یادگار سدیق گەڵاڵی
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری ٢٠٢١/٤/١ دا بڵاوی کردووەتەوە، بڕی ئەو پارەیەی داویەتی بە حکومەتی هەرێم لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا لە کێڵگەی تەق تەق ئاشکرادەکات.
ڕاپۆرتی کۆمپانیاکی گەنێڵ ئەنێرجی سەبارەت بەو پارانەیە کۆمپانیاکە داوێتی بە حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:
ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری ئەو پارانە ڕووندەکاتەوە کە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و ئەو کۆمپانیایانەی سەر بەون بۆ ساڵێ ٢٠٢٠، کە بەپێی بنەمای(قاعدە) ئاشکراکردن و ڕوونی ٤،٣ A کە لەلایەن دەزگای مامەڵەی دارایی لە شانشینی یەکگرتوو دەرچوو DTR 4.3A) وە بە پێی لائیحەی راپۆرتی دانی پارە بەحکومەت ٢٠١٤ ( (Reports on Payments to Governments Regulations ) هەموارکراو لە ساڵی ٢٠١٥دا ( یاسای شانشینی یەکگرتوو ) وە تەفسیری ئێمە بۆ ڕێنماییەکانی پیشەسازی لە بەریتانیا کە دەرچووە لە لایەن دەزگای نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز. بە پێی یاسای (DTR 4.3A) داواکراوە لەو کۆمپانیایانەی کە تۆمارکراون لە بازاڕە داراییەکان و لە شانشینی یەکگرتوو کار دەکەن لە پیشەسازییە دەرهاتووەکاندا ، دەبێت کۆمپانیاکان ئەو پارانەی دەیدەن بە حکومەتەکان لەو وڵاتانەی کە گەڕان و پشکنین، دۆزینە و پەرەپێدانی نەوت و گازی تێدا دەکەن ئاشکرابکەن و ڕایبگەیەنن.
واتە بەپێی یاسا ناچارن داهاتاکانیان ئاشکرابکەن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە دەرکردنی ئاوها یاسایەک هەیە تاوەکو کۆمپانیاکان ناچاربکات هەموو داهات و قازانجیان ئاشکرابکەن،یاسایەکی لەو شێوە خزمەتی روونی و شەفافییەت دەکات.
هەروەها کۆمپانیاکە بنەمای ئامادەکاریی ئەم ڕاپۆرتەی دیاری کردووە بەوەی: لەم ڕاپۆرتەدا ئەو بڕە پارانەی کە ڕێژەکەی لە ٨٦ هەزار پاوەندی ستەرلینی کەمتر بێت داخڵ نەکراوە ، بەپێی ڕێنماییەکانی شانشینی یەکگرتوو ڕێگە پێدراوە.
هەموو ئەو پارانای پەیوەستە بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم بۆ کێڵگەی تەقتەق لە لایەن گەنێڵ ئەنێرجییەوە دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم.
پاشان هاتووە پێناسە و ڕوونکردنەوەی بۆ هەندێ پێکهاتە و عنصری ڕاپۆرتەکە کردووە کە لەهەمانکاتدا بەشێکی گرنگی هەر گرێبەستێکی نەوتین.
شایستەیبەرهەم هێنان: بریتییە لە پشکی حکومەتی خانەخوێ لە بەرهەم لەو ماوەی کە ڕاپۆرتەکە دەیگرێتەوە ،لە کێڵگەی تەق تەق کە لەلایەن گەنێڵ ئەنێرجییەوە بەڕێوە دەبرێت. ژمارەکان لە سەر بنەمای پشکە. پشکی بەرهەمی نەوت دراوە بەشێوەی عەینی( بە نەوت) وە بەهای نرخەکەش کە ئاشکرای دەکەین وەرگیرەاوە لە سەربنەمای حساباتی خەمڵاندنی داهات.
موڵکانە: مۆڵکانە بەشێوەی عەینی دەدرێت (بە نەوت) بە حکومەت لەماوەی ساڵەکەدا لەبری دەرهێنانی نەوت. بڕی مۆڵکانە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمی کێڵگەی تەقتەق دەدرێت. موڵکانەش بەهەمان شیوەی شایستەی بەرهەم حساب کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیا باسی ئەوە دەکات کە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکرردن لەبەرهەمدا، حکومەت بەرهەمی کێڵگەکە وەردەگرێت وە لەلایەن یان لەبری حکومەت دەفرۆشرێت و داهاتەکەی وەردەگرێت، وە لە و داهاتە پشکی گەنێڵ ئەنێرجی لە خەرجی و قازانج دەدرێت . واتە لە بری ئەوەی کۆمپانیا پارە بدات بە حکومەت، حکومەتی هەرێم لە دوای فرۆشی نەوتەکە پارەی پشکی کۆمپانیاکە دەدات. (ئەمە بۆ هەموو کۆمپانیاکانی نەوت ڕاستە). بۆیە کۆمپانیاکە دەڵێت لە بەرئەوەی داواکاری ڕاپۆرتەکەیە بەپێی یاسای بەریتانی بۆیە لەسەرمانە پشکی بەرهەمی هەرێم دیاری بکەین و ئاشکرای بکەین (ئەو پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە بازاڕ وەری دەگرێت).
پێشتر وتومانە و لێرەشدا جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە: گرنگی یاسایەکی هاوشێوەی “یاسای ئاشکراکردن و روونی بەریتانیا” لەوەدایە رێڕەوی دارایی کۆمپانیاکان ئاشکرادەکات و داهات و قازانجی کۆمپانیاکان ئاشکرا دەکات بۆ حکومەت و هاوڵاتی، ئەوە جگە لەوەی ئێستا لە هەموو کات زیاتر حکومەت پێویستی بە ئاشکراکردنی هەموو سەرچاوەکانی داهات و شیوازی خەرجکردنیان هەیە بۆ هاووڵاتی وە یەکێکە لە داخوازییە هەنوکەییەکانی هاوڵاتی. دەستکەوتنی زانیاری بۆ هاوڵاتی بەشێکە لە مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی یان شاردنەوەی زانیاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.
بە پێی بنەمای ئازادی دەستخستنی زانیاری کە هەر لە سەرەتای دروست بوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لەساڵی ١٩٤٨دا دانی پیادا نراوە بە بڕیار ١/٥٩ کە دەڵێ ” ئازادی گەشتن بە زانیاری مافێکی سەرەکی مرۆڤە”هەروەها مادەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش دا جەختی لەسەر کراوەتەوە. پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش یاسای ژمارە ١١ ی ساڵی ٢١٠٣ دەرکردووە یاسای “یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری” وە بەتایبەت لە مادەی پێنج دا دەڵێت:
” هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە داوا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێشکەشبکات،ئەگەر ئەو بەڵگە نامەیەی کە زانیارییە داواکراوەکانی تێدایە لای ئەم دامو دەزگایەبێت کە داواکەی ئاراستە کراوە ئەوا پێویستە دانەیەک لەو بەڵگە نامەیەی پێ بدرێت”. شایانی باسە تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ بەسەریدا هێشتا ئەو یاسایە کارا نییە.
لە ڕاپۆرتەکەی گەنێڵدا پشکی حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٠ دا لە کێڵگەی تەق تەق کە حکومەت وەری گرتووە سێ جۆر شایستەن و بریتین لە:
١– پشکی حکومەت لەبەرهەم بریتی بووە لە ١ ملیۆن و ٥٨٠ هەزار و ٧١٨ بەرمیل کە کردویەتییە ٥٦ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار دۆلار.
٢- موڵکانە لەم کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ٣٥٥ هەزار ٧٤بەرمیل نەوت کە کردویەتیە ١٢ ملیۆن و ٧١٠ هەزار دۆلار. ڕێژەی موڵکانە بەپێێ گرێبەستەکان ١٠% کۆی بەرهەمی هەرکێڵگەیەکە.
٣– بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان : گەنێڵ ئەنێرجی بڕی ٢ ملیۆن و ٥٩٠ هەزار دۆلاری بە نەختی داوە بە حکومەت بۆ بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان و بەپیی مەرجەکانی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم.
لەکۆتایدا هەرێم بڕی ١ ملیۆن و ٩٣٥ هەزار و ٧١٨بەرمیل نەوتی وەرگرتووە لە کێڵگەی تەق تەق و بڕی ٧٢ملیۆن و ٢٨٠ هەزار دۆلار پشکی هەرێم بووە .
دوای ئەوەی شیکردنەوەمان کرد ئەو زانیاریانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو گەشتینە ئەو دەرئەنجامەی لەساڵی ٢٠٢٠ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەی تەق تەق بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار و ٧٤٩ بەرمیل نەوت و تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ٩,٧٠١ بەرمیل بووە. نرخی هەربەرمیلێک نەوت تێکڕا بە (٢٧.٨٠) دۆلار فرۆشراوە.
ماوەتەوە بڵێین کێڵگەی تەقتەق لە قەزای کۆیە یەو لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربە پارێزگای هەولێرە، یەکێکە لەکێڵگە کۆنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و تا ساڵی ٢٠١٥ یەکێک بوو لە گەورەترین کێڵگە بەرهەم هێنەکانی نەوتی هەرێم، بەڵام ئێستا بچوکترین کێڵگەی بەرهەم هێنی هەرێمە و بەرهەمی لە نێوان ٧ بۆ ٨ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دایە.