ڕوونبین
ماوەی دوو ڕۆژەدی ڕابوردوو لیژنەی تەکنیکییەکانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی نەوت دەکەن و داتاکان شیدەکەنەوە و خوێندنەوە بۆ ئاستی خواست، نەوتی کۆگاکراو، بارودۆخی کۆڤید١٩ و بوژانەوەی ئابوری دەکەن. هەروەها لە پەراوێزدا گفتوگۆی بەردەوام بۆ گەشتن بە زەمینەیەکی هاوبەش تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢١/٣/٤دا وەزاری هاوپەیمانییەکە بگەن بە بڕیارێک کە هەموان رازی بکات.
کۆبونەوەکەی ئۆپیک پلەس بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیارە، – بەرهەم زیاد بکەن یان لەئاستی خۆیدا بیهێڵنەوە؟
– ئەگەر بەر هەم زیاد بکەن بە چ میکانیزمێک بێت و بڕەکەی چەند بێت؟ تاوەکو بازاڕ توشی شۆک نەبێت.
ئەگەری زیاد کردنی بەرهەم بەهێزترە لەگەڵ ئەوەی کە هێشتنەوەی بەم ئاستەی ئێستا لاوازە بەڵم ئەگەرێکی کراوەیە. ڕۆژی چوارشەممە وتووێژەکان لە نێوان دوو وڵاتە کاریگەرەکە لەنێو هاوپەیمانییەکەدا (سعودیەو ڕووسیا) بەردەوام بوو بۆگەشتن بە زەمینەیەکی هاوبەشی بڕیاردان.
جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک لەگەڵ ئەوەی ئێستا وەزیری نەوت نییە بەڵام تائێستا بڕیاردان لەگەڵ هاوپەیمانی یەکە لای ئەوە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی بارودۆخەکە تەمو مژاوییە بەڵام زۆر جیاوازترە لە ساڵێک لەمەو بەر و تەنانەت لە پایزی ساڵی ڕابردوش. ناوبراو لەگەڵ زیادکرنی بەرهەم دایە تاوەکو بازاڕ توشی کورتهێنانی زۆر نەبێتەوە.
لەلایەکی تر سعودییە هەستیارانە تر مامەڵە دەکات و پارێزگارترە لە زیادکردنی بەرهەم، پێی وایە دەبێت زۆر وریابن لەبڕیارداندا و پەلە نەکەین لە زیادکردنی بەرهەم. لەمانگی کانوونی دووەمی ڕابوردودا دوایڵئەوەی ڕوسیاو سعودییە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەم ڕێک نەکەوتن سعودیە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراوی دا بەکەم کردنەوەی خۆبەخشانەی یەک ملیۆن بەرمیل و لەهەمان کاتدا ڕووسیاش ڕێگەی پێدرا کە بەرهەمی بەڕێژەیەک زیاد بکات، بەم بڕیارە توانی پارێزگاری لە یەکڕیزی هاوپەیمانییەکە بکات و پارێزگاری لە هێشتنەوەی نرخ بە بەرزی بکات. ئەگەر چی لەماوەی ڕابوردوو ڕوسیا نەیتوانیوە بەهۆی ساردی کەشوهەوا وە ئەبڕە زیادە بخاتە بازاڕەوە بەڵام چاوەڕێ دەکرێت داوای زیادکردنی زیاتری بەرهەمی وڵاتانی هاوپەیمانییەکە بکات.
چاودێرانی بازاڕی نەوت پێیان وایە کە بازاڕ توانای هەڵ مژینی ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی هەیە. واتە گەر ئۆپیک پلەس بڕیار بدات ئەمڕۆ بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لەمانگی نیساندا بەیەکەوە زیاد بکەن بۆ بازاڕ و سعودییەش ئەو یەک ملیۆن بەرمیلەی بە خۆبە خشانە کەمی کردووە بخاتەوە بازاڕ هیچ کێشەیەک بۆ نرخی نەوت دروست ناکات.
ئەوەی لە سعودیە چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر بڕیار بدات ئاستی بەرهەمی زیادبکات، ئەوکات بە قۆناغ بەندی بڕی ئەو یەک ملیۆنەی کەمی کردووەتەوە بخاتەوە بازاڕ.
چاوەکان لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆی هاوپەیمانییەکەیە کە بە چ بڕیارێک دێنە دەرەوە. بەڵام ئەوەی ڕوونە هیچ لایەک نایەوێت سیناریۆی ساڵی پێشوو دوبارە ببێتەوە، گەرچی بارودۆخی ئێستا جیاوازە لەگەڵ پارەدا گەرچی هەموو ئەگەرەکانی کراوەن بەڵام زەمینەی رێکەوتن لەسەر زیادکردنی بەرهەم لەبارترە.
بەهۆی بەکارهێنانی پێکوتەی کۆڤید ١٩ لە زۆرێک لەوڵاتانی جیهان و کەم بونەوەی ئەمباری نەوتی جیهانی و زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە هیندستان بۆ ئاستێکی پێوانەیی و کەمبونەوەی ئەمباری سوتەمەنی لە ئەمەریکا لەگەڵ پابەندییەکانی ئۆپیک پلەیس هەموو هۆکاربوون کە نرخی نەوت بە بەرزی بمێنێتەوە. بازاڕی نەوت بازاڕێکی زۆر هەستیارە و بڕیارەکانی هاوپەیمانی یەکە کاریگەری گەورەی لەسەر دادەنێت.