بیرە نەوتەکان راستەوخۆ بەسەر گوندەکەیاندا دەڕوات، سۆران، دەڵێت: «گوندەکەی ئێمە باشترە دوکەڵەکەی لێنانیشێت چونکە نزیکین، گوندەکانی دەوروبەرمان گرفتیان هەیە رەشی و چەوریەکە دەنیشێت لە ماڵەکانیان».
تەنها لەوکاتانەی باران بێت چەوری و رەشی دوکەڵەکان دەنیشێتە ناو گوندی حەسیرە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆنی گۆگرد خەڵکی گوندەکەی هەراسانکردوە بەهۆی کێشە لە بیری ژمارە سێ بلۆکی نەوتی گەرمیان.
سۆران حەمەسەعید، وتی: هەمو خەڵکی گوندەکە هەراسان بون بۆگەنیەکی زۆری دێت، چەند هەفتەیەکە ئەم گرفتەمان هەیە پەیوەندیمان بە کۆمپانی گازپرۆمەوە کردوە پێی وتین چاکی دەکەین با کارەکانی بیری ژمارە چوار تەواو بکەین کە لە ژێر تێستدایە.
٥. ده‌رچوانى زانكۆ و په‌یمانگاكان سودمه‌ند نین له نه‌وتى ناوچه‌كه
هاوڵاتیان لە بارەی نەوتی ناوچەکەیانەوە بە ئومێد نین، دەرچوانی زانکۆ‌و پەیمانگاکانی تایبەت بە بەواری نەوتیش باس لەوەدەکەن جیاکاری دەکرێت بۆ وەرگرتنی دەرفەتی کار لە کێڵگە نەوتیەکان.
ئەیوب ساڵح، دەرچوی بەشی کیمیایە لە زانکۆی سەڵاحەدین و دانیشتوى کەلاره، وتی: نەوت نەبوە بە دەرفەتی کار بۆ ئێمە، به‌ڵام گەندەڵی دەکرێت لەو روەوە، بەدەر لەوه‌ی کە داوای ئەزمون دەکەن و ئێمە نیمانە، چونکە من شەش ساڵە خوێندنم ته‌واو کردوە شوێن نەبوە بەو بوارە کاری تێدا بکەم کەواتە چۆن ئەزمون وەربگرم.
چەندین دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانی پسپۆڕی جیاوازی تایبەت بە بواری دەرهێنانی نەوت و دۆزینەوەی نەوت لەم سنورە هەیە، وەک خۆیان دەڵێن: «هیچ ئومێدێکیان بەوەنیە نەوت ببێتە فریاد رەسیان».
شیرین حەسەن، دانیشتوى قەزای کفری، دەرچوی پەیمانگای نەوتە، بێ هیوایە لەوەی نەوتی خاکەکەی بێتە سەرچاوه‌ی کار بۆی «چەندین ساڵە نەوت لەگەرمیان دەردەهێندرێت، نە بوە بە دەرفەتی کار و نە خۆشگوزەرانی، من نازانم چ پێویست دەکات من ئەم بەشە بخوێنم کە ناهێڵن لە دوریشەوە بیرە نەوتیەکان ببینم؟!».
٦. به‌هۆى نه‌بونى ستافى پسپۆڕه‌وه نه‌توانراوه به‌شى نه‌وت له زانكۆى گه‌رمیان بكرێته‌وه
هه‌رچه‌نده گه‌رمیان ناوچه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت، به‌ڵام تا ئێستا له‌روى زانستیه‌وه گرنگى پێنه‌دراوه و له زانكۆى گه‌رمیان به‌شى تایبه‌ت به نه‌وت نیه.
د.فه‌رهاد قاد، سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان له‌باره‌ى نه‌كردنه‌وه‌ى به‌شى نه‌وت له زانكۆى گه‌رمیان وتى: پێویستیان به كه‌سى پسپۆڕه بۆ كردنه‌وه‌ى به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت و ئێستا ئه‌و پسۆڕیانهیان نیه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: لهپلانیاندا هه‌یه و كار بۆ كردنه‌وه‌ى به‌شه‌كه ده‌كه‌ن له داهاتودا.
به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان
یه‌كه‌م: دەرئەنجام
١. به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى نه‌وتى سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان رون نیه، ژماره‌یه‌كى ورد له‌مڕوه‌وه به‌رده‌ست نیه، به‌ڵام به‌پێی وته‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاگادارى جیاواز، له‌نێوان (٣٠٠٠٠) بۆ (٣٥٠٠٠)ـه، به‌مپێیه‌ش زۆرینهرى به‌رهه‌مى نه‌وتى پارێزگاى سلێمانى و ئه‌و سنوره‌ى كه به «زۆنى سه‌وز» ناسراوه، ده‌كه‌وێته سنورى گه‌رمیانه‌وه.
٢. دۆسیه‌ى نه‌وتى گه‌رمیان وه‌ك سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانى تری نه‌وتى هه‌رێم، به مه‌ركه‌زیی و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كانه‌وه ئیداره ده‌درێت و ئیداره‌ى سنوره‌كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى راسته‌وخۆی پێوه نیه جگه له فهراههمكردنى ئه‌منى، ته‌نانه‌ت ئاگاداری ورده‌كاریه‌كانى دۆسیه‌كه‌ش نین.
٣. وه‌به‌رهێنانێكى تاڕاده‌یه‌ك باش كراوه له دۆسیه‌ى نه‌وتى سنورى گه‌رمیان، به‌ڵام بهلهبهرچاوگرتنى ئه‌وه‌ى كه یه‌ده‌گی نه‌وت و گازی خه‌مڵێندراوى زۆر زیاتره، ده‌بو هه‌وڵی زیاتر بدرایه له‌و روه‌وه.
٤. به‌راورد به نه‌وت، گازى سروشتى له سنوره‌كه‌دا وه‌به‌رهێنانێكى ئه‌وتۆی تێدا نه‌كراوه، له‌كاتێكدا پێدراوه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن یه‌ده‌گ و جۆر و بڕى گازی سنوره‌كه زۆر و باشه و سودی زۆری ده‌بێت.
٥. كه‌رتى نه‌وت له سنورى گه‌رمیان سه‌ره‌تا به كۆمپانیای بچوك و نه‌ناسراو ده‌ست به‌كاركردن تیایدا كرا، به‌ڵام دواتر كۆمپانیای گه‌وره بۆ وه‌به‌رهێنان هاتنه سنوره‌كه، له‌نمونه‌ى (گازپرۆم نه‌فت)ى روسی، كه له كۆمپانیا مه‌زنه‌كانى بوارى نه‌وته له جیهان.
٦. ژێرخانى نه‌وت له‌گه‌رمیان وه‌به‌رهێنانى ئه‌وتۆی تێدا نه‌كراوه، به‌تایبه‌تى له روى گواستنه‌وه و به‌ستنه‌وه‌ى به بۆڕیی نه‌وتى نیشتمانى هه‌رێمه‌وه.
٧. ده‌زگا و نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌كان (پارله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگا) ئاگادار ناكرێنه‌وه له دۆسیه‌ى نه‌وتى سنوره‌كه، یاخود زانیاری‌یان ناخرێته به‌رده‌ست و وهكخۆشیان ده‌ڵێن رێگریشیان لێده‌كرێت بۆ ده‌ستخستنى زانیارییه‌كان.
٨. وه‌به‌رهێنانى ئه‌وتۆ نه‌كراوه له پرۆسه‌ى پاش ده‌رهێنانى نه‌وته‌كه، بۆنمونه له ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى پترۆكیمیای و دروستكردنى پاڵاوگه، ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا وێستگه‌یه‌كى كاره‌با له بوارى دروستكردن دایه كه پشت به‌و گازه ده‌به‌ستێت كه له كێڵگه‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌وه ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى باشه.
٩. ئه‌گه‌رچی ناوچه‌كه گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مى نه‌وتى له سنورى سلێمانى هه‌یه، كه‌چى له روى خوێندنى ئه‌كادیمیه‌وه هیچ كۆلێژ و به‌شێك له زانكۆ و په‌یمانگاكانى سنوره‌كه بۆ بوارى نه‌وت نیه.
١٠. به‌گشتى قه‌باره‌ى ئه‌و ده‌رفه‌تی كاره‌ى كه نه‌وت بۆ هاوڵاتیانى گه‌رمیانى ره‌خساندوه نازانرێت، به‌ڵام به‌گشتى نیگهرانیهك هه‌یه له‌وه‌ى به‌شى پێویست لێی سودمه‌ند نه‌بون، به‌تایبه‌تى ده‌رچوانى زانكۆ و په‌یمانگا، له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆمپانیاكان له وه‌رگرتنى كارمه‌ند دا ئه‌زمون و شاره‌زاییان به هه‌ند وه‌رگرتوه تاوه‌كو هۆكارى جوگرافی.
١١. له روى ژینگه‌ییه‌وه دۆسیه‌ى نه‌وت لێكه‌وته‌ى زۆری به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، هه‌ندێكى په‌یوه‌ندی به خودی پرۆسه‌كه‌وه هه‌یه كه ده‌بێته هۆی پیسكردنى ژینگه، هه‌ندێكى تریشی به‌هۆی گواستنه‌وه‌ى كه به‌هه‌مانشێوه ده‌بێته هۆی پیسكردنى ژینگه، به‌ڵام بڕ و ئاستى ئه‌م كاریگه‌رییه به وردی نه‌پێوراوه و نه‌زانراوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بونى لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ى زانستى ورد.
١٢. ئه‌و پاره‌یه‌ى كه بڕیاره له داهاتى نه‌وت بۆ سنوره‌كه خه‌رج بكرێت، بڕه‌كه‌ى رون نیه، هه‌روه‌ك ئه‌و پرۆژانه‌شی كه به‌و پاره‌یه ئه‌نجامدراون زۆرتر پرۆژه‌ى بچوك و كه‌م كاریگهریین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 7 له‌و پرۆژانه‌ى كه گه‌وره‌ن و سه‌رچاوه‌كه‌یان پاره‌ى نه‌وته، راگیراون به‌هۆی قه‌یرانى داراییه‌وه، له دیارترینی ئه‌و پرۆژانه‌ش: نه‌خۆشخانه سه‌د قهرهوێڵهییهكهى كه‌لاره.
دوه‌م: راسپارده‌كان
١. كه‌رتى نه‌وتى سنوره‌كه ناشهفافیهتێكى زۆری تێدایه، به‌شێوه‌یه‌ك خودی حكومه‌تى خۆجێی سنوره‌كه‌ش له‌باره‌ى داتا و زانیاری ئه‌م كه‌رته‌وه بێئاگایه و به‌شى پێویست زانیاریی نیه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى پارله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاش به‌هه‌مانشێوه بێبه‌شكراون له پێدانى زانیاریی.
هه‌مو ئه‌مانه و له‌پاڵ خۆ بواردنى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كان له قسه‌كردن له‌باره‌ى ئه‌م دۆسیه‌یه‌وه بۆ راپۆرتى یه‌كه‌كه‌مان، هێنده‌ى تر گومانى له‌سه‌ر پرۆسه‌كه دروستكردوه.
هه‌ربۆیه ده‌بێت حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كان، راشكاو و راستگۆ بێت له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانى سنوره‌كه و داتا و زانیاریه‌كانیان بۆ ئاشكرا بكات و به به‌رده‌وامیش ئه‌پده‌یتی بكاته‌وه.
هه‌روه‌ك پارله‌مانیش رۆڵی خۆی بگێڕێت له ناچاركردنى حكومه‌ت به شهفافبونى له‌م دۆسیه‌یه‌دا و هه‌روه‌ها چاودێربونى به‌سه‌ر ئه‌م كه‌رته‌وه.
٢. ئه‌گه‌رچی یه‌ده‌گێكى نه‌وت و گازی باشى تێدایه، به‌ڵام هێشتا به‌رهه‌مى نه‌وتى سنوره‌كه له‌ئاستێكى باش‌دا نیه به به‌روارد به كێڵگه و زۆنه نه‌وتیه‌كانى دیكه، بۆیه گرنگه حكومه‌تى هه‌رێم له‌مڕوه‌وه پلان و به‌رنامه‌ى هه‌بێت بۆ بره‌ودان به كه‌رتى نه‌وتى سنوره‌كه و به‌رهه‌مهێنانى زیاتری نه‌وت به‌شێوه‌یه‌ك به قازانجی هه‌رێم و سنوره‌كه بشكێته‌وه.
٣. گرنگه له پاڵ بره‌ودان به به‌رهه‌مهێنان، هاوكات مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مى نه‌وتیش پلانی بۆ دابنرێت، به‌تایبه‌تى له‌روى دروستكردنى پرۆژه‌ى پتیرۆكیمیای و دانانى پاڵاوگه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك سودی ده‌بێت له به‌كارخستنى ده‌ستى كارى سنوره‌كه، له‌لایه‌كى تریشه‌وه لێكه‌وته ئابوریه‌كانى بۆ سنوره‌كه باشتر ده‌بێت. گرنگه حكومه‌ت كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیا تایبهتمهندهكانى ئه‌م كه‌رته به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى توانا و ئه‌زمونیان هه‌یه، هان بدات و ده‌رفه‌تى وهبهرهێناینان له‌م بواره‌دا بۆ بڕه‌خسێنێت.
٤. پێویسته به‌رنامه و پلان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسی گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى سنوره‌كه، چونكه پشت به‌ستن به رێگاى ته‌قلیدی بهتانكهرى بارهه‌ڵگر، رێگایه‌كى پڕ مه‌ترسی و كێشه و هه‌روه‌ها زیانیشه، له‌بری ئه‌وه بیر له دروستكردنى بۆڕی نه‌وت و گرێدانى به بۆڕی نیشتمانى بكرێته‌وه، كه ئه‌مه ده‌بێته هه‌نگاوێكى ستراتیژی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ئه‌و گومان و قسه‌و قسهڵۆكانهى له‌باره‌ى ته‌ندره‌كانى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى سنوره‌كه به تانكه‌ره‌وه دروستبون، ده‌بێت وه‌زاره‌تى سامانه سورشیتهكان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی، لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونى له‌باره‌وه بكه‌ن ئه‌م بواره رێكبخه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى به سودی گشتى كۆتایی بێت.
٥. دروستكردنى وێستگه‌ى كاره‌با كه پشت به‌و گازه ده‌به‌ستێت كه له كێڵگه‌ى نه‌وتى حه‌سیره ده‌رده‌چێت، هه‌نگاوێكى ستراتیژی و گرنگه، جگه له‌وه‌ى ئه‌و گازه‌ى كه به فیڕۆ ده‌چو ده‌كات به وزه، هاوكات رۆڵیشی ده‌بێت له زیادكردنى كاره‌با له هه‌رێم و گه‌رمیان. گرنگه حكومه‌ت بیر له بایه‌خدان به بیرۆكه‌ى له‌مشێوه‌یه بكاته‌وه و بره‌وى زیاتری پێبدات.
٦. هانى حكومه‌ت و ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كان ده‌ده‌ین كه توێژینه‌وه‌ى ورد و زانستى له‌باره‌ى مه‌ترسی و كاریگه‌رییه ژینگه‌ییه‌كانى پرۆسه‌ى ده‌رهێنانى نه‌وت له سنوره‌كه ئه‌نجام بده‌ن، به‌پشت به‌ستن به‌و ده‌ره‌نجامانه‌ى كه توێژینه‌وه‌كان پێیان ده‌گه‌ن، هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ى زیان و لێكهوتهكان بده‌ن.
٧. پێویسته كه‌رتى نه‌وت له سنوره‌كه له ده‌ستى حزب و به‌رپرسانى دوربخرێته‌وه، به‌ڵكو روئیایهكى نیشتمانى له‌باره‌یه‌وه گه‌ڵاڵه بكرێت، ئه‌مه‌ش به چه‌سپاندنى یاسا و رێگه‌نه‌دان به مه‌حسوبیه‌ت و پشكپشكێنه. بۆ ئه‌ممه‌ش ده‌بێت رۆڵ به كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بدرێت چاودێری پرۆسه‌كه بێت.
٨. له‌گه‌ڵ زیادبونى به‌رهه‌م و چالاكبونى كه‌رتى نه‌وتى سنوره‌كه، پێویسته بره‌ودان بهكهرتهكه له روى ئهكادیمیشهوه زیاتر لبێت، له‌م روانگه‌یه‌وه پێشنیازی كردنه‌وه‌ى كۆلێژ و به‌شى تایبه‌ت به نه‌وت له زانكۆی گه‌رمیان و په‌یمانگاى ته‌كنیكی كه‌لار، به گرنگ ده‌زانین، له توێژینه‌وه‌كردن له كه‌رته‌كه و هه‌روه‌ها پێگه‌یاندنى كادیری ئه‌كادیمی.
٩. پێویسته وه‌ك له یاسای (ژمارە 2 ساڵی 2015 ی پەرلەمانی کوردستان) دیاریكراوه، پترۆ دۆلار بۆ سنورى گه‌رمیان خه‌رج بكرێت كه ئه‌وه مافێكى یاسایی خۆیه‌تى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ئه‌و داهاته‌ى له نه‌وته‌وه به ده‌ستى ده‌گات، بۆ پرۆژه‌ى ستراتیژی خه‌رج بكرێت نه‌ك پرۆژه‌ى لاوه‌كی و كه‌م سود. له‌مڕوه‌وه دروستكردنى ده‌سته و بۆردێك به پێویست ده‌زانین كه حكومه‌تى خۆجێی و وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی پێكه‌وه تیایدا به‌شدار بن و بڕیار له‌و پرۆژانه بده‌ن كه بۆ سنوره‌كه پێویسته بكرێت.