ڕوونبین
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢١/٤/١ لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی هەناردە و داهاتەکانی نەوتی بۆ مانگی ئازار ڕاگەیاند ، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ ” دەریانکردووە ، بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئازاردا بریتی بووە لە ٩١ ملیۆن ٣١١ و ٩٢٩ بەرمیل ، کە داهاتەکەی بریتی بووە لە ٥ ملیارو ٧٨٢ ملیۆن و ٧١١ هەزار دۆلارە.
ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کۆی نەوتیی هەناردەکراو بۆ مانگی ئازار لەکێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ، بریتی بووە لە ٨٨ ملیۆن و ٢٤٠ هەزارو ١٨٤ بەرمیل، بە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە لە بەسەرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٤٦ هەزار بەرمیل و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت بە بەسەرەوە بریتی بووە لە ٦٣٫٣٢٦ دۆلار.
لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیا بڕی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٧١هەزارو ٧٤٥ بەرمیل، بەتێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی ٩٩ هەزار و ٨٨ بەرمیل و نرخی هەربەرمیلێک تێکڕا بە ٦٣٫٤٢١ دۆلار فرۆشراوە. نرخی جیهان بۆ هەر بەرمیلێک ٩ سەنت لە نرخی بەسرە زیاتر بووە.
تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە ٢ ملیۆن و ٩٤٥ هەزار بەرمیل بووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوت ٦٣,٣٢٩دۆلار بووە .
داهاتی نەوت لەمانگی شوباتی ڕابوردودا بریتی بووە لە ٥ ملیار ١٣ ملیۆن دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق لەو مانگەدا ٦٠٫٤٨٧دۆلار بووە. داهاتی ئازار نزیکەی ٧٧٠ هەزار دۆلار لە مانگی پێشو زیاترە.
داهاتی نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە زياترە لە داهاتی ساڵێک پێش ئێستا لە شوباتی ساڵی٢٠٢٠ پێش دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کۆڤید ١٩ وە.