ڕوونبین
بۆیەکەم جارە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەئەمباری ستراتیجی SPR نەوت دەفرۆشێت بە وڵاتێکی دەرەکی. وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە وڵاتی ئوسترالیا و شەش گەورە کۆمپانیای جیهانی تەندەرەکەیان بۆ دەرچووە بە کڕینی ١٠.١ ملیۆن بە رمیل نەوت لە ئەمباری ستراتیجی. وەزارەتی وزەی ئەمەریکا لەسەر پێگەی خۆی ڕاگەیاند کە بڕی ١٩٥ هەزار بەرمیل نەوت لە ئەمباری ستراتیجی SPR دڕوات بۆ “وڵاتەکەی زەریای هیندی” وەک ئاماژەیەک بۆ ئوسترالیا.
ئوسترالیا یەکەم وڵاتە ساڵی پار بەشێک لە کۆگاکانی ئەمبارکردنی نەوتی ئەمریکای بەکرێ گرت بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت وەکو ئەمباری ستراتیجی، ئەمەش وای لێکرد کە بتوانێت بەشداربێت لە تەندەرەکەدا.
هەریەک لە کۆمپانیاکانی ماراسۆن بۆ دابین کردن و بازرگانیکردن ی نەوت، گلینکۆر، مۆتیڤا LLC، کۆمپانیای فیلیپس ٦٦، کۆمپانیای شێڵ ترەیدینگ( ئەمەریکا)، کۆمیانیای بەبازاڕکردنی و دابینکردنی ڤالیرۆ ئەو کۆمپانیایانەبون کە تەندەرەکەیان بۆ دەر چووە، و لەمانگی ئازار و نیساندا دەتوانن نەوتەکە بگوێزنەوە.
لە ڕابوردودا ئەمەریکا چەندجارێک دەستی بردووە بۆ بەکارهێنانی نەوتی ئەمباری ستراتیجی بۆنمونە لەکاتی شەڕی کەنداو دا لەساڵی ١٩٩١، لە بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١دا کاتی وەستانی بەرهەمی نەوتی لیبیا، بەڵام ئەمە یەکەم جارە بفرۆشرێت بەوڵاتێکی دەرەکی.
ئەمباری ستراتیجی نەوت
بيرۆکەی دروستکردنی ئەم باری ستراتیجی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو کاتێک لە شەڕی عرب ئیسرائیل دا لەساڵی ١٩٧٣ وڵاتانی هەناردەکەری نەوت بڕیاریاندا کە نەوت نەفرۆشن بە هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت چەند هێندە بەرزبێتەوە لە ٣ دۆلارەوە بگات بە ١٢ دۆلار.
لە کانونی یەکەمی ١٩٧٥ دا وڵاتە یەکگرتووەکان بڕیاری دروستکردنی ئەمباری ستراتیجی نەوتی دا Strategic Petroleum Reserve (SPR). ئەم بڕیارە بۆ ئەوەبوو کە لەکاتی دروست بوونی پشێوی و جەنگ و دروستبونی کێشە لە گەیاندنی نەوت بتوانن سودی لێ ببینن، لەکاتی ناکاودا بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
کۆگاکانی ئەمباری ستراتیجی ئەمەریکا بەشێوەیەکی سەرەکی کەوتونەتە چوار ناوچەوە، دوانیان لە ویلایەتی تەکساس و دوانی تریشیان لە ویلایەتی لویزانایە. ئەم ئەمبارە ستراتیجیانە دەکەوێتە ئەشکەوتەکانی خوێ وە کە لە ژێر زەویە بەقووڵی کیلۆمەترێک، تائێستا تێچوی زۆر کەمترە لە ئەمبارەکانی سەرزەوی و پێکهاتەی کیمیاوی و فشاری جیۆلۆجی ناهێڵێت نەوتە ئەمبارکراوەکە دزەبکات.
ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین ئەمباری ستراتیجی نەوتە لە جیهاندا کە توانای ئەنبار کردنی ٧٢٧ ملیۆن بەرمیلی هەیە و بەدوای ئەودا چین دێت.
چین: گەرچی لە ساڵی ٢٠٠٧ە وە دەستی کردووە بە ئەمباری ستراتیجی ئێستا دووەم گەورەترین وڵاتی جیهانە، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەمباری ستراتیجی بڵاو ناکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٧ چاوەڕێ دەکرا توانای ئەمباری چین زیاد لە ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل بووبێت. چین بە بەردەوامی لەهەوڵی فراوانکردنی توانای ئەمبارکردندایە.
ژاپۆن بەپلەی سێهەم دێت و توانای ئەمباری ٣٢٤ ملیۆن بەرمیلی هەیەو دواتر کۆریای باشوور و پاشان ئیسپانیا و هیندستان دێن لەتوانای ئەمبارکردندا.